کۆمپانیای دایملەر مێرسیدسی کارەبایی دەخاتە بازاڕەوە

هەمەڕەنگ

14/04/2021‌ 237 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەڕێوەبەری جێبەجێکردنی کۆمپانیای "دایملەر"ی ئەڵمانی بۆ پیشەسازیی ئۆتۆمبێل ڕایگەیاندووە، کە ئۆتۆمبێلە مێرسیدسە کارەباییە نوێکەیان بەنوێترین هۆکارەکانی تەکنەلۆژی تەیارکراوە، هەربۆیە پێشبینیدەکرێت هەرلەسەرەتای خستنەبازاڕییەوە داهاتێکی زۆر بۆ کۆمپانیاکە دەستەبەربکات.


ئۆلا کالینیۆسی بەڕێوەبەری جێبەجێکردنی کۆمپانیا ئەڵمانییەکە لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی "فرانکفۆتەر ئالێگێمێین تسایتونگ"ی ئەڵمانی باسی لەوەکردووە، ئۆتۆمبێلی "مەرسیدس ئی کیو ئێس" کە لەم هەفتەیەدا دەخرێتە بازاڕەوە، قازانجێکی گەورە بەدەستدەهێنێت، بەڵام ڕەنگە قازانجەکانی لەئۆتۆمبێلە دەستەخوشکەکەی کەمتربێت کە بەبزوێنەری ئاسایی کاردەکات واتە "ئیس کڵاس"، ئەویس بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی پێکهاتەی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان خەرجیان زیاترە.

بەگوێرەی ئاژانسی بلومبێرگ، مێرسیدس "ئی کیو ئێس" یەکەم ئۆتۆمبێل دەبێت کە وەک ئۆتۆمبێلێکی کارەبایی ئاسایی بەرهەم دەهێنرێت، ئەمەش نیشانەیەکی جیاکەرەوە دەبێت بۆ براندە ئەڵمانییەکان کە ڕەخنەی زۆری لێگیراوە بەوەی بۆ دەستپێکردنیان بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی کاتێکی زۆری پێچووە.

هەروەک بەپێی قسەی کالینیوس، ئۆتۆمبێلە مێرسیدسە کارەباییەکەیان بەوە جیادەکرێتەوە کە بەیەک بارگاوکردنەوە دەتوانێت ٧٧٠ کیلۆمەتر بڕوات، بەوەش لەپێشبڕکێی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکاندا دەبێتە ئۆتۆمبێلێکی پێشەنگ.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی