لێکۆڵینەوەیەکی نوێ: ڤاکسینی فایزەر بەرامبەر بەکۆڕۆنای گۆڕاوی ئەفریقای باشور لاوازە

تەندروستی

12/04/2021‌ 368 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 

بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی نوێی ئیسرائیلی کە توێژەرانی زانکۆی تەلئەبیب‌و ناوەندی کلاکێت بۆ لێکۆڵینەوەکان ئەنجامیانداوە، دەرکەوتووە، ئەو زنجیرە نوێیەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا کە لەوڵاتی ئەفریقیای باشوور دۆزراوەتەوە، تاڕادەیەک دەتوانێت ئەو بەرگریانە تێکبشکێنیت کە ڤاکسینی فایزەرى بیۆنتیک لەناو جەستەی کەسەکاندا درووستیدەکات.

لێکۆڵینەوەکە کە ئەنجامەکانی رۆژی شەممە بڵاوکراوەتەوەو هەڵسەنگاندنی بۆ نزیکەی 400 کەس کردووە کە دوای 14 ڕۆژ لەکوتانیان بەدوو ژەم یان ژەمێکی بەڤاکسینی فایزەر تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لەگەڵ گرووپێکی تر کە بەهیچ جۆرە ڤاکسینیک نەکوتراون.

لەبەشێکی لێکۆڵینەوەکەدا باس لەوەکراوە، ڤایرۆسە گۆڕاوەکەی باشووری ئەفریقیا نزیکەی تەنیا لە1%ى ئەو حاڵەتانە بووە کە خراونەتە ژێر لێکۆڵینەوەکەوە، بەڵام ئەوەی جێیی سەرنجە کە بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە ڤایرۆسە لەناو ئەوانەی بەڤاکسینی فایزەر کوتراون لە5.4% بووە، لەکاتێکدا ئەوانەی نەکوتراون تەنها لە0.7% ئەو شێوە گۆڕاوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنایان لەناودا بڵاوبۆتەوە.

لای خۆیانەوە لێکۆڵەران وتویانە، ڤاکسینی فایزەر-بیۆنتیک بەرامبەر بەشێوەی گۆڕاوەکەی ئەفریقیای باشوور کارایی کەمتر بووە ئەگەر بەرواورد بکرێت بەکۆڕۆنا ئەسڵییەکەو ئەو کۆڕۆنایەی لەوڵاتی بەریتانیا دۆزراوەتەوە.

لەوبارەیەوە تویژەر ئەدی ستێرن وتویەتی:"دۆزینەوەی ڕێژەیەکی بەرزی تووشبووان بەزنجیرە گۆڕاوی ڤایرۆسی کۆڕۆنای ئەفریقای باشوور لەناو ئەوکەسانەی ژەمی دووەمی ڤاکسینی فایزەریان وەرگرتووە بەراورد بەوانەی بەڤاکسینەکە نەکوتراون، مانای وایە ڤایرۆسەکە دەتوانێت ئەو بەرگرییە ببڕێت کە ڤاکسینەکە لای کەسەکان درووستیکردووە".

لەگەڵ ئەوەشدا توێژەرە ئیسرائیلییەکان وتویانە، "لێکۆڵینەوەکە لەسەر گرووپێکی بچووکی تووشبووان بەڤایرۆسی گۆڕاوی ئەفریقیای باشوور کراوە، بەوپێیەی ئەو جۆرە ڤایرۆسە بەڕێژەیەکی زۆرکەم لەوڵاتی ئیسرائیل بڵاوبۆتەوە، بۆیە بابەتەکە پێویستی بەلێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە".