چی بەسەر جەستەی ڕۆژوگردا دێت کاتێک ڕۆژوەکەی بەخورما دەشکێنێت؟

تەندروستی

15/04/2021‌ 899 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

خورما خۆراکێکی نمونەییە بۆ شکاندنی ڕۆژوو لەماوەی مانگی ڕەمەزاندا، بەشێوەیەک گەلێک سوودی تەندرووستیی بەجەستەی مرۆڤ دەبەخشێت، بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئایا چی بەسەر جەستەدا دێت کاتێک کەسیی ڕۆژووگر ڕۆژووەکەی بەو میوەیە دەشکێنێت؟ یان ئایا ئەوکەسانەی تووشی نەخۆشیی شەکرە بوون دەکرێت بیخۆن؟.

خورما وزەیەکی زۆر لەسەرشێوەی شەکری فرەکتۆزو گلوکۆز بۆ جەستە دابیندەکات، کە لەراستیدا جەستە لەدوای شکاندنی رۆژوو پێویستی پێیەتی.

خورما دەوڵەمەندە بەڕیشاڵە خۆراکییەکان، کە هانی جوڵەی ڕیخۆڵەکان دەدات‌و ڕێگری لەدرووستبوونی قەبزی دەکات، ئەوەش یەکێکە لەو کێشانەی لەمانگی ڕەمەزاندا ڕووبەڕووی بەشێک لەڕۆژووگران دەبێتەوە.

ڕۆژووشکاندن بەخورما ڕاددەی برسێتیی کەسیی ڕۆژووگر کەمدەکاتەوە، ئەمەش وایلێدەکات لەکاتی ژەمی بەربانگدا بڕێکی زۆر خواردن نەخوات.

لێرەشدا ئەو سوودانە دەخەینەڕوو کە جەستە لەکاتی رۆژووشکاندن بەخورما دەستیدەکەوێت:

1ـ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی تووشبوون بەنەخۆشییەکانی دڵ
2ـ دەستکەوتنی دژە ئۆکسێنەکان
3ـ دابینکردنی خۆراکپێدەری گرنگ
4ـ ڕێگریکردن لەقەبزبوون

ئایا خورما بۆ تووشبووانی نەخۆشیی شەکرە گونجاوە؟
خورما بڕێکی زۆر شەکری تێدایەو سەرچاوەیەکی سرووشتیی فرەکتۆزە کە جۆرێک شەکری ناو میوەیە، هەر دەنکە خورمایەکی 25 گرامی 66 کالۆری‌و نزیکەی 16 گرام لەشەکرەکانی تێدایە.

بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی خورما بڕێکی زۆر لەشەکری تێدایە، دەبێت تووشبووانی نەخۆشیی شەکرە زۆر ئاگاداربن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەربێت‌و بەشێوەیەکی مامناوەند بخورێت، دەکرێت ببێتە بەشێک لەسسیتەمێکی خۆراکیی تەندروست بۆ کەسانی تووشبووی نەخۆشیی شەکرە.

بەگوێرەی لێدوانی دکتۆر محەمەد ڕیشی ڕاوێژکاری نەخۆشییەکانی شەکرەو کوێرەگلاندو نەخۆشییە هەناوییەکان، ئەگەر کەسێک تووشی نەخۆشیی شەکرەبێت، ئەوە واباشترە بەیەکجار لەیەک دەنک بۆ دوو دەنک خورما زیاتر نەخوات، جگەلەوەی ڕێنماییداوە بەوەی لەگەڵ سەرچاوە پڕۆتینییەکانی تری وەک چەرەساتەکاندا بخورێت کە ئەمە یارمەتیدەرە لەوەی ئاستی شەکری ناو خوێن بەرزنەبێتەوە.

بەگشتیی بەقسەی ئەو پزیشکە پسپۆڕە، واباشترە تووشبووانی نەخۆشیی شەکرە، ڕۆژانە لەسێ دەنکە خورما زیاتر نەخۆن.