کەی پێویستە دەوالی قاچەکان لاببرێن؟

تەندروستی

10/04/2021‌ 402 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمەڵەی ئەڵمانی بۆ پزیشکی‌و نەشتەرگەریی لوولەکانی خوێن دەڵێت: دەوالی قاچەکان هەر تەنها دیمەنێکی ناشرین بەقاچەکان نابەخشن، بەڵکو هەندێکجار گرفتی تەندرووستیشیان بەدوادادێت.

کۆمەڵەکە دەڵێت، بۆرییە خوێنهێنەرە ئاساییەکان زمانەیان تێدایە، كە ڕێگە بەبەرەو پێشچونی خوێن دەدات، بەڵام ناهێڵێت بەرەو دواوە بگەڕێتەوە، بەڵام لەباری تووشبوون بەدەوالیدا، زمانەكان كارایی لەدەستدەدەن‌و لەئەنجامدا خوێن بەرەو دواوە دەگەڕێتەوەو بەتێپەڕبوونی كات خوێنهێنەرەكە لەو شوێنەدا دەئاوسێت‌و پێچ دەخوات.

 ئاماژەی بەوەکردووە، نەخۆشییەکە دەبێت هۆی قورسبوونی قاچەکان‌و گرژبوون‌و سڕبوون‌و درووستبوونی ئازار تێیاندا.

لەبەشێکی تردا کۆمەڵەکە دەڵێت ڕەنگە دەوالی قاچەکان ببێتە هۆی هەوکردنی لوولە خوێنهێنەرەکان‌و درووستبوونی برینی پێست‌و جەڵتەی قاچەکان‌و جەڵتەی سییەکان، بۆ دوورکەوتنەوە لەو حاڵەتانەش واباشترە لەڕێگای نەشتەرگەرییەوە دەربهێنرێن.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی