سه‌رۆك و ئه‌ندامانى دادگاى فیدڕاڵى سوێندى ياساييان خوارد

عیراق

11/04/2021‌ 800 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:


ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢١/٤/١١ لە مەراسیمێکدا سەرۆک و ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی لە بەردەم د.بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق سوێندی دەستووریان خوارد، بەیٔامادەبوونی دادوەر فائق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری
.

له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكى سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى عێراقدا هاتوه‌،  سەرۆک کۆمار بۆ ئەندامانی دادگای باڵای فیداڵی رایگەیاند، عێراق هەنگاوێکی گرنگی بڕیوە بۆ تەواوکردنی یەکێک لە گرنگترین دامەزراوە دەستوورییەکانی، ھەروەھا ئاماژەشیکرد بەوەی دادگای باڵای فیدراڵی پارێزەرێکی ئەمینە لەسیستەمی دیموکراسی و پاراستنی ماف و ئازادییە گشتییەکان و زامنکردنی جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی دەستوور و چاودێریکردنی یاسا و دەستوور و سیستەمی حکومڕانی.

ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو سه‌رۆك كۆمار به‌ ئه‌ندامانى دادگاكه‌ى ڕاگه‌یاندوه‌، پێکهێنانی دادگای باڵای فیدراڵی هەنگاوێکی گرنگ و بنەڕەتییە بە ئاڕاستەی تەواوکردنی داواکارییە یاسای و دەستوورییەکان بۆ یٔەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رووەو جێبەجێکردنی داواکارییە نیشتمانییەکان و ھێنانەدی داوا رەواکانی خەڵک و پێویستی رەخساندنی زەمینەی لەبار و گونجاو و زامنکردنی ھەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکی پاک و بێگەرد دوور لە ساختەکاری و فرتوفێڵ، بەجۆرێک گوزارشت بێت لە خواستی راستەقینەی دەنگدەران، لەپێناو ھێنانەکایەوەی قۆناغێکی نوێ لە رێگەی بونیادنانەوەی پرۆسەی سیاسی و کۆتایی ھێنان بە قەیران و ناکۆکییەکان و زامنکردنی سەقامگیری و یٔارامی لە داهاتوودا.

له‌ڕابردودا له‌دواى پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى عێراق پرۆژه‌  یاساى دادگاى فیدڕاڵى زۆرترین مشت و مڕى لێكه‌وته‌وه‌و به‌هۆى ئه‌وه‌ نه‌توانرا یاسایه‌كى نوێ بۆ دادگاى فیدڕڵى ده‌ربكرێت و یاسا كۆنه‌كه‌ هه‌مواركرایه‌وه‌.


ئ.ق