بەهۆی ڕوداوی کورسییەکەی کۆشکی سەرۆکایەتی تورکیا بەرپرسێکی ئەوروپا خەوی لێناکەوێت

جیهان

12/04/2021‌ 2733 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا ڕایگەیاندووە، لەوکاتەوەی ڕووداوەکەی کۆشکی سەرۆکایەتیی تورکیا ڕوویداوە بەوەی هیچ کورسییەک لەتەنیشت ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە بۆ ئورسلا ڤۆن دێر لینی سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا دانەنرابوو، خەو لەچاوەکانی زڕاوە.


شارل میشالی سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا بەڕۆژنامەی "هاندلسبلات"ی ئەڵمانی وتووە، "نایشارمەوە لەوکاتەوە باش خەوم لێناکەوێت، لەبەرئەوەی دیمانەکە لەبەرچاوم لاناچێت".

لەدیمەنێکی ڤیدۆیی ڕووداوەکەدا دەردەکەوێت کە سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا بۆماوەیەک تووشی حەپەسان دەبێت بەوەی لەپاڵ ئەردۆغان‌و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا کورسی بۆ تەرخاننەکراوە، لەکۆتاییشدا لەسەر قەبەفەیەکی کەمێک دووری هەردوو سەرۆک دادەنیشێت.

بەپێی قسەی ڕۆژنامە ئەڵمانییەکە، میشال وتویەتی خۆزگە کات دەگەڕایەوە بۆئەوەی بابەتەکەیان چاک بکردایەتەوە.

ڕووداوەکە قەیرانێکی دیبلۆماسیی لەنێوان ئیتاڵیاو تورکیادا درووستکرد، بەشێوەیەک ماریۆ دراگی سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا ئەردۆغانی بەکەسێکی زۆردار وەسفکرد کە هەر ناچاریشن مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.

لەبەرامبەردا تورکیا لەسەر زاری مەولوود چاوش ئۆغڵوی وەزیری دەرەوە سەرۆکۆنەی ئەو دەستەواژانەی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیای کردو بەتۆمەتی زۆردارانەی دژ بەتورکیا وەسفکرد، جەختیشیکردەوە، "ڕێکخستنی دانیشتنەکە لەلایەن ئەوروپاییەکانەوە پێشنیازکراوە، بەوپێیەی ئیدارەی پرۆتۆکۆڵی هەردوولا بەر لەدانیشتنەکان کۆبونەتەوەو لەسەر ئەو شێوازە لەدانیشتن ڕێککەوتوون".

لەبەرامبەردا، فەرمانگەی پرۆتۆکۆڵی ئەنجوومەنی ئەوروپا ڕەتیکردەوە کە ئەوان پێشنیازی ئەو جۆرە ڕێکخستنەیان کردبێت‌و ئاماژەیان بەوەکرد، پێش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە، ڕێگەیان پێنەدراوە سەردانی هۆڵەکە بکەن‌و شێوازی دانیشتنەکە ڕێکبخەن.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی