گەورەترین کەروێشکی جیهان لەبەریتانیا دزرا

هەمەڕەنگ

14/04/2021‌ 303 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێکی پۆلیسی بەریتانی، کەروێشکێک کە وەک گەورەترین کەروێشکی جیهان دەستنیشانکراوە لەشاری وۆرسێستەرشایەر لەماڵی خاوەنەکەیدا دزراوە.

پۆلیس دەڵێت، کەروێشکەکە ناوی (داریوس)ەو درێژییەکەی مەترێک‌و 29 سانتیمەتر بووە، شەوی شەممەی ڕابردوو لەناو تەویلەیەکی ناوچەی "ستۆڵتۆن" بردراوە.

لەساڵی 2010، کەروێشکەکە بەپێی کتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانییەکان نازناوی گەورەترین کەروێشکی جیهانی پێدراوە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی، ئانیت ئیدواردز خاوەنی کەروێشکە دزراوەکە هه‌زار جونەیهی کردۆتە خەڵاتی ئەوکەسەی کەروێشکەکەی بۆ بگێڕێتەوە.

ئیدواردز بەوکەسانەی کەروێشکەکەیان لێبردووە دەڵێت:"تکایە داریوسم بۆ بگێڕنەوە، ئەو لەوە بەتەمەنترە کە زاووزێ بکات".

پۆلیسیش داوای لەخەڵک کردووە لەدۆزینەوەیدا هاوکاریان بکەن‌و وتویەتی هەرکەسێک زانیارییەکی لەوبارەیەوە هەبوو با پەیوەندی بەبنکەکانی پۆلیسەوە بکات.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی