لینۆڤۆ مۆبایلێکی تایبەت بە یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەردەکات

هەمەڕەنگ

11/04/2021‌ 216 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمپانیای لینۆڤۆی چینی دووەم مۆبایلی خۆی لە مۆدێلی "لیگۆن دۆلی" دەرکرد کە تایبەتە بە یارییەڤیدیۆییەکان، کە ساڵی رابردووش ڤێرژنی یەکەمی ئەو مۆبایلەی لەژێر ناوی "لیگۆن فۆن دۆل ١" دەرکردبوو.

ڤێرژنی دووەمی مۆبایلەکەی لینۆڤۆ لەژێر ناوی "لیگۆن فۆن دۆل ٢" دەرکراوە لە بەوە جیادەکرێتەوە تایبەتمەندی نوێی بۆ زیادکراوە کە دەتوانرێت زۆر بەشێوەیەکی بەچێژترەوە یارییەکانی پێئەنجام بدرێت.

شاشەی مۆبایلەکە ٦،٩ ئینچە و لە شاشەی یەکەم مۆبایل گەورەترە، بەشێوەیەک هەموو ڕووی ئامێرەکەی داپۆشیوە، جگە لەوەی مۆبایلەکە بەوە جیادەکرێتەوە کە دوو پاتری لەبەشی پشتەوەیدا هەیە لەگەڵ دوو دەرچەی تایبەت بە USB، لەگەڵ دوو دەرچەی تایبەت بە بارگاویکردنەوە کە دەکرێت لەماوەی ٣٠ خولەکدا بەڕێژەی لەسەدا ١٠٠ بارگاوی بکرێتەوە.

مۆبایلەکە دوو کامێرای هەیە کە یەکێکیان لەبەشی پشتەوەیدا و ئەوەی تریشیان لەڕێگای دەستداگرتن لەسەر دوگمایەک دێتەدەرەوە، کە تایبەتە بە گرتنی وێنەی سێڵفی.

یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی مۆبایلەکەی لینۆڤۆ ئەوەیە کە دوو پانکەی هەیە بۆئەوەی لەکاتی کارپێکردنیدا پڕۆسێسەرەکەی سارد بکاتەوە.

کۆمپانیاکە رایگەیاندووە کە لەگەڵ ئەوەی ئامانجی سەرەکیی درووستکردنی مۆبایلەکە یارییە ڤیدیۆییەکانە، بەڵام دەتوانرێت هەموو ئەو کارانەشی پێبکرێت کە مۆبایلە ئاساییەکانی تر پێیدەکەن.

هەرچی نرخەکەشیەتی ئەوە لە ٩٥٠ دۆلارەوە دەستپێدەکات، بەڵام تاوەکو تایبەتمەندییەکانیشی زیاتر ببێت، نرخەکەشی بەرزتر دەبێتەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی