شۆڕشەکانی کوردستان لەدیدی دکتۆر فایەق گوڵپییەوە

مەلەفی تایبەت

12/04/2021‌ 1166 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: ئەردەڵان عەبدوڵڵا
دکتۆر فایەق گوڵپی یەکێکە لە تێکۆشەرە دێرینەکانی هەرێمی کوردستان و بەشداری خەباتی ناوشارو شاخی کردووەو دواتریش ئەندامی خوولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان بووەو پاشانیش بەشداری خەباتی مەدەنی کردووەو ماوەی چەند ساڵێکیشەوە وەکو چالاکوانێک بەشداری ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دەکات.  جگە لەوەش  لە خێزانێکی تێکۆشەر بووە " حەمە گوڵپی" باوکی، نموونەی ئازایەتی و گیانفیدایی بووە. کاروانی خەباتی دکتۆر فایەق جیاوازیی و تایبەتەمەندی خۆی هەیە، زۆر سوپاسی دەکەم، بیرەوەرییەکانی خۆی  پێشکەشکردم، کە لە زۆر رووەوە جیاوازە لەتەواوی ئەو بیرەوەریییانەی تر کە پێشتر خوێندوومەتەوە.

نووسەر لە کتێبەکەیدا رەخنەی توند لەسەرانی شۆڕشی کۆن دەگرێت، لەهەمانکاتیشدا رەخنە لە سەرانی شۆڕشە نوێکە دەگرێت. هەروەها  باسی کارەساتە  گەورەکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە دەکات، ئەو پێی وایە رژێمی بەعس تاونباری سەرەکییە، بەڵام چەند بەرپرسێکی شۆرشەکەش  هەڵەی گەورەیان کردووە.  نووسەر دەڵێت: قادری حاجی عەلی ئەوکاتە بەرپرسی مەڵبەندی 1 بووە، رێگەی نەداوە خەڵكی گوندەکانی گەرمیان خۆیان لە هێرشی سووپای بەعس رزگار بکەن و فەرمانیشی دەرکردووە هەرکەسێک هەوڵی خۆرزگارکردن ماڵ و منداڵی  بدات، تەقەی لێبکرێت و  بکوژرێت.

نەوشیروان مستەفاش ئامادە نەبووە سەردانی بریندارەکانی هەڵەبجە بکات، چونکەی پێی وابووە خەڵكی هەڵەبجە یان جاشن یان ئاشن. هەروەها لەم کتێبەدا باسی فاشیزمی ناوچەیی دەکات بەتایبەتی بەرامبەر بەخەڵكی هەورامان و ناوچەکانی تر. دەشڵێت هیچ سیستمێکی دادوەریی بوونی نەبووەو دادگا و سزاو پەروەردەی ینک، بەرامبەر بەو کەسانەی لەناو هێزی پێشمەرگەدا سەرپێچیان دەکرد، تەنها گۆچانەکەی مامجەلال و قسە سوێرەکانی نەوشیروان مستەفا بووە. هەروەها باسی رەوشی خراپی تەندروستی و پزیشكی  پێشمەرگە و گوندنشینەکانی کوردستان لە ساڵانی هەشتاکاندا، جگە لە کۆمەڵێک بابەتی گرنگی. 
 لێرەدا هەوڵ دەدەم، تیشکێک بخەمە سەر ئەم کتێبە و پاشانیش چەند سەرنجێک لەبارەی بۆچوونەکانی نووسەرەوە بخەمەڕوو.

بنەماڵەیەکی  شۆڕشگێر  
من لە زاری رەحمەتی باوکمەوە ناوبانگی حەمە گوڵپیم بیستبوو، لەناو خەڵکیشدا هەتاوەکو ئێستاش باسی قارەمانێتی ئەم پیاوە دەکرێت، بەڵام بەو ووردەکارییە ئاگاداری خەباتی ئەو پیاوە نەبووم، دکتۆر فایەق لەم کتێبەیدا بە ووردی باسی ژیان و خەباتی سیاسی باوکی دەکات. حکایەتی حەمە گوڵپیش، وەکو هەموو شۆڕشگێرەکانی جیهان، سەرەتا بە دەنگی " نا" دەستپێدەکات و دواتریش هەوڵ دەدات بۆ ئەنجامدان  پەیامەکەی. لە هەمووی ناخۆشتر بۆ من، شێوازی شەهیدبوونی حەمە گوڵپییەوە، کاتێک شەهید دەکرێت، لە پردی زەڵمەوە تاوەکو سەیدسادق،  تەرمەکەی بەدوای دەبابەوە بەسەر جادەکاندا رادەکێشن و ماوەی چەند رۆژیش بە عەمودێکەوە دەیبەستنەوەو ناهێڵن کەس نزیکی بێتەوە، تا دوایی پیاوماقوڵان و ریش سپی سەیدسادق تکا دەکەن، کە رێگەیان پێبدرێت تەرمەکەی بنێژن، لەکاتێکدا رێگەشیان نەداوە خێزانەکەی بەشداری ناشتنەکەی بن. ل22
ئەم دیمەنە جەرگبڕانە، دڕندەیی و دڵڕەقی ئەو رژێمانە پیشان دەدات کە حوکمی عیراقیان کردووە.

ژیانی بنەماڵەی شەهید
خاڵێکی گرنگی تر لەم کتێبەدا ئەوەیە، نووسەر وەکو کوڕە شەهید، زۆر بە وردی باسی ژیانی بنەماڵەی شەهیدان دەکات، کە گوزارشت لە بەشێکی زۆری بنەماڵەی شەهیدانی کوردستان دەکات، لەکاتێکدا باوکی بەوپەڕی ئازایەتییەوە خزمەتی نیشتمانی کردووەوە وازیشی لە ژیانی خۆشی خۆی هێناوە، هەروەها حکومەتیش بەوپەڕی دڕندەییەوە سزای دەدات، بەڵام چ  شۆرشەکە و چ دەورووبەریش، زۆر بێ وەفا بوون بەرامبەریان، بگرە کەمێک رژێمی بەعس باشتربووە کە شەهیدانەی بۆ بنەماڵەکەی بڕیوەتەوەو لە رێگەی هاوکاری حکومییشەوە بۆ خوێندکاران، نووسەر توانیویەتی زانکۆ تەواو بکات، دەنا کەس یارمەتی نەداوە.   کاتێک باوکی  شەهید دەکرێت، ئیتر ژیانیان دەکەوێتە ناخۆشیی و هەژاریی و نەدارییەوە، نووسەر لەچەند شوێنێکدا باسی ژیانی پڕ ئازاری خۆیان دەکات لەپاش شەهیدبوونی باوکیان، گەر جاروبار کەسێکی خزمیان خێرێکی پێکردبێت، یان مەسئوولێکی باش روویکردبێتە ناوچەکە کەمێک هاوکارییکردوون، دەنا شۆڕشەکە هیچ وەفاییەکی بۆیان نەبووە، هەرئەمەش وادەکات کە هەڵوێستێکی رەخنەگرانە لە ناخی نووسەردا چەکەرە بکات. تاڕادەیەکی زۆریش ئەمە رەوشی بەشێکی زۆری بنەماڵە شەهیدە سەربەرزەکانی کوردستان بووە. 

منداڵێکی یاخیی لە شۆڕشی ئەیلول
نووسەر کوڕە شەهیدێک بووە کە باوکی بەهۆی کوردایەتییەوە گیانی خۆی بە گەل و نیشتمان دەبەخشێت. لەوکاتەشدا پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بازران رابەرێتی ئەم بزووتنەوە چەکدارییەی دەکرد، راستە باوکی نووسەر نموونەی گیانفیدایی و قارەمانییەکی گەورە بووە لە دژی رژێم، بەڵام کاتێک کە شەهید دەبێت، ژن و منداڵەکەی رووبەروی ژیانێکی سەخت و دژاور دەبنەوە، ئەمەش وادەکات کە نووسەر هەر لەمنداڵییەوە بۆچوونێکی رەخنەگرانە و ناڕازیی لەبەرامبەر بەرپرس و سەرانی ئەو بزووتنەوەیە هەبێت، کە ژیانی خۆیی و خێزانەکەی تێکداوە. 
نووسەر بەوپەڕی راستۆگییەوە، پەنچە دەخاتە سەر خاڵە ناشیرین و خراپەکانی ئەو بزووتنەوەیە و هەروەها راستگۆیانە باسی هەڵسووکەوتی کۆمەڵێک بەرپرسی حزبی دەکات بەتایبەتی لەناوچەی هەورامان، یەکێکیش لەوانە " عەبدولوەهاب ئەتروشی " بوو، کە بەچکە سەدامێک بوو بۆ خۆیی، تەواوی ناوچەی هەورامان لەوکاتدا، گیریان بەدەست زوڵمو ستەمی ئەم پیاوەوە خواردووە. کاتێکیش ئاشبەتاڵ بە شۆڕشەکە دەکرێت، ئەم عەبدولوەهاب ئەتروشییە، یەکەم کەس دەبێت کە چەکەکەی فڕێدەدات و  رادەستی هێزەکانی رژێم دەبێتەوەو دەبێتە جاشێكی خۆفرۆشی رژێمی بەعس. 

گەنجی ئەو کاتە
نووسەر جگە لە سەردەمی منداڵی خۆیی، زۆر بەووردی باسی قۆناغی لاوێتیی خۆی دەکات، لە رێگەی ئەمیشەوە ئێمە دەتوانین وێنەیەکی گشتی گەنجانی ساڵانی حەفتا و هەشتاکان بزانین، لە بیرکردنەوەو هەڵسووکەوت و مامەڵەیان لەگەڵ خۆیان و دەوروبەر بۆ دەردەخات. دیارە لەو سەردەمەدا سیاسەت بە تەواوەی باڵی بەسەر زۆربەی گەنجانی ئەوکاتدا گرتووەو بەشداربوون لە خەباتی سیاسی، بەشێکی گەورەی گەنجانی بەخۆوە خەریککردووە. لەهەمانکاتیشدا بزووتنەوەی کوردایەتیی و شكست و سەرکەوتنەکانی، خەمی گەورەی گەنجان بووە، ئەمەش وایکردووە کە بۆچوونیان بەرامبەر بە زۆر شتی تر رادیکاڵانە بێت، بەتایبەتی هونەر و موزیک. بۆ نموونە دکتۆر فایەق باسی  گۆرانییەکی هونەرمەند" عوسمان عەلی" دەکات، کە گۆرانییەکی جوانی خۆشەویستی بووە، ئەمان وەکو کۆمەڵێک گەنج دژی گۆرانی دڵداریی و خۆشەویستی بوون، پێیان وابووە، کاتێک گەلی کورد رووبەروی شکست و هەرەسێکی گەورە بووە، چۆن دەبێت ئێمە باسی دڵداریی و خۆشەویستی بکەین، تاکە شت کە ئێمە دەبێت خۆشمـان بوێت، تەنهاو تەنها کوردستانە. هەر ئەم بۆچوونە رادیکاڵەش وایکردووە کە تێکستی گۆرانییە بگۆڕێت و  بیکاتە شیعرێکی سیاسی. 

سیستمی خوێندن و پەروەردە
خاڵێکی گرنگی تر کە نووسەر تیشكی خستۆرە سەر، سیستمی خوێندن و پەروەردەی ئەوکاتە بووە. لەوکاتەدا تەنها لە شارە گەورەکاندا، دوا ناوەندی  هەبووە لە زۆر شوێنیش هەر قووتابخانەی تێدا نەبووە بەتایبەتی لەگوندەکاندا، هەربۆیە خوێندن بۆ خەڵكی گوند و شارۆچکە بچووکەکان تەواو سەخت و دژوار بووە. نووسەر چیرۆکی خۆی لە بواری فێرکردن باس دەکات، کە چۆن لە گوڵپەوە ناچاربووە ساڵانێک بۆ دواناوەندی بچێتە هەڵەبجە و پاشانیش بۆ سلێمانی. ئەمەش بەراستی خۆی لەخۆیدا خەباتێکی گەورە بووە.  خۆشبەختانە ئێستا لەزۆربەی گوند و شارۆچەکەکان هەموو بەشەکانی قۆناغی خوێندنی تێدایە، بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا گەنجەکان کەمتر حەزیان بە خوێندنە، لەکاتێکدا لە ساڵانی پێشوودا، خوێندن زۆر زەحمەت بووەو خەباتێکی قوورس بووە زۆرکەم کەس توانییوویەتی خوێندن تەواو بکات بەتایبەتی لەگوندەکاندا،  بەتایبەتی تریش  منداڵی هەژارو کەمدرامەت، نووسەر وەکو کوڕە شەهیدێک و منداڵێکی هەژار زۆر ئازاری چەشتووە تاوەکو خوێندن تەواو بکات، دەورووبەریش لەجیاتی هاوکاری بکات، دژی وەستاوەتەوە، زۆربەی خزم و کەسوکاریش لەجیاتی هاوکاریکردنی، هانیان داوە کە واز لە خوێندن بهێنێت و هەوڵی کارکردن بددات بۆ ئەوەی بژێویی خۆیی و دایک و براکانی دابین بکات. 

فاشیزمی ناوچەیی دژی هەورامیی و ناوچەکانی تر
خاڵێکی زۆر گرنگ کە نووسەر تیشکی خستۆتە سەری، مەسەلەی دژایەتییکردن  و تاڕادەیەکیش فاشیزمی ناوچەیی بەتایبەتی لەسلێمانی لە دژی خەڵكی ناوچەی هەورامانە. ئەمەش کەم نووسەر باسیکردووە. دیارە ئێمە وەکو نەتەوەیەک راستە لەلایەن نەتەوەکانی ترەوە دژایەتییمان کراوەو هەڵسووکەوتی فاشیزمانەمان بەرامبەر کراوە، بەلام لەناوخۆشماندا فاشیزم رەگی داکووتیوە. لەدەڤەری سلێمانی  سووکایەتی پێکردن و هەڵسوکەوتی ناشیرین و فاشیزمانە بەرامبەر بەخەڵكی دەرەوەی سلێمانی و بەتایبەتی ناوچەی هەورامان مێژوویەکی قێزەونی هەیە. ئێمە کاتێک منداڵ بووین لە قووتابخانە و کۆڵانیش، زۆرجار گاڵتە و سووکایەتییان پێدەکردین کە دەمانووت هەورامین، زۆرجاریش رووبەروی شەڕفرۆشتن دەبوینەوە. دکتۆر فایەقیش ئەمەی بە جوانی باسکردووە کە چۆن لە قووتابخانە و کۆڵان و تەنانەت هەتاوەکو لەکاتی پێشمـەرگایەتیشدا، رووبەروی ئەم فاشیزمە بوونەتەوە. بۆ نموونە بۆ یەکەمجار کاتێک نەوشیروان موستەفا دەبینێت کە ئەو کاتە سکرتێری کۆمەڵەی مارکسی لینینی بوو، سووکایەتی پێدەکات و دەڵێت: باشە گوڵپ دکتۆرێکی لێهەڵکەوتووە. ل. . 153وەکو بڵێیت چۆن دەبێت خەڵکی گوڵپ دکتۆریان هەبێت، ئەم سووکایەتیی و بەکەم سەیرکردنەی خەڵکی ناوچەکە دەچێتە قاڵبی فاشیزمەوە. ئێمە زۆر حکایەتی لەمجۆرەمان گوێ لێدەبێت بۆ نموونە لە باکووری کوردستاندا، زۆر لە دکتۆرە کوردەکانیش نەیاندەوێرا بڵێن کوردین، چونکە تورکە فاشیستەکان پێیان قبووڵ نەدەکرا کە کوردێک ببێتە دکتۆرێک. 

لەلایەکی ترەوە کاتێک مەلا بەختیار لە یەکێتی جیادەبێتەوە، دووبارە هەرچی  خانەقینییە بە دوژمن و خائین وەسفکراوەو " بە شەیتانیکردنی خەڵکی خانەقین" دەستیپێکردووە.  لەمبارەیەوە نووسەر دەڵێت: بەهۆی مەلا بەختیارەوە، هەڵمەتی رەشکردن و تاوانبارکردنی خانەقینییەکان لەناو ینکدا دەستی پێکرد، جەبار فەرمان هەوڵی زۆریدا گومان لەسەر خانەقینییەکان نەهێڵێت، بەڵام دەرەقەت نەدەهات، هەڵمەتی رەشکردنی خانەقینییەکان تەنها لەناو ریزی پێشمەرگەدا نەبوو، بگرە لەناو جەماوەری ناوچە رزگارکراوەکانیشدا دەنگی دابوەوە، ل 325
ئەمەش خاڵێکی گرنگە بۆئەوەی خەڵکی ئاگاداری ئەو فاشیزمە ناوچەییە بێت کە لە دەڤەری سلێمانی هەبوو، بەداخەوە تائێستاش بەردەوامە.  

دکتۆرێکی کورد خەون بەگیفاراوە دەبینی
کاتێک نووسەر لە قۆناغی ناوەندی دەبێت، ئەوکاتە ئاشتبەتاڵ بووەو زۆر کاری تێکردووە، بەهۆی ئەو کارەساتە گەورەیەوە، رۆژێکیان لە پۆلدا دەست بەگریان دەکات، بەڵام مامۆستایەکی ئامۆژگارییەکی گەورەی دەکات و پێیدەڵێت: واز لەم لوشکە لوشكە بێتە، بخوێنە و ببە بە گیڤارا. ل 80
هەرچەندە ئەوکاتە  هیچ زانیاریی لەبارەی گیڤاراوە نەبووە، بەڵام دواتر واز لە کاژیک دەهێنێت و  دەبێتە ئەندامی کۆمەڵەی مارکسی لینینیی و  لە رێگەی ئەوانە کەمێک زانیاری لەبارەی گیڤاراوە دەستدەکەوێت. دواتریش بەو خەونەوە تێکەڵی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان دەبێت، بەڵام لەمەشدا دووبارە مێژووی بنەماڵەکەی دژی دەوەستێتەوە.

براکوژی
نووسەر زۆر بە جوانی باسی کاریگەری  جەنگی قێزەون و ماڵوێرانی " براکوژی" دەکات. چۆن ئەم جەنگە چ کاریگەری گەورەی بەسەر کۆمەڵگەی کوردەواریدا هەیە. نووسەر بەهەموو شێوەیەک خەبات و تێکۆشانی لەناو ریزەکانی پارتیدا رەتکردۆتەوە، خۆشی چۆتە ناو رێکخستنەکانی حزبێکی نەیاری بارزانییە، ئەمەش لە رووی کۆمەڵایەتییەوە رووبەروی هەڵوێستێکی دژواری دەکاتەوە. 

