تاقانەیەكی ئەنفال: كەس بەدواداچوون بۆ داواكاری و ناڕەزاییەكانمان ناكات

کوردستان

15/04/2021‌ 401 جار خوێندراوه‌ته‌وه

تاقانەیەكی ئەنفال رایدەگەیەنێت، گوێیان لێناگیرێت و بەهۆی بەرژەوەندی حزبی و تایبەتییەوە داواكارییەكانیان جێبەجێ ناكرێت.

 سەباح نەجمەدین، تاقانەی ئەنفال كە دوێنێ لە یادی ئەنفالدا ناڕەزای دەربڕی بە شارپرێسی وت، ئەوەی جێگەی داخی ئێمەیە كەس بەدواداچوون بۆ داواكاری و ناڕەزاییەكانمان ناكات، هەر بانگمان بكەن ئەگەر قسەكانم ناڕەوایە لێم قبوڵ مەكەن  ئەگەر راستە پشتگیریمان بكەن و جێبەجێیبكەن.

ئەو تاقانەی ئەنفالە وتیشی، بەرژەوەندی حزبی و عەشرەت و شەخسی وایكردووە داواكارییەكانمان جێبەجێ نەكرێت و گوێمان لێنەگیرێت، لەكاتێكدا داواكارییەكانمان تایبەتی نییە.

دەشڵێت، ئێستا ئێمە نازانین ئەو ڕوفاتانە كوردن یان نا؟ یان سەربە چی عەشرەت و بنەماڵەیەكن، حكومەت بۆئێمەی یەكلای نەكردووەتەوە ئەم روفاتانە ئەنفالن یان نا؟ ئیتر چۆن بۆ ڕایگشتی دەسەلمێنیت كە ئەنفالە.

باسی لەوەشكرد، حكومەتی هەرێم وادەزانێت ئێمە بزن و مەڕمان گیراوە، حكومەت تائێستا نازانێت ئاماری دروستی ئەنفال چەندە و هەر لە گۆترە ئەژماری كردووە.

دوێنێ  14ی 4 لە یادی 33 ساڵی شاڵاوی ئەنفال دا تاقانەكانی ئەنفال و كەس و كاری ئەنفالكراوان لە گوندی دێبنە، لە گۆڕستانی ئەنفالكراوانی گەرمیان، ناڕەزاییان دەربڕی لەوەی حكومەت بەدەم جێبەجێكردنی داوكارییەكانیانەوە نایەت.

وەك كەس و كاری ئەنفالكراوان ئاماژەیان پێكرد، داواكارییەكانیان خۆی لە دادگایكردنی مستەشارەكان و پشكنینی دی ئێن ئەی و هێنانەوەی ڕوفاتی ئەنفالكروان دەبینییەوە.