مافی پەنابەریی
مرۆڤەکان شایستەی ژیانێکی شکۆمەندن لەو جێگەیەی ژیانی تیادا دەکەن

مەلەفی تایبەت

20/04/2021‌ 11493 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: بوشرا محەمەد

پەنابەری بەتەنیا دیاردەیەکی مێژویی و یاسای نیە، بە جۆرێک، کە ریکۆردە مێژوییەکان لە سەردەمی میسریە کۆنەکان و ئیغریقیەکان و عیبریەکانەوە ئاماژەی پیدەدەن، بەڵکو چەمکێکی ئەزمونی فەلسەفیە و لەژیانی زۆرێک لە بیرمەندان و فەیلەسوفاندا دەبینرێت، کە ژیانیان لەپێناوی ئازادی و دیمکراسی و ژیانێکی شایستە بە مرۆڤدا بەسەربردووە، لەوانە دیکارت، ڤۆڵتێر، تۆماس هۆبز و سپینۆزا.

 

ئیتمۆلۆجی وشەی بەنابەر لە هەموو زمانەکاندا، لە وشەگەلی وەک: شوێنی خۆ حەشاردان، پەناگەی پاراستن لە مەترسی، ئاوارەبوون، پەنابردن وەرگیراوە. سەرەڕای دێرینی دیاردەکە، پەنابەر، وەک چەمکێکی زمانەوانی و یاسای، لە سەدەی شازدە و حەڤدەدا دەرکەوتووە، بەتایبەتیش لە روداوی سەرکوتکردن و ئاوارەبوونی (پرۆتستانتە هوگەنێتەکان) بۆ بەریتانیا، لە سەردەستی فەڕەنسیە کاثۆلیکەکانەوە. ئەوەی کە جێگەی سەرنجە ئەوەیە، کە وشەی پەنابەر لە سەرەتادا بەمانای: (کەسێک کە بەدوای پەناگەیەکی ئارامەوەیە) دەهات، بەڵام لەسەرەتای سەدەی بیستەوە بەمانای: (کەسێک کە لە نیشتیمانی خۆیەوە ئاوارە دەبێت) دێت.    

پەنابەر کێیە؟ 
هەرەوک لە پێشتردا ئاماژەمان پێدا، کە پەنابەر بەپێی سەردەم و گەشەی کلتوری کۆمەڵگاکان، واتا و پێناسەی جیاوازی بۆ کراوە، بە درێژای مێژوو. هەرچەندە، لە دوای دەرچونی ڕێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتیە کان و دامەزراندنی دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان، تێگەیشتنێکی هاوبەش و پێناسەیەکی گەردونی بۆ کراوە، کە بریتییە لەو کەسەی، کە بە هۆی ترس لە چەوساندنەوە و ئازاردان لە بەرامبەرجیاوازی ئاینی و رەگەزی، نەتەوەی، نەژادی، رەنگ، زمان و ئەندامیەتی لە دەستەو کۆمەڵەی سیاسی یان کلتوری، وڵاتەکەی خۆی (ئەو وڵاتەی کە جنسیەکەی هەڵگرتووە یان شوێنی سەرەکی ژیانی) بەجێدەهێڵێت و پەنا بۆ ولاتێکی تر دەبات و داوای مانەوەی لێدەکات. بە واتایەکی تر، پەنابەر بیگانەیەکە لە وڵاتێکدا، لەبەر یەکێک یان چەند هۆکارێک لەوانەی سەرەوە ئاماژە دران، لە وڵاتەکەی خۆیدا پێش هاتووە بۆی. هەرچەندە، کە ئەو کەسە ڕاستەوخۆ پێی ناوترێت پەنابەر لەو وڵاتەدا، بەڵکو دەبێت ڕاستەوخۆ دوای گەیشتنی بەو وڵاتە، داوای مافی پەنادان بکات بە شیوەیەکی فەرمی و یاسای و دوای رەزامەندی دەزگای پەیوەندیدار بە داواکارییەکەی، دەبێتە پەنابەر.

جۆرەکانی پەنابەر
وەک لە پێناسەی پەنابەر ئاماژەماندا، پەنابەر کەسێکە کە بەهۆکاری جیاوازی ئاین، ڕەگەز، بیرکردنەوەی سیاسی ...هتد، شوێنی سەرەکی ژیانی بە جێدەهێڵێت. لەم ڕاستییەوە، بۆمان دەردەکەوێت، کە پەنابەر تەنیا یەک جۆر نییە. بە واتایەکی تر، مادام هۆکارگەلی جیاواز هەبن بۆ ئەوەی کە مرۆڤ ببێتە پەنابەر، دەبێت جۆری جیاوازی پەنابەریش هەبێت. جۆرەکانی پەنابەر ئەمانەی خوارەوەن:
1. پەنابەری سیاسی 
پەنابەری سیاسی بە کەسانێك دەگوترێت، کە بە هۆکاری سیاسی دەبنە پەنابەر. پەنابەری سیاسی بەزۆری کەسانی بەناوبانگ و دیاری ئۆپۆزسیۆنن یان فەرمانبەری باڵان، کە لەئەرکەکانیان لاساری دەکەن بەرامبەر بە حکومەتەکانیان یان بەڕیوەبەر و فەرماندارەکانیان.

2. پەنابەری ئاینی 
ئەم جۆرە لە  پەنابەر کەسێکە، کە داوای پەنابەری لە وڵاتێکی تر کردووە، لە بەرئەوەی کە دوچاری ئازار و چەوساندنەوە بووەتەوە لەوڵاتی خۆیدا، بەهۆکاری جیاوازی بیرو باوەڕە ئاینیەکەی.

3. پەنابەری مرۆیی
پەنابەری مرۆیش کەسێکە، کە پەنا دەباتە بەر وڵاتێکی تر، بە هۆکاری جەنگ یان ململانێی چەکداری. جێگەی ئاماژەدانە، کە هەندێک لە وڵاتان ئەم جۆرە لە پەنابەرانە دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان دوای تەواوبونی جەنگ و هەندێکی تر مافی مانەوەیان پێدەدەن، تەنانەت دوای تەواو بوونی جەنگیش.

مێژووی مافی  پەنابەری 
هەروەک لەپێشتردا ئاماژەمان پێدا، کە دیاردەی پەنابەری مێژویەکی دێرینی هەیە و دەگەڕیتەوە بۆ سەردەمە کۆنەکان، لەوانە: سەردەمی ئیغریقیەکان و میسریەکان و عیبریەکان، بەجۆرێک کە ئەو کەسانەیان لە خۆ دەگرت کە لە وڵات و ناوچەکانی خۆیان ئاوارە دەبوون و داوای پەنادانیان لێیان دەکرد، بەڵام بەبەربڵاوی، دیاردەی پەنابەری لە سەدەکانی سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئاینی مەسیحیەتدا بوو کاتێک کە هاوڵاتیان رویان دەکردە کەنیسە و داوای پاریزگارییان دەکرد لە دەستی ئیمپڕاتۆریەتی رۆمانی. دوای بڵاوبوونەوەی دیاردەی پەنابەری ئاینی بۆ کڵیسە، پیاوانی ئاینی مەسیحی هەوڵی دەرکردنی یاساییەکی تایبەتیاندا بە ناوی (یاسای پەنابەری مەسیحی) بەجۆرێک، کە لەژیر کاریگەری ئەو یاسایەدا، کەنیسە بوبە شوێنێکی ئارام بۆ هەموو ستەم لێکراوان. ئەگەر سەرنجی مێژووی ئیسلامیش بدەین، دەبینین، کە دیاردەی پەنابەری لە سەردەمی ئیسلامیشدا هەبووە، بەجۆرێک، کە مسوڵمانان خۆیان داوای پەنادانیان کردووە، لەبەرامبەر زوڵم و زۆری و چەوساندنەوەی قوڕەیش، لە وڵاتانی دراوسێ، وەک: حەبەشە، لەسەرەتاکانی مێژوی ئیسلامدا و وە خەلکیشیان پەناداوە، لەبەرامبەر چەوساندنەوە و ململانێی سیاسی و ئاینی و لە کاتی جەنگدا. لە سەردەمی نوێشدا، شەپۆلی پەنابەران، بەردەوام لەڕێدا بووە، لە ئەوروپاوە بۆ دەرەوەی ئەو کیشوەرە، بەکاریگەری جەنگە جیهانییەکانی یەکە م و دووەم و لە سەردەمی هاوچەرخیشدا، دیاردەکە بەردەوامی هەیە، بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقاوە بەرەو ئەوروپا و ئەمریکای باکورو ئوسترالیا، لەژێر کاریگەری سیستەمی سیاسی پاشڤەرۆ و جەنگ و ململانێی چەکداری.
مافی پەنابەری لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکاندا

یەکەم بەڵگەنامەی نێودەوڵەتی، کە ئاماژەی بە مافی پەنابەری کرد، (جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ) بوو. جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ یەکێکە لە سەرەتایترین و سەرەکیترین ئەو بەڵگەنامە گرنگانەی، کە کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان، دوای سێ ساڵ لە دامەزراندنی رێکخراوەکە و لە ساڵی (١٩٤٨) دەریکرد، وەک دانپیادانانێک بە هەموو ئەو مافە سەرەتاییانەی مرۆڤ، کە لە دەورانی جەنگی جیهانی یەکەم و بەتایبەت جەنگی جیهانی دووەمدا پێشێل کران و لەژێر کاریگەری ئەو پێشیلکارییانەدا، مرۆڤایەتی ڕوبەڕوی دارمان و تێکچونی سیستەمی ژیانکردن و بەرێوەبردنی گشتی بوویەوە. بەڵگەنامەی دووەم، (پەیماننامەی پەیوەندیدار بە مافی پەنابەران) بوو، کە شەش سال دوای دامەزراندنی نەتەوەیەکگرتووەکان و لە ساڵی (١٩٥١) دا دەرکرا. هەردوو بەڵگەنامەکە کاریگەری گەورەیان کردە سەر تێگەیشتنی جیهانی بۆ پەنابەران و مافەکانیان و دواجار کاریگەری گەورەی ئەرێنی کردە سەر بارودۆخی ژیانیان. لەو ماددانەی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، کە پەیوەندیدارن بە مافی پەنابەرییەوە، ئەمانەی خوارەوەن:
ـ ماددەی (١٣): (١. هەموو کەسێك مافی ئازادی هاتوچۆکردن و نیشتەجی بوونی هەیە لە چوارچێوەی سنوری هەر دەوڵەتێکدا. ٢. هەموو کەسێک مافی جێهێشتنی هەر وڵاتێکی هەیە لەناویاندا وڵاتی خۆی و مافی گەڕانەوەشی بۆی هەیە).
ـ ماددەی (١٤): (١. هەموو کەسێک مافی گەڕان و داواکردنی پەنابەری هەیە لە ولاتی تر لەبەرامبەر سەرکوتکردندا...).

هەرچی (پەیماننامەی پەیوەندیدارە بە مافی پەنابەران)ە، لە ساڵی (١٩٥٤) ەوە لە باری جێبەجێکردندایە و تەواوی ماف و ئەرکی پەنابەران رون دەکاتەوە. لە گرنگترین ئەو ماددانەی پەیماننامەکە، ئەوانەن کە پێناسەی پەنابەر دەکەن،  بەوەی کە هەر کەسێکە، کە ترسێکی جدی هەیە لە سەرکوتکردن و چەوساندنەوە لەبەرهۆکاری نەژادی، ئاینی، نەتەوەی، ئەندامیەتی لە گروپێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو یان هەلگرتنی بۆچونێکی سیاسی لە ولاتەکەی خۆیدا و ناتوانێت لەوێ بمینێتەوە. پەیماننامەکە، هەروەها، ئەرکی پەنابەران دیاری دەکات، بەوەی کە دەبێت گویڕایەڵی یاسای ئەو ولاتانە بن، کە پەنایان بۆ بردووە و سەرپیچیان لێ نەکەن. زیاتر لەوە، پەیماننامەکە داوا لە وڵاتانی ئەندام دەکات، کە مافەکانی پەنابەران گەرەنتی بکەن و بە بێ جیاوازی ئاینی و نەژادی و پێگەی ئەو وڵاتانەی کە لێیەوە هاتوون و تەواوی مافە مەدەنی و سیاسی و کۆمەلایەتی و ئابورییەکانیان دەستەبەر بکەن.

شایەنی ئاماژەدانە، کە کۆمیسیۆنێکی تایبەت هەیە بە پەنابەران بە ناوی (کۆمسیۆنی باڵای پەنابەران). ئەو کۆمسیۆنە لە (١٤/١٢/١٩٥٠) ەوە دامەزراوە و سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانە، بە جۆریک کە کاری سەرەکی بریتییە لە پێشکەشکردنی هاوکاری بە پەنابەران و پاریزگاریکردن لێیان لە رێگەی نیشتەجێکردنیان لەو وڵاتانی پەنادەر و گەڕاندنەوەیان بۆ ولاتانی خۆیان لەکاتی پێویستدا.  بەگوێرەی ئامارێک، ئەو کۆمسیۆنە سەرپەرشتی (٢٠) ملیۆن پەنابەری کردووە، لە مانگی (٧) ی ساڵی (٢٠٢٠).

ئەوەی کە ماوەتەوە بگوترێت: ئەوەیە کە پەنابەرانیش، وەک هەر کەسێکی تر مرۆڤن، بۆیە شایستەن بە کۆمەڵێک ماف، لەبەرامبەر جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا. لەسەردەمی هاوچەرخدا، پەنابەر و مافەکانیان یەکێکن لە گرنگترین بابەتە یاساییە نێودەوڵەتییەکان، کە بەردەوام جێگەی گفتوگۆ و لێکدانەوەی یاساناسانی نیودەوڵەتین. هەبوونی وەها مافێک، وەک مافی پەنابەری، دەرخەری ئەوەیە، کە مرۆڤەکان شایستەن، بە ژیانێکی شکۆمەندانە و شەرەفمەندانە، لەو جیگەیەی کە ژیانی تیادا دەکەن. ئەگەر هات و نەیانتوانی، وەها ژیانێک بە دەست بهێنن بەهۆکاری جیاوازی لە هەبوونی سیاسی و کلتوری یان جەنگ و کاریگەرییەکانی، دەتوانن شوێنی نیشتەجێ بوونیان بگۆڕن و لە شوێنێکی تر، شکۆ و شەڕەفی مرۆڤ بوونیان بە دەست بهێنن.