لەمبارەیەوە نووسەر بە وردی باسی ئەو حاڵەتە دەکات و دەڵێت:
خەریکە کوڕە گەورەکەی دایکم، دەبێتە پێشمەرگەی ئەو حزبەی، کە پێش کەمتر لە ساڵێک  کوڕەکەی شەهید کردووە، ئەمە تەنیا کێشەی دایکم نەبوو، بەڵکو کێشەی تەواوی خزمەکانیشم بوو،،،، دایکم سیاسی نەبوو، بۆ شەهیدبوونی نامقی کوڕی، کزەی جەرگی دەهات، بەقەدەر دنیا رقی لە بکوژانی کوڕەکەی دەبوەوە، منیش دەچمە لای ئەوانەی ئەو رقی لێیانە، ئامادەکاری دەکەم بۆ ئەوەی ببمە پزیشكی ئەوانەی  کوڕەکەی دایکمیان شەهید کردووە، دڵی خۆم بەوە دەدایەوە، بکوژانی کوڕەکەی دایکم، لەهەموو هێزەکانی تر، باشتر داکۆکی لە گەلەکەیان دەکەن .ل122
بەراستی کاتێک ئەو دێڕانەم دەخوێندەوە بە تەواوی نیگەرانی ئەو رەوشە ناخۆشە کۆمەڵایەتییە بووم، کەبەهۆی جەنگی براکوژییەوە توشی کۆمەڵگەی کوردەواری بۆتەوە. 

رەوشی پزیشكی و تەندروستی خەباتی پێشمەرگە
یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ئەم بیرەوەرییە ئەوەیە، نووسەر تیشکی خستۆتە سەر لایەنێک کەتاوەکو ئێستا کەم باسکراوە، ئەویش لایەنی پزیشکیی و تەندروستی پێشـمەرگە و خەڵكی گوندەکانی کوردستانە لە ساڵانی هەشتاکاندا. ئەم بیرەوەرییە بەرچاوڕوونییەکی ئێجگار باشی تێدایە لەبارەی رەوشی گشتی نەخۆش و نەخۆشخانە و دکتۆرەکانی شۆڕش. هەرچەندە لەهەموو شۆرشەکاندا، لەپاڵ خەباتی چەکدارییدا هەمیشە خەباتی پێشمەرگە بەرگ سپییەکانیش ئامادەگی هەبووە. بەداخەوە کاتێک بیرەوەرییەکانی دکتۆر فایەقم خوێندەوە، زۆر نیگەرانی ئەو رەوشە ناخۆشە بووم کە نەخۆش و بریندارەکان لەسەردەمی خەباتی شاخدا هەیانبووە. 

دیارە راستە بەشێکی ئەم خەوشە پەیوەندی بە سەختی خەباتی پێشمەرگایەتیی و دڕندەیی رژێمی بەعس هەبووە، بەڵام لەهەمانکاتیشدا بەرپرسانی شۆڕشیش  کارێکی وایان نەکردووە کە ئەم کەرتە پێشبخەن، بەشێکی زۆری کارەکان کەوتۆتە سەرشانی چەند دکتۆرێکی خەباتگێڕ و تێکۆشەر، کە دکتۆر فایەق یەکێک بووە لەوانە. جێگەی ئاماژەیە هەتاوەکو ئێستاش ئێمە بەدەست ئەم کێشەیەوە دەناڵێنین. 

نووسەر  دەڵێت: سەرچاوەی دەستکەوتنی دەرمان لەچوار رێگەوە بوون: بە پلەی یەکەم رێکخستنەکانی ناوشار، کە رۆڵێکی زۆر گەورەیان گێڕاوە. دووەم: خزمو کەسوکار، زۆرجار لە رێگەی شەخسییەوە هەندێک دەرمانیان دەستکەوتوە.سێهەمیان لە رێگەی دەستگرتن بەسەر هەندێک نەخۆشخانەی حکومیدا. چوارەمیشیان لە رێگەی وڵاتانی ترەوە بەتایبەتی ئێران.

ئەوەی مایەی سەرنجە لەکاتێکدا کە حکومەتێکی بەعس لەجەنگەکەکاندا چەکی کیمیاویی بەکارهێناوە، کەچی  سەرکردایەتی هیچ هەوڵی نەداوە دەرمان و پێداویستی بۆ رووبەروبوونەوەی ئەو چەکە لەناوچەکانی ژێردەستیدا دەستبکەوێت، تەنانەت لەرووی شێوازی مامەڵەکردن لەبارەی بریندارانی چەکی کیمیاوییەوە، هیچ زانیارییەکیان نەبووە، تاوەکو بەرێکەوت  کەسێکیان دەستدەکەوێت کە بەشداری لە خوولێکی سەربازی کردووە لەبارەی چەکی کیمیاویی، لەدەفتەرێکدا کۆمەڵێک سەرنج و تێبینی نووسیوە، ئەو دەفتەری بیرەوەرییانە وەکو نووسەر ناویلێناوە" دەفتەرەکەی مەحمود"  سەرچاوەی سەرەکییان بووە لەبارەی چەکی کیمیاویی و چۆنێتی خۆپاراستن لێی ل 360. هەرچەندە ئەو کەسەش ئامادە نەبووە دەفتەرەکەیان بداتێ، ئەوەش پاش چەندین تکا و رجا، ئینجا دەفتەرەکەی پێداون. 

من کاتێک ئەو دێرانەم دەخوێندەوە زۆر نیگەران بووم، چۆن دەبێت تۆ رووبەروی رژێمێکی دڕندەی وەکو بەعس بیتەوە، کە چەکی کیمیاوییی لەدژت بەکاردەهێنێت، تۆش هیچ زانیارییت لەبارەی ئەو چەکە و چۆنێتی خۆپاراستن لێی نەبێت؟ کاتێک بڕیاری جەنگ لە دژی دوژمنەکەت دەدەیت، دەبێت زانیارییت لەبارەی جۆری چەکەکانی و خۆپاراستن لێی هەبێت، بەتایبەتی چەکی کۆمەڵکوژی، کەباشترین چەکی رژێمی بەعس بووە لەدژی پێشمەرگە و گوندنشینەکان. 

خاڵێکی تر کە نووسەر باسی لێوەدەکات،  دکتۆری ساختەیە، کەلەوکاتەدا  زۆر کەسی ساختەچی بەدرۆ خۆیان کردووە بە دکتۆر، لەکاتێکدا دکتۆریش نەبوون. جگە لەوەش بە درێژی باسی ئازارو مەینەتییەکانی نەخۆش و بریندارەکان دەکات، هەموو ئەمانەش بۆ من نوێ بوون و گرنگیشە ئێمە قسە لەسەر ئەم لایەنە بکەین.

کیمیابارانکردنی هەڵەبجە
یەکێك لە قۆناغە ترسناکەکانی هێرشەکانی رژێمی بەعس کیمیابارانکردنی هەڵەبجەیە، دیارە زۆرکەس قسەی لەبارەی ئەم کارەساتە گەورەیەوە کردووە، دکتۆر فایەقیش بە حوکمی ئەوەی خەڵكی ئەو دەڤەرە بووەو لەهەمانکاتیشدا پێشمەرگە و دکتۆریش بووە، قسەی خۆی لەبارەی ئەم کارەساتەوە دەکات و لەپەنا تاوانبارکردنی رژێمی بەعس، رەخنەی توندیش لە سەرانی بزووتنەوەی چەکداری کوردستان  دەگرێت. نووسەر کۆمەڵێک  رەخنەی توندی گرتووەو دەڵێت: 

1/ پێش هێرشی هەڵەبجە هەموو بەرپرسەکانی دەڤەرەکە، ژن و منداڵی خۆیان لە شارەکە گواستبوویەوە.

 2/ لەبەرامبەردا نەیانهێشتووە خەڵكی هەڵەبجە لە شارەکە دەربچن و خۆیان لەچنگی ئەو شەرە خوێناوییە رزگاربکەن.

3/ پێشمەرگە بەهاوکارتی پاسدار ئەم کارەی کردووە، ئەمەش دەرفەتی بە رژێمی بەعس داوە، هەڵەبجە وەکو ناوچەیەکی داگیرکراو دەستی دوژمن حسابی بۆ بکات.

4/ پێشمەرگە و پاسدارەکان، جلوبەگی دژە چەکی کیمیاوییان لەبەربووە، لەکاتێکدا هیچ مشووریان بۆ خەڵكی ئاسایی نەخورادووە، باشترین بەڵگەش لەو هەموو قووربانیانەد،ا هیچ پێشمەرگە و پاسداری تێدا نەبووە.

 5/ هەندێک بەرپرسی یەکێتی رۆڵی خراپیان گێڕاوە لەم کارەساتەدا بۆ نموونە شەوکەتی حاجی موشیر، بەڵام لەجیاتی ئەوەی سزا بدرێت، کەچی رێزی زۆری لێگیراوە. 

6/ هەڵمەتی دزین و تاڵانی دەستیپێکردووەو بانقی هەڵەبجەش لەلایەن کۆمەڵێک بەپرسەوە دزراوە، ئەوانەشی ئەم کارەیان کردووە سزا نەدراون. 
.7/ نەوشیروان موستەفا کە لەوکاتەدا سەرکردایەتی یەکێتی کردووە، کاتێک مامۆستا شاهۆ داوای لێکردووە سەردانی نەخۆش و بریندارەکانی کیمیابارنی هەڵبجە بکات، ناڕازی بووەو وتویەتی: خەڵكی هەڵەبجە یان ئاشن یان جاشن، ئیتر بۆ بچم سەردانیان بکەم. ل 435

ئەنفال
زۆرکەس قسەیان لەبارەی پرۆسەی بەدناوی ئەنفال کردووە ، دکتۆر فایەقیش بەحوکمی ئەوەی لەوکاتەدا لە دەڤەری گەرمیان بووە، زۆر بە وردی باسی ئەو پرۆسەیە دەکات. بەراستی من بیرەوەری زۆری پێشمەرگە و سەرکردەکانم خویندۆتەوە، بەڵام کەسیان بەو ووردەکارییە باسی پرۆسەی ئەنفال و ئەو کارەسات و تراژیدییا گەورەیەیان نەکردووە کە خەڵكی بێ تاوانی ئەو ناوچەیە رووبەروی بوونەتەوە. 
نووسەر رژێمی بەعس بە تاوانباری سەرەکی دادەنێت لەم پرۆسیەدا، بەڵام لەهەمانکاتیشدا رەخنەی توند لەهەندێک بەرپرس دەگرێت، کە تاڕادەیەک دەتوانین ئەوانیش تاونبار بکەین. نووسەر پێی وایە ئەو هێرشە دڕندەیەی بەعس دوای هێنانی سووپای پاسداران بووە بۆ ناوچەکە و لێدانی چاڵە نەوتییەکانی کەرکوک بووە، ئەم کارەش بە سەرپەرشتی نەوشیروان موستەفا کراوە، هەرئەمەش هەلی ئەوەی داوەتە دەستی رژێمی بەعس کە خەڵکی ئەم ناوچەیە بە خائین وەسفبکات و بەوپەڕی دڕندەییەوە پەلاماری ناوچەکە بدات. لەهەمانکاتیشدا رەخنە لەهەڵسووکەوتی هەندێک بەرپرسی ناوچەکە دەگرێت بۆ نموونە نووسەر باسی قادری حاجی عەلی دەکات، کە لەکاتی ئەنفالدا  بەرپرسی مەڵبەندی یەک بووە، لەجیاتی ئەوەی هەوڵی رزگارکردنی خەڵکی گوندەکان بددات، کەچی فەرمانی دەرکردووە پێشمەرگە رێگری لە خەڵکی بکات  و نەهێڵێت گوندەکان چۆڵ بکەن و خۆیان رزگار بکەن، گەر خەڵکی گوندەکانیش سەرپێچیان کرد، ئەوا سێ تا چوار کەسیان بکوژن و تەقەیان لێبکەن بۆ ئەوەی خۆیان رزگار نەکەن.ل 388 


دادوەری
یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی خەباتی کوردایەتی، کارکردنە بۆ نەهێشتنی زوڵم و ستەم و سەپاندنی سیستمێکی دادپەروەری، بەڵام بەداخەوە ئێمە لە باشووری کوردستان پاش چەندین ساڵ لە خەبات و تێکۆشان و دواتریش پاش سێ دەیە لە ئەزمونی خۆماڵی و حوکمداری، نەمانتوانییوە سیستمێکی دادپەروەری باش دابنێین، ئەمەش وایکردووە کە رووبەروی کۆمەڵێک کێشەی گەورە بینەوە لەپێش هەموویانەوە " گەندەڵێ و ناعەدالەتیی و ستەم" هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەر لەسەرەتاوە کار بۆ ئەم پرسە گرنگە نەکراوە، بەتایبەتی لەخەباتی چەکداریی و سەردەمی شاخ. لەمباریەوە نووسەر هەندێک سەرە داوی بۆ باسکردووین. بۆ نموونە دەڵێت: ئەو کاتانە دادگا و سزاو پەروەردەی ینک، بەرامبەر بەو کەسانەی لەناو هێزی پێشمەرگەدا سەرپێچیان دەکرد، تەنها گۆچانەکەی مامجەلال و قسە سوێرەکانی نەوشیروان مستەفا بوون.ل 177
ئیتر گەر لێرەو لەوێ خەڵکانێک باس لەوە بکەن کە لە شاخ دا حاکمی شۆرش بوون، هیچ راست نییە و تەنها نازناوێکی ئاساییی بووە دەنا لە راستیدا بەوشێوەیە نەبووە.


