بەهۆی گرفتی تەکنیکییەوە یەکەم گەشتی هێلیکۆپتەرەکەی ناسا لەسەر مەریخ دواخرا

هەمەڕەنگ

13/04/2021‌ 427 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاژانسی بۆشاییگەری ئه‌مریكی (ناسا) ڕایگەیاندووە، یەکەم گەشتی هێلیکۆپتەری (ئینگیویویتی) لەسەر هەسارەی مەریخ بۆماوەی چەند ڕۆژێک دواخراوە، ئەویش دوای ئەوەی لەکاتی تاقیکردنەوەی پەروانەکانیدا دەرکەوت کە گرفتێکی تەکنیکی تێدایە.

وابڕیاربوو یەکەم فڕینی هێلیکۆپتەرە بچووکەکەی ناسا کە کێشەکەی 1.8 کیلۆگرام دەبێت، ڕۆژی یەکشه‌ممەی ڕابردوو ئەنجامبدرێت، بەڵام بەهۆی بوونی ئەو گرفتە تەکنیکییەوە وەک نزیکترین مەزەندە بۆ ڕۆژی 14ى ئەم مانگە دواخرا.

ناسا لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، لەئێستادا تیمی کارپێکردنی هێلیکۆپتەرەکە کار لەسەر دۆزینەوەی گرفتەکەو چارەسەرکردنی دەکەن.

پلانی ناسا بۆ ڕۆژی یەکشەممە ئەوەبوو کە هێلیکۆپتەری ئینگیویویتی بۆماوەی 30 چرکە لەسەر هەسارەی مەریخ بفڕێت‌و وێنەی گالیسکەی گەڕۆکی "پێرسیڤێرانس" بگرێت کە لە18ی شوباتی ئەمساڵ لەسەر ڕووی هەسارە سوورەکە نیشتەوە.

ناسا دەڵێت:"ئەوکارەی ئەوان بێپێشینەوەو زۆر مەترسیدارە، بەڵام لەحاڵەتی سەرکەوتنیدا زانیاریی زۆر بەبەها لەسەر بوونی ژیان لەسەر مەریخ کۆدەکاتەوە".

نیشتنەوە لەسەر ڕووی مەریخ کارێکی زۆر سەختە، بەوپێیەی چڕی بەرگەهەواکەی یەک لەسەدی چڕی بەرگەهەوای زەوییەو هێزی کێشکردنی خاکەکەشی لەهی زەوی کەمترە، لەبەرئەوە واپێویستی دەکرد کە ناسا هێلیکۆپتەرێکی زۆر سووک درووستبکات (1.8) کیلۆگرام‌و پەروانەکانیشی بەخێراییەکی زۆر زیاتر لەپەروانەی هێلیکۆپتەرە ئاساییەکان بخولێنەوە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی

بەپەلە