میسر: دۆزینەوەی شارێکی شوێنەواریی لەژێر لمدا

هەمەڕەنگ

10/04/2021‌ 574 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تیمێک لەزانا شوێنەوارناسەکانی میسر لەناوچەی ئەقسەری باشووری ئەو وڵاتە، شارێکی بزربوویان لەژێر لمدا دۆزیوتەوە کە بەگەورەترین شاری مێژوویی لەو وڵاتە هەژماردەکرێت، هەروەک بەگوێرەی لێدوانی زاهی حەوواسی زانای شوێنەوارناسی میسری، مێژووی شارەکە بۆ سەردەمی فیرعەون ئەنمنحوتەبی سێیەم لەهەزارەی سێیەمی پێش مێژوو دەگەڕێتەوە.

لەبەیاننامەی تیمە شوێنەوارییەکەی میسردا هاتووە : تیمێکی شوێنەوارناسی میسری بەسەرۆکایەتیی زاهی حەوواس لەناوچەی ئەقسەر، شاری مێژوویی " هەڵکشانی ئاتوون"یان دۆزیوەتەوە کە مێژووەکەی بۆسەردەمی ئەمنحوتەبی سێیەم دەگەڕێتەوە، کە لەسەردەمی فیرعەون توت عەنخ ئاموون لە سی هەزار ساڵ لەمەوبەریش بەکارهێنراوە.

بەیاننامەکە باسی لەوەکردووە کە شارە دۆزراوەکە گەورەترین شاری مێژووییە تاوەکو ئێستا لەمیسر دۆزرابێتەوە، کە لەسەردەستی یەکێک لە مەزنترین دەسەڵاتدارەکانی میسر بنیادنراوە کە ئەویش ئەمنحوتەبی سێیەمە کە لەنێوان ١٣٩١ بۆ ١٣٥٣ ی بەر لە زاینن فەرمانڕەوایی میسری کردووە.

حەوواس ئەوەشی وتووە کە شارەکە لەسەردەمی ئیمپراتۆرییەتی میسری کۆندا گەورەترین نشینگەی ئیداری و پیشەسازی بووە لەبەری رۆژئاوای شاری ئەقسەر .

لەمانگی ئەیلوولی ساڵی رابردووەوە تیمە شوێنەوارییەکە لەناوچەی نێوان پەرستگای رەمسیسی سێیەم و شاری هابۆ و پەرستگای ئەنمحوتەبی سێیەم لە پاریزگای ئەقسەر دەستیان بە پرۆسەی گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوەی پەرستگای توت عەنخ ئاموون کردووە، بەڵام لەماوەی چەند هەفتەیەک کارکردندا بەشێک لە شارەکە دەستی بەدەرکەوتن کردووە.

لای خۆشییەوە بیتسی بریان مامۆستای زانستە میسرییەکان لە زانکۆی جۆنز هۆپکنزی ئەمەریکی وتویەتی: دۆزینەوەکە گەورەترین دۆزینەوەی شوێنەواریی گرنگە لەدوای دۆزینەوەی گۆڕی توت عەنخ ئاموون.

بەیاننامەکە ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە نەخشە هیرۆگڵیفییەکان لەسەر قاپ و قاچاخ و ئەنگوستیلە و خشتە قوڕەکان دەریدەخات کە بۆسەردەمی فیرعەون ئەمنحوتەبی سێیەم دەگەڕێتەوە.

باس لەوەشکراوەکە شارەکە لە سێ کۆشکی شاهانەیی ئەمنحوتەبی سێیەم و ناوەندێکی ئیداری و پیشەسازیی ئیمپراتۆرییەتەکە پێکهاتووە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی