شارپرێس:
لەئێران زنجیرەی "ن.خ"ی کوردی لەڕاپرسیەک بۆ زنجیرە پڕبینەرەکانی ئەو وڵاتە پلەی یەکەمی زۆرترین بینەری بەدەستهێنا.
لەبارەی ئەم زنجیرەوە "سەعید ئاقاخانی" کە دەرهێنەری کوردی زنجیرەکەیە دەڵێت، هەستمکرد کە کەلتوورو بەرهەمی فلیمو زنجیرەی کوردی، بەتایبەت ئەویش بەشێوازی فلیمی زنجیرەیی لەئاستیTVو کەناڵی ناوچەیی(مەحەلی) زیاتر لەئێراندا نەڕۆیشتووەو جێگای بەتاڵبوو، لەگەڵ ئەمانەشدا بەس خەڵکی ناوچە کوردنشینەکان لەم کەلتوورە جوانەی زوبانو فەرهەنگی کوردیی سودمەند دەبوونو لەتیڤییە حکومییە سەرتاسەریهکانی ئێران پەخشنەدەکران، بۆیە بڕیاری دەرهێنانی ئاوا فلیمێکی زنجیرەییمدا.
ئەو زیاتر لەمبارەوە دەدوێتو دەڵێت:"بەپێشنیازکردنی ئەم زنجیرەیهو کارکردنی شەوانەو ڕِۆژانە لەناوچەکانی کرماشان ئەویش بەبەشداری پێکردنی لە80%ی ئەکتەرانی کوردی فلیمەکە، ئەوەمان بەبینەرانی ئێران پیشاندا؛ کە دەکرێت زنجیرەیەکی کوردی بتوانێت شوێنی لەهەموو ماڵەکانی ئێراندا بکاتەوەو خەڵک بەدیارییەوە دابنیشێنێتو چێژی لێببینێت".
زنجیرەی "نون.خ" زنجیرەیەکی کۆمیدیو تەنز ئامێزی تەلەفزیۆنی سەرتاسەری وڵاتی ئێرانەو لەناوچەکانی کوردستانی ئەو وڵاتە کاری وێنەگرتنی بۆکراوە کە لەڕاپرسییەکی پڕۆگرامێکی بەناوبانگی ئەو وڵاتە بەناوی "سریاڵیست" کە لەئاستی هەموو وڵاتەکەدایە، توانیی پلەی یەکەمی پڕبینەرترین زنجیرەی تەلەفزیۆنیی ئەویش بەڕێژەی بە لە47%ی لەڕاپرسێکەدا بەدەستبێنێت.
ناوەڕۆکو چیرۆکی زنجیرەکە باسی کەسێک بەناوی "نورهدین خانزادە" دەکات کە بەرهەمی گۆڵەبەڕۆژەی جوتیاران لەناوچەکانی دەوروبەری کرماشان (کە ئەم ناوچەیە بەناوچەی بەرهەمی گوڵەبەڕۆژە ناسراوە) دەکڕێتو بەبازرگانێکی تر لەتاران بەناوی "جەنابی میرزایی" دەفرۆشێت؛ کە ئەویش لەم ئاڵوگۆڕی بازرگانیەدا بەرهەمەکان بۆ وڵاتی تورکیا هەناردە دەکات، بەڵام لەچانسو بەختی ئەوو خاوەن کێڵگەکاندا؛ بازرگانەکەی شاری تاران دەمرێت، لەوە بەدواوە هەر خاوەن کێڵگەی گۆڵەبەڕۆژەیەک بەشێوازێک دەیەوێت پارەی بەرهەمەکەی لەنورهدین وەربگرێتەوە، بەمشێوەیە دۆخی فیلمەکە کێشمەکێشو گرژی خاوەن کێڵگەو کڕیاری بەرهەمەکان هاوتەریب بەدونیای تەنزو کۆمیدی کارەکتەرەکان باڵ بەسەر زنجیرەکەدا دەکێشێت.
ئاقاخانی لەبارەی ناونانی فلیمەکە بەم دوو پیتەوە ئاماژەی بەوەدا، ن.خ کورتکراوەی "نورهدین خانزاد" کڕیاڕی بەرهەمی جوتیاران لەزنجیرەکەیەو خۆم لەپاڵ دەرهێنەری زنجیرەکەدا ئەم ڕۆڵە سەرەکییەی زنجیرەکەش دەگێڕمو بینەرێکی زۆر شەیدای ڕۆڵ بینینەکەی منو هاوڕێیانمن.
زنجیرەی ن.خ لەئێستادا دوو وەرزی زنجیرەکەی بەتەواوەتی لێ بەرهەمهێنراوەو ئەمساڵ لەڕۆژانی جەژنی نەورۆز لەوڵاتی ئێراندا پەخشکراو میوانی ماڵەکان لەدۆخی کەرەنتینەی وڵاتەکەدا بوو، کە توانیی ببێتە جوانترینو پڕبینەرترین زنجیرەکان.
گرنگی ئەم زنجیرە تەلەفزیۆنیە لەوەدایە، بەرهەمێکە دابو نەریتو کەلتووری کوردانەی ناوچە کوردنشینەکانی وڵاتی ئێرانی پێوەدیارەو کەلتووری زوبانی کوردی لەئێران خۆشەویستتر لەجارانی کردووەتەوە.
ئامادەکردن: یاسین نادر