ڕوداوی وێستگەی ناوەکیه‌كه‌ى ئێران ڕێکەوت بوو یان هێرشێکی دەرەکیی؟

مەلەفی تایبەت

12/04/2021‌ 943 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا لەیەکەم کاردانەوەدا بەرامبەر بەڕووداوەکەی "وێستگەی ناوەکی ناتانز" وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ناوەکیی ئێرانی ڕایگەیاند، ڕووداوەکە بەهۆی گرفتێکەوە بووە کە لەلەبەشی دابەشکردنی کارەبای دامەزراوەکەدا ڕوویداوە، هەروەک سەرۆکی تیمی ڕاسپێردراو بەلێکۆڵینەوە لەڕووداوەکەش ڕایگەیاند، هێشتا هەڵسەنگاندن بۆ بوونی ئەگەری جیاواز دەکەن، لەبەرامبەریشدا دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئیسرائیلی واپیشانی دەدەن کە ڕووداوەکە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەستی تەلئەبیبی تێدابووەو لەلایەن هەواڵگری ئەو وڵاتەوە ئەنجامدراوە.

لەوچوارچێوەیەدا سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ناوەکیی ئێران ئاماژەی بەوەکردووە، ئامانج لەڕووداوەکەی وێستگەی ناوەکیی ناتانز ڕێگریکردنە لەپێشکەوتنی توانا ناوەکییەکی ئێران‌و ئاستەنگ درووستکردن بۆ دانوستانەکانی ئەمدواییە لەبارەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران، کە ئەوەش مانای ئەوەدەگەیەنێت کە ئەگەری ئەوەی پرۆسەکە کارێکی تیدەرانە بووبێت، لەئەگەرەکانی تر بەهێزترە.

ئەگەر گریمانەی ئەوە بەڕاست دابنرێت کە ڕووداوەکە بەهۆی هێرشێکی ئەلیکترۆنیی دەرەکییەوە بووبێت، لەژێر سایەی نەیارێتی سەختی ئیسرائیل بۆ بەرنامەی ناوەکیی ئێران، ئەوە هیچ گومان بۆئەوە نامێنێتەوە کە ئێران پەنجەی تۆمەت ئاستەی تەلئەبیب دەکات، بەتایبەت کە بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیری ئیسرائیل سەبارەت بەگفتوگۆکانی ژنێڤ لەبارەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران ڕایگەیاند، "ئەوە مەترسییە لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل‌و ئەوان پێیەوە پابەندنابن".

هەروەک بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕووداوەکە هاوکاتبوو لەگەڵ سەردانی وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ ئیسرائیل‌و سەردانی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل بۆ ئەمریکا لەلایەک‌و بەئامانجگرتنی کەشتییەکی ساڤیزی ئێرانی لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ژنێڤ‌و جەختکردنەوەی ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"بەوەی ئیسرائیلییەکان پێشوەختە ئەمریکایان لەڕووداوەکە ئاگادارکردۆتەوە، مانای وایە ئەمریکا بەتەواوەتیی بەو هێرشانەی ئیسرائیل ڕازییە.

باس له‌وه‌شكراوه‌، ئه‌مریكا دەیەوێت بەو هۆیەوە گوشار بخاتەسەر ئێران بەوەی بەهەڵگرتنی بەرەبەرەی سزاکانی سەری ڕازیبێت، نەوەک سووربوونی لەسەر هەڵگرتنی سەرجەمی سزا سەپێنراوەکان لەیەک کاتدا.