چەند سەرنجێک
دیارە نووسەر لەم کتێبەیدا باسی کۆمەڵێک خاڵی جوان و ناشیرینی شۆڕشی کوردی بەتازەو کۆنەوە کردووە ، لەهەمانکاتیشدا بۆچونی خۆی بەوپەڕی راستگۆییەوە باسکردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم کتێبە و نووسەرەکەشی سەروو رەخنە نین، بەدەردی شەهیدی سەرکردە ئازاد هەورامی  بە شۆخییەوە پێی وتوە : تۆ کوڕی باشی بەڵام وردە واڵەت هەیە. 
نووسەر لەسەرەتای کتێبەکەیە و تاکۆتایی رەخنەی توند لە رەوانشاد مام جەلال و نەوشیروان موستەفا دەگرێت، لەزۆر شوێندا رەخنەی زۆر توند و سوێریان لێدەگرێت، بەڵام سەیر ئەوەیە تۆ ماوەی چەندین ساڵ ئامادەبیت لەناو حزبێکدا کار بکەیت، لەکاتێدا دژی سەرکردەکانی ئەم حزبەش بیت و بەهیچ شێوەیەک لەگەڵیان نەگونجێیت. پاشان قسەی گرنگ ئەوەیە، من باوەڕم بە حزبێک نەبێت بۆ هەر لەسەرتاوە وازی لێناهێنم؟. دواتریش  نووسەر کاتێک واز لەیەکێتی دەهێنێت، کە چیتر ئەم حزبە دەسەڵاتی بەسەر زۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا نامێنێت و روبەرووی شکستی گەورە بۆتەوە.  دواجار کاتێکیش واز لەم حزبە دەهێنێت دەچێتە پارتی گەلەوە، ئەمە لەکاتێکدا ئەو پارتە چ لەرووی فکریی و رێکخستن و سیاسییشەوە، لەیەکێتی زۆر خراپتر بووە نەک باشتر، دواتریش ئەم حزبە دەچێتەوە ژێر دەواری بنەماڵەی بارزانی.  
لە شوێنێکی تریشدا بەراستی مایەی سەرنج و تێڕامان بوو بۆ من، نووسەر باس لە رووداوێک دەکات لە ئێران، کاتێک تیپێکی تۆپی پێیان هەبووە، هاتووە "دەرزی تیستستورون" بۆ یاریزانەکان بەکارهێناوە، کە ئەمەش دەرزییەکی " وزەبەخشە" و لەرووی یاسای وەرزشییەوە تاوانە. نووسەر ئەم دەرزییەی داوە بە تیپەکەیان تاوەکو بەهێزتربن و یارەکە ببەنەوە، ئەم چ لەرووی یاسای پزیشکیی و چ یاسای ئاسیی و مۆڕاڵیشەوە دەچێتە قاڵپی تاوانەوەو ناشبێت کەسێک دکتۆر بێت ئەمجۆرە هەڵانە بکات. ل 342.
هەرچەندە نووسەر زۆر هەواداری  گیفارا بووەو بەڵام هەست دەکەم چ لەسەردەمی لاوێتیی و چ لە ئێستاشدا هێندە زانیاری لەبارەی ئەم سەرکردە چەپەوە نەبووە، چونکە نووسەر  لە ل81 دا دەڵێت گیفارا لە کاتی خەباتی چەکداریدا لە فەنزوێللا بەدیل گیراوەو شەهیدکراوە، راستییەکەی گیفارا لە پۆلیڤیا  کوژراوە نەک فەنزوێللا هەتاوەکو ئێستاش ئارامگەکەی لەوێیە.
خاڵێکی تریش کە مایەی سەرنجم بوو، نووسەر لەکاتی باسکردنی ژیانی خۆی لەسەردەمی خوێندکاریی  لە زانکۆی موسڵ، بە شانازییەوە باسی ئەوە دەکات کە چۆن دژایەتیی ئەو کچانەیان کردووە کە شوویان بە کوڕی عەرەب کردووە، تاکە کچێکیش کە بڕیار دەدات شوو بە کوڕێکی عەرەب بکات،  ئەمان دژی دەوەستنەوەو قسەی ناشیرینی پێدەڵێن: ئەو کچە هیچ نرخێکی بۆ بەها نەتەوەیییەکانی گەلی کورد دانەدەنا. ل 101. راستییەکەی خۆشەویستی هیچ  پەیوەندی بە فکر و سیاسەتەوە نییە و دەچێتە قاڵبی ژیان و ئازادی شەخسی، نابێت کەس خۆی بکات بە " پۆلیسی ئاداب"  ئەوی تر.   

دوا قسە
بەگشتی ئەم دەفتەری بیرەوەرییانەی دکتۆر فایەق وەکو هەموو بیرەوەرییەکانی تر، کۆمەڵێک زانیاری گرنگی تیدایە لەبارەی شۆڕش و خەبات تێکۆشانی گەلەکەمان لەدژی رژێمی بەعس و لەهەمانکاتیشدا کۆمەڵێک رەخنەی تێدایە  لەبارەی مێژووی خەباتی چەکداری، کە دەتوانرێت سوودیان لێوەربگیرێت  بۆ راستکردنەوەی ئەو هەڵە زەقانەی کەهەندێكیان تاوەکو ئێستا پێوەی دەناڵێنین.
لەکۆتاییدا دەستخۆشی لە دکتۆر فایەق دەکەم و پێی دەڵێم : دەستا وەشبوونە" هیوای سلامەتی و لەشساخی بۆ دەخوازم.

سەرچاوە: 
دکتۆر فایەق گوڵپی. کەلێرەوە سەیری ژیانی خۆم ئەکەم. چاپی یەکەم. چاپخانە تاران. ساڵی 2018