لێکۆڵینەوەیەکی ئێرانی مەترسییەکانی خواردنەوەی چای گەرمی ئاشکراکردوە

تەندروستی

10/04/2021‌ 332 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پسپۆڕانی تەندروستیی دەڵێن چای شیرین نەکراو گەلێک سوودی تەندرووستیی بۆ جەستەی مرۆڤ هەیە، لەبەرئەوەی دەوڵەمەندە بەدژە ئۆکسێنەکان‌و ڕێگری لەدەرکەوتنی نەخۆشییە درێژخایەنەکان دەکات‌و یارمەتیی چاکبوونەوەی خانەکانی جەستە دەدات.

بەڵام بەگوێرەی پێگەی تەندرووستیی "هێلس لاین" هەندێک لەلێکۆڵینەوە نوێکان پەیوەندیان دۆزیوەتەوە لەنێوان خواردنەوەی چای گەرم‌و تووشبوون بەچەند جۆرێکی دیاریکراو لەنەخۆشیی شێرپەنجە، لەکاتێکدا بەشێکی تریان دەڵێن چای گەرم هەر بەتەنها نابێتە هۆی تووشبوون بەشێرپەنجە، بەڵکو لەگەڵ فاکتەرەکانی تردا ئەگەری تووشبوون بەو نەخۆشییە زیاد دەکات.

لەو چوارچێوەیەدا، لێکۆڵینەوەیەکی نوێی ئێرانیی تێبینیکردووە، ئەوکەسانەی رۆژانە 700 ملیگرام چای گەرم دەخۆنەوە کە پلەکەی لە 65 پلەی سەدی‌و بۆسەرەوە بێت، ئەوە بەڕێژەی لە90% مەترسیی تووشبوون بەشێرپەنجەی قوڕگیان لەکەسانی تر زیاترە.

پسپۆڕانی تەندرووستیی دەڵێن هەموو جۆرە خواردنەوە زۆر گەرمانەکان، نەوەک هەر تەنها چا، مەترسیی تووشبوون بەشێرپەنجەی قوڕگ زیاد دەکات، لەوانە ئاوی گەرم‌و قاوەو شۆکۆلاتەی گەرم.

لێکۆڵینەوەکە دەڵێت: بۆ زانینی هۆکاری تووشبوون بەشێرپەنجەی قوڕگ لەڕێگای خواردنەوەی چای گەرم و خواردنەوە گەرمەکانی ترەوە، پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی بەدوداچوونی زیاترە، بەڵام یەکێک لە گریمەکان ئەوەیە کە بەوپێیەی چای گەرم ناوپۆشی قوڕگ لەناودەبات و ئەمە وادەکات ئەو ماددانەی هۆکاری تووشبوونن بە شێرپەنجە وەک کحوول و دوکەڵی جگەرە بەئاسانتر دەچنە ناوییەوە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی