ئەسەد لە حوكمڕانی دەمێنێتەوە…بایدن بڕیارێكی ستراتیژی سەبارەت بە سوریا دەردەكات

ڕاپۆرت

25/04/2021‌ 4878 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی "هاڕتس" ی ئیسڕائیلی لە وتارێكی دوور و درێژیدا سەبارەت بە دۆخی سیاسی  و مەیدانی لە سوریا كە "تسفی بریئیل" نووسیوویەتی، باسی لەوە كردووە كە مانەوەی بەشار ئەسەد لە حوكمڕانی سوریا بۆ ئیسڕائیل و ڕوسیا ئارامبەخشە و جێگەی نیگەرانی نییە، ئەم پرسەش بۆ ئیسڕائیل جێگەی بایەخە و بژاردەیەك لە حوكمڕانی سوریادا كاریگەری گەورەی بۆ سەر تەلئەبیب دەبێت.

ڕۆژنامەكە لەسەر زاری شارەزایەكی هەواڵگری ستراتیژی ئیسڕائیلییەوە سەبارەت بە كاروباری سوریا جەختی لەوە كردۆتەوە كە تەلئەبیب سورە لەسەر مانەوەی بەشار ئەسەد لە حوكمڕانی سوریادا.

شارەزا ئیسڕائیلییەكە باسی لەوەش كردووە كە ئەگەر بڕیار بێت بەشار ئەسەد لە حوكمڕانی سوریادا بمێنێتەوە، نازانرێت دواتر كێ جێگەی دەگرێتەوە، ئەوەی بۆ ئیسڕائیلیش گرنگە ئەوەیە كە ئاخۆ ڕژێمە تازەكەی سوریا ستراتیژیەتی چۆن دەبێت لە بەرامبەر تەلئەبیبدا.

هاوكات شارەزاكە ئاماژەی بەوەش داوە كە پرسی گۆڕینی ڕژێمی سوریا لە ئێستادا خەمی لەپێشینەی ئیسڕائیلییەكان نییە.

سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمریكا لەمەڕ سوریا ڕۆژنامەكە ئەوەی دووپاتكردۆتەوە كە لە مانگی تەمووزی ئایندەدا سیاسەتی ئیدارەكەی بایدن ڕوونتر دەبێتەوە.

هەر لەو جوغزەدا ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەو كۆبوونەوەیە كردووە كە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە مانگی تەمموزدا ئەنجامی دەدات بۆ گفتوگۆكردن لە بارەی كردنەوەی دەروازە سنورییەكانی باكوری سوریا بە ڕووی كۆمەكە مرۆییەكان، ڕۆژنامەكە جەختی لەوەش كردۆتەوە كە پێشبینی دەكات مشتومڕێكی توند لەو بارەوە لە نێوان واشنتۆن و مۆسكۆ بێتەئاراوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژنامەی هاڕتس باس لەوە دەكات كە ئەوكات جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا ناچار دەبێت بڕیارێكی ستراتیژی ڕوون دژ بە سووربوونی ڕوسیا و ڕژێمەكەی ئەسەد بدات كە مكوڕن لە داخستنی سنورەكان بە ڕووی باكوری سوریا بەو ئامانجەی ئۆپۆزسیۆنی ئیدلب ناچار بە خۆڕادەستكردن بكەن.

ڕۆژنامەكە ئەو پرسیارەشی ورژاندووە كە ئاخۆ بایدن تەنها لە ڕووی دبلۆماسییەوە ئەو سیاسەتەی ڕوسیا و سوریا شەرمەزار دەكات یاخود سزای زیاتر بەسەر سوریادا دەسەپێنێت.

هاوكات ڕۆژنامەی ناوبراو ئەگەری ئەوەشی داناوە كە لەوانەیە بایدن بڕیارێكی ستراتیژی بدات و بە مەبەستی چاودێری و بەڕێوەبردنی دەروازە سنورەكان هێزی تایبەت ڕەوانەی سوریا بكات.

هەر لەو بارەوە ڕۆژنامەكە باسی لەوەش كردووە كە ئەو بڕیارەی لەوانەیە بایدن بیدات دابڕاو نابێت لەو گرژی و ئالۆزییانەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیادا هەیەتی، بە دووریش نابێت لەو جەنگە دبلۆماسییەی لەگەڵ ڕوسیادا بەرپایكردووە، هەروەها لەگەڵ ووردەكاری ئەو دانوستانەش كە لەگەڵ ئێراندا سەبارەت بەدۆسییەی ئەتۆمی لە ئارادان.

سەبارەت بە هەڵوێستی ڕوسیا ڕۆژنامەكە باس لەوە دەكات كە دیدگای مۆسكۆ سەبارەت بە پرسی سوریا و بەشار ئەسەد هاوشێوەی دیدگای تەلئەبیبە بەوەی بۆ ماوەیەكی كاتی ئەسەد لە حوكمڕانی سوریادا بمێنێتەوە.

ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە ڕوسیا و ئیسڕئیل لە پرسی سوریادا خاوەن هەمان دیدگان، ڕوسیا پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی سوریا دەكات كە گەڕێكی دیكەی حوكمڕانی بۆ ماوەی 7 ساڵ بۆ بەشار ئەسەد مسۆگەر دەكات، ڕۆژنامەی ناوبراو پێی وایە كە هەڵبژاردنێكی لەو جۆرەش لە بەرژەوەندی ئیسڕائیلییەكانە.  

پێگەی ئەلەكترۆنی: تەيف پوست
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر