شارپرێس:
هەندێک خواردن هەیە بەراورد بەخواردنەکانی تر بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ هەستی تێربوون بەمرۆڤ دەبەخشێت، بەوپێیەی هەندێک تایبەتمەندیان هەیە کە بەرەنگاری برسێتیی دەبێتەوە، بۆیە دەکرێت ببنە ژەمێکی نموونەیی بۆ مانگی ڕەمەزان.
بەگوێرەی پێگەی medicalnewstodayی تایبەتمەند بەهەواڵی تەندرووستییو پزیشکی، ئەو خواردنانەی هەستێکی بەهێزی تێربوون بەمرۆڤ دەبەخشن، یارمەتیدەرن لەکۆنترۆڵکردنی پرۆسەی بەکاربردنی کالۆرییەکان.
پێگەکە حهوت خواردنی دەستنیشانکردووە کە ئاستێکی بەرزی تێربوون بۆماوەیەکی دوورودرێژ بەمرۆڤ دەبەخشن، لەبەرئەوە دەکرێت ڕۆژووانان لهگهڵ سیستەمی خۆراکیی خۆیاندا بۆ ڕۆژەکانی مانگی ڕەمەزان سودى لێوهربگرن ئەوانیش بریتین له:
پەتاتەی کوڵاو
پەتاتە یەکێکە لەخواردنە زۆر چڕو دەوڵەمەند بەتەواوکەرە خۆراکییەکان، بەشێوەیەک نیشاستەو ڤیتامین (ج)و گەلێک لەڕەگەزە خۆراکییەکانی تری تێدایە.
پاقلەمەنییەکان
پاقلەمەنییەکان لەو خواردنانەن کە بەهایەکی خۆراکیی بەرزیان تێدایە، وەک (پاقلە، نیسک، نۆکو بازێلا)، پاقلەمەنییەکان بریتین لەکاربۆهیدراتی گونجاو بۆ هەرسکردن بەشێوەیەکی لەسەرخۆ، کە بڕێکی زۆر لەپرۆتینو ڕیشاڵیان تێدایە، ئەمەش مانای وایە پاقلەمەنییەکان خۆراکێکی باشن بۆ قەرەبووکردنەوەی برسێتیو ئیدارەدانی بەکاربردنی کالۆرییەکان.
خواردنە دەوڵەمەند بەڕیشاڵەکان
ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بەڕیشاڵەکان بریتین لە(شۆڤان، گەنمەشامی، نانی بۆر، پاقلەمەنییەکان، سەوزەی وەک گوێزەرو چەوەندەر، میوەی وەک مۆزو پرتەقاڵ)، بەرهەمەکانی سپیایی کەمچەوری.
هێلکە
هێلکە بەسەرچاوەیەکی باشی پرۆتینو ڤیتامینو کانزاکان هەژماردەکرێت، جگەلەوەی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کەمکردنەوەی برسێتیو درێژکردنەوەی ماوەی هەستکردن بەتێریی هەیە.
چەرەساتەکان
چەرەساتەکان کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر زیادبوونی تێکڕای هەستکردن بەتێری هەیە، هەروەک دەوڵەمەندن بەپڕۆتینەکانو چەورییە ناتێرەکان، کە هەموویان چەوریی تەندرووستن.
گۆشتو ماسییە کەمچەورییەکان
گۆشتو ماسیی لەو خواردنانەن کە دەوڵەمەندن بەپڕۆتینەکانو بڕێکی کەم چەورییە تێرەکانیان تێدایە، بۆیە سیستەمێکی خۆراکیی کە بڕێکی زۆر لەپڕۆتینی لەخۆگرتبێت دەکرێت بەشێوەیەکی کارا کۆنترۆڵی حەزی خواردنو پاراستنی کێشی جەستە بکات.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی