پارشێوان چی بخۆین‌و لەچی دوربکەوینەوە؟

تەندروستی

13/04/2021‌ 543 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پسپۆڕێکی بواری خۆراکیی ئەو خواردنە پێویستانەی دیاریکردون كە دەبێت لەژەمی پارشێواندا بخورێن، لەگەڵ دیاریکردنی ئەوەی کە دەبێت لەچی دووربکەوینەوە.

دکتۆر ڕامی سەڵاح پزیشکی ڕاوێژکاریی خۆراکپێدانی چارەسەریی لەمیانی میوانداریکردنی لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی "دی ئێم سی"ی میسری وتى:"ژەمی پارشێوان گرنگییەکەی هیچ لەژمی بەربانگ کەمترنییە".

ئه‌و پزیشكه‌ ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوکەسانەی ژەمی پارشیو دەخۆن دوو جۆرن، بەشێکیان دوای نانخواردن ڕاستەوخۆ دەخەونەوە، بەشێکی تریشیان ناخەونەوەو دەستدەکەنەوە بەکارە ئاساییەکانیان‌و ڕۆژەکەیان لەکاتی پارشێوەوە دەستپێدەکات.

جەختیشیکردۆتەوە، هەردوو جۆرەکە خواردنی تایبەتی خۆیان هەیە، بەڵام خاڵی هاوبەشی هەردووکیان بریتییە لەخواردنەوەی بڕێکی زۆر ئاو لەماوە جیاوازەکانی بەربانگەوە تاوەکو کاتی پارشێو، ئەوە جگە لەخواردنی ماستی کەمچەوریی.

ڕوونیکردۆتەوە، ماستی کەمچەوریی وادەکات مرۆڤ هەست بەتینوێتیی نەکات، لانیکەم تاوەکو دوای نیوەڕۆ، جگەلەوەی ناهێڵێت هیچ گرفتێک لەکۆئەندامی هەرسدا ڕووبدات، یان گرفتێک بەسەر بەکتریای سوودبەخشی کۆڵۆندا بێت.

پزیشكه‌ میسرییەکە ڕێنماییداوە بەوانەی دوای نانخواردن ناخەونەوە، ئەوە بڕێک پرۆتین بخۆن، بەتایبەت پاقلەو هێلکە، بەڵام ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕەنگە لەسەر ئاستی دوورمەودا لەپرۆسەی هەرسدا تووشی گرفتیان بکات، بۆیە واباشترە هێلکەو پاقلە بەیەکەوە نەخورێت.

وتوشیەتی:"دەکرێت لەژەمی پارشێواندا پەنیریش بەهاوبەشی لەگەڵ پاقلە یان هێلکەدا بخورێت، بەتایبەت ئەگەربێت‌و پەنیرەکە کەمخوێ بوو".

سەبارەت بەوکەسانەش کە ڕاستەوخۆ دوای نانخواردن دەچنە سەرجێگای خەوتن، پزیشکە میسرییەکە ڕێنماییداوە بەوەی ژەمی پارشێوانی لەپاڵ خواردنی کەرە، پێویستە ئەو میوانەشی تێدابێت کە دەوڵەمەندن بەئاو وەک شووتی (قاشێک کە دەکاتە 6 بۆ 7 پارچەی بچووک)‌و کاڵەک (قاشێک واتە 7 بۆ 8 پارچە).

هۆشداریشیداوە لەوەی لەدوای خواردنی هێلکەو پاقلە ڕاستەوخۆ بچینەسەر جێگای خەوتنەکانمان، لەبەرئەوەی بەدهەرسی‌و گرفتێکی گەورە لەکۆئەندامی هەرسدا درووستدەبێت.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی