چوار میوە بۆ توشبوانی نەخۆشیی شەکرە

تەندروستی

10/04/2021‌ 514 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پسپۆڕانی بواری تەندرووستیی دەڵێن، دەبێت تووشبووانی نەخۆشیی شەکرە بەئاگاییەوە خواردنەکانیان بخۆن‌و پەیڕەوی لەسیستەمێکی خواردنی تەندرووست بکەن، لەبەرئەوەی ئاستی شەکری ناو خوێنیان بەرزنەبێتەوە، بەوپێیەی هەندێک لەمیوەو خواردنەکان ڕێژەیەکی بەرزی شەکریان تێدایەو چەندین لێکەوتەی مەترسیدار درووستدەکەن.

لەو چوارچێوەیەدا پێگەی رۆژنامەی "ئێکسپرێس"ی بەریتانی بابەتێکی ئامادەکردووەو تێیدا باسی لەوەکردووە، هەندێک میوە هەیە پێیان دەوترێت "سوپەر فوود"، لەبەرئەوەی ڕێگری لەبەرزبوونەوەی ئاستی شەکرەی ناو خوێن دەکەن.

لەڕاپۆرتەکەی پێگە بەریتانییەکەدا هاتووە، خواردنی مزرەمەنییەکان باشترین ڕێگایە بۆ دوورکەوتنەوە لەبەرزبوونەوەی ڕێژەی شەکری ناو خوێن، بەشێوەیەک وەک سووکە ژەمێکی نموونەیی نەخۆشانی شەکرە هەژماردەکرێت.

ڕاپۆرتەکە ڕوونیکردۆتەوە، لەناو میوە مزرەکاندا، پرتەقاڵ، سندی، لیمۆو نارنج دەوڵەمەندن بەڤیتامین سی، بەشێوەیەک یەک دانە پرتەقاڵ ئەوەندە لەو ڤیتامینەی تێدایە کە ڕۆژانە کەسێک پێویستییەتی‌و دەبێتە هۆی هاوسەنگکردنی پەستانی خوێن.

لەمیوەکانی تر کە بۆ نەخۆشانی شەکرە بەسوودە بریتییە لەتوو، بەوپێیەی دەوڵەمەندە بەپێکهاتەی ئەنسۆسیانین کە کار لەسەر بەرگریکردنی ئەنسۆلین‌و باشکردنی هەستەوەری بەرامبەر بەئەنسۆلین.

پسپۆڕان دەڵێن تووی شین (بلووبێری)و فراولە یەکێکن لەخواردنە تەندرووستەکان کە کار لەسەر کۆنترۆڵکردنی ئاستی شەکرەی ناو خوێن دەکات.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی