جیهان سڵى لێده‌كرده‌وه.. پێنج ساڵی دیكه‌ یەک بیتکۆین ده‌گاتە زیاتر له‌ملیۆنێك دۆلار

مەلەفی تایبەت

14/04/2021‌ 1670 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوێنێ دراوی بیتکۆین ئاستێکی پێوانەیی نوێی تۆمارکردو گەیشتە سەروو 62 هەزار دۆلار، بەوەش لەسەرەتای ئەمساڵەوە بەهاکەی بەڕێژەی لە114% بەرزبۆتەوە.


ڕاپۆرتە ئابوورییەکان پێشبینییان کردووە نرخی یەک بیتکۆین بگاتە سەروو 100 هەزار دۆلار، لەکاتێکدا چەند ڕاپۆرتێکی تر پێشبینیانکردووە لەسەر ئاستی مەودا مامناوەند نرخەکەی بۆسەروو یەک ملیۆن دۆلار بەرزبێتەوە.

ڕۆبەرت کیوساکی دانەری کتێبی "باوکی دەوڵەمەندو باوکی هەژار" کە یەکێکە لەپڕفرۆشترین کتێبەکان، پێشبینیکردووە لەماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا بەهای یەک بیتکۆین بگاتە 1.2 ملیۆن دۆلار.

باسی لەوەشکردووە، خۆی ژمارەیەک لەبیتکۆینەکانی کڕیوە کاتێک نرخیان بەنۆ هەزار دۆلار بووە.

هەروەک بەپێی ڕاپۆرتێکی پێگەی "بیتکۆین.کۆم"، لەدیسەمبەری ساڵی 2020 کیوساکی پێشبینیکردووە، لەساڵی 2021 بەهای بیتکۆین بگاتە 50 هەزار دۆلار.

لای خۆشییەوە، وائیل نەحاس پسپۆڕی ئابووریی میسری بەپێگەی "حوڕرە"ی ئەمریکی ڕاگەیاندووە، شتێکی نامۆ نییە کە لەماوەی دەیەی داهاتوودا بەهای بیتکۆین بگاتە سەروو ملیۆنێک دۆلاری ئەمریکی.

نەحاس ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەیەکی زۆر لەوڵاتانی جیهان بۆیان دەرکەوتووە کە دژایەتیکردنی دراوەکە هیچ سوودێکی نییە، بۆیە ئەوانیش دەستیانکردوه‌ بەخستنەناو سیستەمە ئابوورییەکانیان، هەروەک چۆن ژمارەیەک لەوڵاتانیش دراوی ژمارەیی تایبەت بەخۆیان درووستکرد.

هەرچی موهەننەد عورەیقاتی شرۆڤەکاری دارایی گروپی "سی ئێف ئەی"یە بەگومان بوو لەوەی لەئاستی مامناوەنددا نرخی بیتکۆین بگاتە سەروو ملیۆنێک دۆلار، بەڵام لەگەڵ ئەو پێشبینیانەشدا هاوڕابوو کە دەڵێن لەماوەی چەند مانگی داهاتوودا نرخی بیتکۆین دەگاتە 70 هەزار دۆلار.

هەروەک بەپێی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری "فۆربس"‌و لەسەر بنەمای ڕاپۆرتێکی بانکی BNY کە یەکێکە لەبانکە زەبەلاحەکانی ناو وۆڵ ستریت، پێشبینیدەکرێت بەهاتنی مانگی یەکی ساڵی داهاتوو، نرخی بیتکۆین ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ تۆماربکات‌و بگاتە سەروو 100 هەزار دۆلار.

لەگەڵ ئەوەی هێشتا بیتکۆین لەژمارەیەک لەوڵاتان قەدەغەیەو بەشێک لەبانکە ناوەندییەکانی وڵاتان دژایەتیی دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا دراوە ئەلیکترۆنییەکە بەرەو ئەوەدەچێت ببێتە سیستەمێکی پاردانی گشتگیرو گونجاو لەمامەڵەکردنی لەگەڵ هەڵبەزو دابەزەکانی ئابووریی جیهانیدا.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی