شارپرێس:
وەزارەتی بەرگری کەنەدا ئاشكرایكرد، مۆڵەتی هەناردەکردنی تەکنەلۆژیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بۆ تورکیا هەڵوەشاندۆتەوە، بەوپێیەی تورکیا سیستەمی چەکی کەنەدی لەجەنگی ناگۆڕنۆ قەرەباغ لەنێوان ئازەرو ئەرمینییەکاندا بەکارهێناوە.
مارک گارنۆ وەزیری دەرەوەی کەنەدا ڕایگەیاندووە، وڵاتەکەیان مۆڵەتی هەناردەکردنی تەکنەلۆژیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بۆ تورکیا هەڵوەشاندۆتەوە، ئەویش لەدوای ئەوەی دەرکەوتووە، ئەو تەکنەلۆژیایە لەلایەن هێزە ئازەرییەکانەوە لەجەنگی ناگۆڕنۆ قەرەباغدا بەکارهێندراوە.
وەزیری دەرەوەی کەنەدا ئەوەشی وتووە، "ئەو بەکارهێنانە لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی کەنەداو ئەو گەرەنتیانەدا نایەتەوە کە تورکیا لەبارەی چۆنێتیی بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆژیایە داویەتی".
جەختیشیکردۆتەوە، مەترسییو نیگەرانییەکانی وڵاتەکەیان گەیاندۆتە مەولود چاوش ئۆغڵوی وەزیری دەرەوەی تورکیا.
لەماوەی جەنگی ناگۆڕنۆ قەرەباغ، گرووپی کۆنترۆڵی چەکی کەنەدی "پڕۆجێکت پلاشفێرز"، ڕایگەیاند، گرتەی ئەو هێرشه ئاسمانیانەی کە لەلایەن حکومەتی ئازەربایجانەوە پەخشدەکرێت ئەوە دەردەخات، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی بەکاردەهێندرێن، بەسیستەمی وێنەگرتنو بەئامانجگرتنی کۆمپانیای "L3 هاریس ویسکام" تەیارکراون کە یەکەیەکی کەنەدی سەر بەکۆمپانیای "ئێڵ 3 هاریس تەکنەلۆژیک" ئەمریکییە.