چۆن بێ بەکارهێنانی دەرمان پەستانی خوێن دابەزێنین؟

تەندروستی

15/04/2021‌ 638 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پزیشکێکی ئەمریکی دەڵێت، هەندێک گۆڕانکارییکردن لەشێوازی ژیان‌و دەستبەرداربوون لەخواردنی هەندێک جۆر خواردن، دەبێتە هۆی ئەوەی پەستانی خوێن بێ بەکارهێنانی داوو دەرمان داببەزێت.

جیراڵد فیشەر پزیشکی نەخۆشییەکانی دڵ لەئەمریکا ڕایگەیاندووە، لەپێناو بەسرووشتیی دابەزاندنی پەستانی خوێن پێویستە پێش هەموو شتێک چالاکییە جەستەییەکان زیادبکرێن لەشێوەی: پیاسەکردن، ڕاکردن، مەلەکردن‌و لێخوڕینی پاسکیل، بەشێوەیەک ڕۆژانە بۆماوەی نیو کاتژمێر ئەو چالاکیانە ئەنجامبدرێن.

پزیشکە ئەمریکییەکە جەختیکردۆتەوە لەسەر پێویستی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ڕۆژانەی خوێ‌و کافایین، لەبەرئەوەی ڕەنگە ببنە هۆی بەرزبوونەوەی کتوپڕی پەستانی خوێن، لەبەرئەوە ئەوکەسانەی بەدەست بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنەوە دەناڵێنن باش نییە ڕۆژانە لە دوو کوپ قاوە زیاتر بخۆنەوە.

فیشەر ئەوەشی وتووە، دەبێت ئەوکەسانە لەناو سیستەمە خۆراکییەکەیان رەگەزی پۆتاسیۆم هەبێت، لەوانە مۆز کە یەک دانە لەو میوەیە ٤٢٢ ملیگرام پۆتاسیۆمی تێدایە، پەتاتەی برژاو بەتوێکڵەوە ٧٣٨ میلیگرام و کوپێک شەربەتی پرتەقاڵ ٤٩٦ ملیگرام و ماستی کەمچەوری ٥٥٠ ملیگرام پۆتاسیۆمی تێدایە.

ڕێنمایی ئەوەشیداوە کە لەخواردنەوەی ماددە کحولییەکان و جگەرەکێشان دووربکەوینەوە و کێشی جەستەمان دابەزێنین، لەبەرئەوەی بەکەمکردنەوەی یەک کیلۆ لە کێشی جەستە، بارگرانی لەسەر دڵ و لوولەکانی خوێن کەمدەبێتەوە، کە ئەوەش لای خۆیەوە کاریگەریی هەیە لەسەر ئاستی پەستانی خوێن.