شارپرێس:
بەگوێرەی پێگەی "زڤیزدا"ی ڕووسی، پزیشکێکی پسپۆڕیی نەخۆشییەکانی گورچیلە هۆشداریداوە لەزیادەڕەویکردن لەخواردنەوەی ئاو، لەبەرئەوەی حاڵەتێک دروستدەکات کە پێی دەوترێت "ژەهراویبون بەئاو".
ئانا کۆرۆرۆبکینا پزیشکی نەخۆشییەکانی گورچیلە لەڕووسیا جەختیکردۆتەوە، زیادەڕەویکردن لەخواردنەوەی ئاو کاریگەریی نەرێنیی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دەبێتو حاڵەتێک دروستدەکات کە پێیدەوترێت"ژەهراویبوون بەئاو"، کە ئهوهش حاڵەتێکە ئاستی چڕی ئەلیکترۆلیتی لەجەستەدا کەمدەکاتەوە کە جوڵەی ڕەگەزە خۆراکییەکان لەناوخانەکانی جەستەدا بەهێزدەکاتو کار لەسەر دەردانی بەرهەمە زیندەپاڵییەکان دەکات.
کۆرۆبکینا ڕوونیکردۆتەوە، دەبێت هاوسەنگی شلە لەناو خانەکانو لەنێوان خانەکاندا بپارێزرێت، بەڵام ئەگەر بەیەکجار بڕێکی زۆر ئاو بخورێتەوە ئەوە شلەیەکی زۆر لەدەرەوەی لوولەکانی خوێندا کەڵەکە دەبێتو گرژبوونو دڵتێکەڵهاتنو تێکچوونی هاوسەنگی لێدەکەوێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، زیادەڕەویکردن لەخواردنەوەی ئاو بەیەکجار، دەبێتە هۆی وێرانکردنی پڕۆتینەکانو دروستبوونی مەترسیی لەسەر دڵ، لەبەرئەوەی ئاستی پۆتاسیۆم لەخوێندا کەمدەبێتەوە، هۆشداریشیداوە لەوەی کەمبوونەوەی ئاستی پۆتاسیۆم لەناو جەستەدا، ڕەنگە بگاتە ئاستی روودانی سەکتەی دڵ.
پزیشکە ڕووسییەکە ڕوونیکردۆتەوە کە بۆ هەر کیلۆگرامێکی جەستە خواردنەوەی 30 ملیگرام ئاو بڕێکی نموونەییە، واتە ڕۆژانە یەک کوپ ئاو بۆ هەر 10 کیلۆگرام.
ئامادەکردن : ئاکۆ ئاڵی