کۆمپانیای قەیوان خانویەک دەبەخشێتە ئەو خێزانەی لە رێی شارپرێسەوە داوای بەهاناوەچونی کردبوو

کوردستان

13/04/2021‌ 3709 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان بڕیاریدا خانوویەک بە سەرجەم پێداویستییە سەرەکییەکانییەوە ببەخشێتە ئەو ماڵەی کە لە بەرنامەی "میوانی تۆین" لە شارپرێسەوە داوای هاوکاری و بەهاناوەچونی کردبوو.

ئەمڕۆ یەکەم رۆژی مانگی ڕەمەزان ئەڵقەی یەکەمی بەرنامەی "میوانی تۆین" لە شارپرێس و بە میوانداریی ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان سەردانی خێزانێکی هەژار و کەمدەرامەتی شاری سلێمانی کرد، کە ئەو خێزانە هەژارە لە خانویەکی خراپ و نەگونجاودا ژیانی حەوت کەسی تێدا بەسەر دەبرد، لەرێگەی بەرنامەکەوە خەمەکانی خێزانەکە خرایە ڕوو.

لەو بەرنامەیەدا خاوەنی ماڵەکەو پەرچەم قەرەداخی پێشکەشکار و ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمان هەریەکەیان لای خۆیەوە داوایان لە خێرخوازان و سەرمایەداران کرد کە هاوکاری ئەو خێزانە بکەن و بەدەم داواکانیانەوە بچن و ژیانیان لەو نەهامەتییە ڕزگار بکەن.

هەر دواى  بڵاوبوونەوەی بەرنامەکە شێخ فاخر شێخ تەیب بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانایای قەیوان بڕیاری بەخشینی خانویەکی ١٦٠ مەتری بەسەرجەم پێداویستییە سەرەکیەکانییەوە بەو ماڵە هەژارەدا، هەر ئەمشەو موژدەی پێدانی خانوەکە درایە خێزانەکە.

لای خۆشییەوە ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی شارپرێس و خاوەنی کۆمپانیای قەیوان کرد بۆ ئەو کارەی کە کردویانەو هیوای خواست سەرمایەداران و خاوەن کۆمپانیاکانی تریش هاوشێوەی کۆمپانیای قەیوان ببنە بەشێک لە هەوڵی ڕەواندنەوەی خەمەکانی هەژاران و نەداران.

لەبەرامبەردا ئەو خێزانەی کە لە بەرنامەکە بەشداربوون و خانوەکەیان پێشکەشکرا و وێرڕی دەربڕینی دڵخۆشییەکی زۆر بە هەواڵەکە زۆر سوپاسی شارپرێش و کۆمپانیای قەیوانیان کرد بۆ ئەو دیارییە.

بەرنامەی میوانی تۆین، بەرنامەیەکی رۆژانەی شارپرێسەو لە مانگی ڕەمەزاندا رۆژانە ئەو ماڵانە بەسەر دەکاتەوە کە کە لە دۆخێکی خراپدا ژایان دەگوزەرێنن و هەژاری و نەداری تەنگی پێهەڵچنیون، هەر رۆژەو بۆ هەر ماڵێک شارپرێس ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق یان کوردستان یان بەرپرسێکی باڵا لەگەل خۆی دەباتە مالە هەژارەکەو لە نزیکەوە گوی لە خەمەکانیان دەگرن، شارپرێس لە ڕێگەی سپۆنسەرەکانیەوە هاوکاری خۆی دەگەیەنێتە ماڵە هەژارەکان و هاوشێوەی شارپرێسیش پەرلەمانتار و بەرپرسان دیاری و هاوکاریی خۆیان دەبێت بۆ ئەو مالەی کە بەرنامەکە بوەتە میوانی.