ئیتالیا سانسۆری ئاینی و ئەخلاقی لەسەر بواری سینەما نەهێشت

هەمەڕەنگ

10/04/2021‌ 453 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حکومەتی ئیتاڵیا ڕایگەیاند، کۆتایی بەو سیستمی سانسۆرە هێناوە کە لەساڵی 1914وە لەسەر فیلمەکان جێبەجێکراوە، بەشێوەیەک چەندین شاکاری گەورەی سینەمایی وەک "زە لاست تانگۆ ئین پاریس" ڕووبەڕووی بوونەوە.

بەپێی بڕیارەکە ئیتر نمایشکردنی هیچ جۆرە فیلمێک لەسینەماکان قەدەغەناکرێت‌و لەسەر بنەمای دینی‌و ئاکاریی لێی نابڕدرێت‌و دەستکاری ناکرێت، بەڵکو لەجیاتی ئەوە لیژنەیەک لەوەزارەتی رۆشنبیری ئەو وڵاتە پۆلێنی کارە سینەماییەکان دەکات‌و لەسەر بنەمای ئەو چینە تەمەنی دەکرێت سەیری بکەن دابەشدەکرێت.

باس لەوەکراوە، لیژنەکە لە49 ئەندام پێکهاتووە، لەناویاندا پسپۆڕانی بواری پیشەسازی سینەماو پاراستنی ناکامەکان‌و نوێنەری کۆمەڵەکانی دایکان‌و باوکان‌و گرووپەکانی پاراستنی ئاژەڵان.

لای خۆیەوە داریۆ فرانسیشینی، وەزیری ڕۆشنبیریی ئەو وڵاتە لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی ڕاسترەو پێشوازی لەو هەنگاوە کردووەو لەبەیاننامەیەکدا وتویەتی:"بەیەکجارەکیی دەستتێوەردانی دەوڵەت لەئازادی داهێنانی هونەرمەندان کۆتایی دێت".

هەروەک ئیلینا بۆیرۆ بسپۆڕی بواری سینەمای ئیتاڵی بەئاژانسی "فڕانس پرێس"ی وتووە، "نەهێشتنی سانسۆر لەسەر سینەما هەنگاوێکی گرنگ‌و مێژووییە بۆ سینەمای ئیتاڵی، هەرچەندە دواشکەوت".

هەرچی دەرهێنەر بۆبۆ ئاڤاتی کە فیلمەکەی (بۆردێللا) لەسەر درووستکردنی کۆمپانیایەکی ئەمریکی جیهانی بۆ خانەی لەشفرۆشیی لەمیلانۆی ئیتاڵیا بوو، لەساڵی 1975 بوو بەقوربانی ئەو سانسۆرە، لەوبارەیەوە وتویەتی:"بڕیارەکە نیشانەی هەستکردنە بەلێپرسراوێتیی، ئەوە مانای وایە ئێمە پێگەیشتووین".

لەماوەی سەدەی رابردوودا، ژمارەیەکی زۆر لەکارە سینەماییەکان سانسۆریان خراوەتەسەر، لەپێشەوە فیلمەکانی نووسەرو شاعیرو دەرهێنەر پیەر پائۆلۆ پاسۆلۆنی، فیلمی "زە لاست تانگۆ ئین پاریس" هی دەرهێنەری ئیتاڵی برناردۆ بیرتۆلۆچی لەگەڵ ئەکتەران مارلۆن براندۆی ئەمریکی‌و ماریا شنایدەری فەرەنسی.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی