تورك بۆ دان بەجینۆسایدی ئەرمەنیەکاندا نانێت؟

جیهان

24/04/2021‌ 2707 جار خوێندراوه‌ته‌وه

هەژار سدیق


بڕیاری بەجینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکان، لەلایەن ئەنجومەنی پیران لەساڵی 2019 و  ئەمڕۆش جۆزیف بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، پابەندبوونی حکومەتەکەی بۆ بەفەرمی ناساندنی ئەم کۆمەڵکوژیەی ڕاگەیاند.

 
بەمەش ژمارەی ئەو وڵاتانەی دانیان بەم کۆمەڵکوژیەدا ناوە، گەیشتۆتە 32 وڵات.

پڕۆژە بڕیاری بەجینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکان، لەپەرلەمانی میسریش ئامادەیە بۆ دەنگدان لەسەری، ئەوکاتەش میسر دەبێتە سێیەم وڵاتی عەرەبی لەدوای سوریاو لوبنان دان بەم تاوانەی تورکە عوسمانیەکاندا بنێت.

ناساندنی ئەم تاوانە هەروا دێ فراوانتر دەبێت، ئەگەر ناساندنی ئەم تاوانە بچێتە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ، میراتگری عوسمانیەکان، کەتورکیای ئێستایە بەقانون ناچار دەکرێت ، بەشێك لەخاکی وڵاتەکەی، کەپێکهاتووە لەپێنج ویلایەت ، وان و ئەرزەڕۆم و ئەلازیزو بەتلیس و ئامەد و سیواس کەئێستا زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردن ، بگەڕێنێتەوە بۆ کۆماری ئەرمینیا، کە ئێستا ئەم وڵاتە میراتگری شەهیدانی کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکانە.

تورکیا دەبێ قەرەبووی کەسوکارو میراتگری زیاتر لەملیۆن و نیوێك شەهیدانی ئەرمەن بکاتەوە.

پێویستە تورکیا هەموو ئەو سەروەت و سامان و پارەیەی ئەرمەنیەکان، کە لە بانکەکان دابوون و عوسمانیەکان تاڵانیان کردووە ، بگەڕێنێتەوە بۆ ئەرمینیا.

ئەم دان پێدانانەی ئەمڕۆی ئەمریکاش بەکۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکان، هەنگاوێکی دیکەیە، بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگە درێژخایەنەکان، کەئەمریکا سەرکردایەتی دەکا.