بۆچی بەشێک لەئیسرائیلییەکان دژی بەردەوامی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکان؟

مەلەفی تایبەت

13/04/2021‌ 1215 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

یارمەتییە سەربازییەکانى ئەمریکا بۆ ئیسرائیل لەساڵی 1949وە دەستی پێکردو لەوکاتەدا بڕی ملیۆنان دۆلار بوو، بەڵام لەڕاستیدا هاوکاری سەربازی نێوانیان بەشێوەیەکی فەرمی لەساڵی 1952و بەواژۆکردنی ڕێککەوتنێکی دوولایەنەی پاڵپشتی لۆجستی دەستیپێکردو دوای ئەوە ڕێککەوتنێکی لەسەر هاوکاری سیاسی‌و ئەمنیی بەدواداهات.


لەساڵی 1958وە ئیسرائیل دەستیکرد بەوەرگرتنی یارمەتیی سەربازیی‌و ئەمنیی ئەمریکی، لەدوای شەڕی ساڵی 1967ی نێوان ئیسرائیل‌و وڵاتانی عەرەبیی یارمەتییەکان بوون بەهەمیشەیی، بەتایبەت دوای ئەوەی فەرەنسا پەیوەندییە ئەمنییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل پڕچاند، لەساڵی 1979دا هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل گەیشتە لووتکە.

لەساڵی 1985، شیمۆن پێرێزی سەرۆک وەزیری ئەوکاتی ئیسرائیل لەگەڵ جۆرج شۆڵتزی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەسەردەمی ئیدارەی ڕۆناڵد ڕیگن ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد کە بەپێی ئەوە واشنتۆن ساڵانە بەبەهای سێ ملیار دۆلار هاوکاری ئیسرائیل دەکات کە بەشی هەرەزۆریان بۆ بواری ئەمنیی‌و کڕینی کەلوپەلی سەربازییە.

باس لەوەدەکرێت، یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل 55٪ هەموو یارمەتییەکانی ئەمریکایە بۆ سەرجەمی وڵاتانی تری جیهان، بەشێوەیەک قەبارەی ئەو هاوکاریانە لەساڵی 1948وە گەیشتووەتە نزیکەی 130 ملیار دۆلار، خەمڵاندنەکانی دیکەش دەڵێت گەیشتۆتە 270 ملیار دۆلار، هەروەها ئەمریکا پاکێجێکی هاوکاری 38 ملیار دۆلاری بۆ ئیسرائیل پەسەندکردووە کە لەنێوان ساڵی 2019-2028 دەگاتە 38 ملیار دۆلار، لەوانە پارەدان بۆ پڕۆژەی سەربازیی هاوبەش بەمەبەستی پاراستنی لەهێرشی مووشەکیی.

لەگەڵ ئەوەی لەئێستادا ئیسرائیل یەکێکە لەدەوڵەتە هەرە بەهێزەکانی ناوچەکە، بەڵام بەردەوام چاوی لەهاوکارییە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.


بۆچی بەشێک لەئیسرائیلییەکان دژى هاوکارییەکانی ئەمریکان؟
لەگەڵ ئەوەی یارمەتیی‌و کۆمەکەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل ئیمتیازو دەستکەوتی گەورەی بۆ ئەو وڵاتە هەبووە، بەڵام ئەمە ڕێگرنەبووە لەوەی بەشێک لەئیسرائیلییەکان بەدەنگی بەرز داوای ڕاگرتنی ئەو هاوکاریانە بکەن، بەتایبەت ئەو دەنگانە لەساڵی 1992وە ڕوویان لەزیادبوون کرد، بەشێوەیەک لەساڵی 1996و کاتێک بنیامین ناتانیاهۆ بۆ یەکەمجار وەک سەرۆک وەزیرانی ئیرائیل دەستنیشانکرا، بڕوای بەبیرۆکەکە کردو بەشێوەیەکی لەسەرەخۆ دەستیکرد کە بەکەمکردنەوە وەرگرتنی هاوکارییەکان.

یەکێک لەهۆکارەکانی نیگەرانی ئیسرائیلییەکان لەهاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ وڵاتەکەیان ئەوەیە کە پێیانوایە ئەو هاوکاریانە گورزێکی گەورە لەپیشەسازییە بەرگرییەکانی ئیسرائیل دەدەن، بەوپێیەی بەشێک لەمەرجەکانی ئەمریکا بۆ پێدانی ئەو هاوکاریانە ئەوەیە کە دەبێت هەموو ئەو پارەیەی ئەمریکا بەئیسرائیلی دەبەخشێت لەناو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو لەکڕینی چەک‌و کەلوپەلی ئەمریکیدا خەرجی بکاتەوە، کە ئەمە مانای وایە کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان ساڵانە دوو ملیار دۆلار زەرەر دەکەن‌و 22 هەزار دەستی کاری ئیسرائیلیش لەدەستدەچێت.

لای خۆیەوە یۆسی بیلین وەزیری دادی پێشووی ئیسرائیل جەختی لەوەکردەوە، ئیسرائیلییەکان قەرزداری یارمەتییە سەخاوەتمەندانەکەی ئەمریکایە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە وایلێدەکات تەنها پشت بەو ببەستن کە بەتێپەڕبوونی کات وادەکات ئیسرائیلییەکان ئازاد نابن لەکڕینی کەلوپەلی سەربازی بەنرخی هەرزان، ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازبوونی پیشەسازییە سەربازییەکانی ئیسرائیل.

هەروەک موشی گافنی سەرۆکی لیژنەی دارایی لەکنێست (پەڕلەمان)ی ئیسرائیل هۆشداریدا لەوەی یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمریکا زیانی قبووڵنەکراو بەوڵاتەکەیان دەگەیەنێت، بەشێوەیەک تاوەکو یارمەتییەکان زیاتربن، کۆمەڵگەی ئیسرائیلی لەناوخۆدا زیاتر هەرەسدەهێنێت.

ژەنەڕاڵ ئیال بن ڕەئوفین فەرماندەی پێشووی کۆلێژە سەربازییەکان‌و جێگری پێشووی فەرماندەی فەرماندەیی باکووری سوپای ئیسرائیل هۆشداریدا بەوەی یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمریکا لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی ئیسرائیل لەدۆخە لەناکاوەکاندا سەربەخۆیی خۆی لەدەستبدات.

لەبەرامبەردا، ژمارەیەکی زۆر لەبەرپرسانی ئەمریکا داوایانکردووە، پێویستە پێداچوونەوە بەیارمەتییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل بکرێت، بەشێوەیەک بێرنی ساندەر پاڵێوراوی دیموکراتییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، بۆئەوەی یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل بەردەوامبێت، پێویستە ئەو وڵاتە ڕەفتاری خۆی بەرامبەر بەفەڵەستینییەکان لەڕیشەوە بگۆڕێت.

هەروەک بەپێی ڕاپرسییەکە کە لەساڵی 2019 ئەنجامدراوە، لە56%ى ئەمریکیه‌كان داوادەکەن پێدانی یارمەتییە داراییەکان بەئیسرائیل سنووردار بکرێت.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی