كۆمسیۆن: نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدان كۆتایهات و دابەشكردنی كارتی دەنگدان بەردەوامە

کوردستان

15/04/2021‌ 518 جار خوێندراوه‌ته‌وه

فەرمانگەی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، قۆناغی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران کۆتایی هات، بەڵام پرۆسەی تۆمارکردنی بایۆمتری‌ و دابەشکردنی کارتی بایۆمتری دەنگدان بەردەوام دەبێت.

 
لە روونكردنەوەیەكدا، فەرمانگەی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بڵاویكردەوە، پاش ئەوەی لەبەرواری 2021/4/15 قۆناغی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران کۆتایی هات، بەپێویستی دەزانین کە دەنگدەرانی خۆشەویست ئاگادار بکەینەوە کە پرۆسەی تۆمارکردنی بایۆمتری‌و دابەشکردنی کارتی بــایۆمتری دەنگــدان بــەردەوام دەبێت.

لە روونكردنەوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، دەنگدەران دەتوانن سەردانی نزیکترین ناوەندی تۆمارکردن بکەن و زانیارییە بایۆمترییەکانتان نوێبکەنەوە.

ئەمڕۆ، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، وادەى تۆمارکردنى کاندیدەكانی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق درێژكردەوە بۆ یەكی ئایار.

 وابڕیارە 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.