ناسا وێنەیەکی سەرنجراکێشی تەپۆلکە لمینەکانی مەریخ بڵاودەکاتەوە

هەمەڕەنگ

15/04/2021‌ 246 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاژانسی بۆشاییگەری ئەمەریکی (ناسا) وێنەیەکی سەرنجراکێشی تەپۆلکە لمینی شینی سەر هەسارەی مەریخی بڵاوکردۆتەوە کە کۆنترین گالیسکەی ئاسمانیی ئەمەریکی رەوانەکراو بۆسەر هەسارەکە کراوە گرتوویەتیی.

ئاژانسەکە بەیاننامەیەکی لەژێر ناونیشانی " تەپۆلکە لمینە شینەکانی سەر مەریخ" بڵاوکردۆتەوە، کە تێیدا دەردەکەوێت تەپۆلکە لمینەکان جەمسەری باکووری هەسارەکەیان داپۆشیوە، وێنەکەش رووبەری ٣٠ کیلۆمەتر پانی گرتووە، بەڵام لەراستیدا ناوچەکە هەمووی ئەوەندەی رووبەری ویلایەتی تەکساسی ئەمەریکا دەبێت.

وێنەکە لەئەنجامی لەیەکدانی ئەو وێنانەیە کە لەنێوان دیسەمبەری ٢٠٠٢ بۆ نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠٠٤ لەڕێگای کامێرای وێنەگرتنی گەرمی ( THEMIS ) گیراون، کە لەسەر گالیسکەی "ئۆدیسی" جێگیرکراوە، ئەو گالیسکەیەس کۆنترین گالیسکەی ئاسمانییە ناسا رەوانەی هەسارەی سووری کردووە.

لەپاڵ ئەو تەپۆلکە شینانە، چەندین رووبەری زەردو پرتەقاڵی دەبینرێت کە ئەوانە رەنگدانەوەی پلەی گەرمی ناوچەکەن، بەشێوەیەک تاوەکو پلەی گەرمییەکە بەرزتر ببێتەوە، رەنگەکەی تۆختر دەبێت، تاوەکو پلەکانی گەرماش نزمتر ببنەوە رەنگیان بەرەو شینی دەڕوات.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی