ڕێککەوتننامەی ناوەکیی چۆن هاوکار دەبێت لەبوژاندنەوەی ئابووری ئێران؟

مەلەفی تایبەت

26/04/2021‌ 550 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌ناونیشانى (ڕێککەوتننامەی ناوەکیی چۆن هاوکار دەبێت لەبوژاندنەوەی ئابووری ئێران؟) ئیگۆر سپۆتین لەرۆژنامەی "نیزاڤیسیمایا گازێتا" بابەتێکی لەبارەی ئەو سازشانەوە باسکردووە کە ئەمریکا ئامادەیە بەرامبەر بەگەڕانەوەو پابەندبوون بەڕێککەوتننامەی ناوەکیی بۆ ئێرانی بکات.

لەبەباتەکەدا هاتووە، ئیدارەی جۆبایدن کۆمەڵێک بژاردەی خستۆتە بەردەم ئێران بۆئەوەی لەبەرامبەر گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتننامەی ناوەکیی بەشێک لەسزاکانی سەر ئەو وڵاتە هەڵبگرێت، لەوچوارچێوەیەدا واشنتۆن ئامادەیە گوشارەکان بۆسەر چەندین کارتی ئابووریی ئێران سووک بکات‌و کۆتوبەندەکان لەسەر کۆمپانیاکانی نەوت‌و گواستنەوەی نەوت لابەرێت.

لەگەڵ ئەوەی هێشتا ئاشکرانەبووە، ئێران ئامادەبووبێت لەوبارەیەوە هیچ سازشێکی کردبێت، بەڵام چەند سەرچاوەیەک بەڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکیان ڕاگەیاندووە، نوێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەدانوستانەکانی ڤییەننا لەهەڵوێستەکەی پێشوویان پاشەکشەیانکردووە کە مەرجی ئەوەیان هەبوو دەبێت واشنتۆن سەرەتا سەرجەم گەمارۆکان هەڵبگرێت کە لەسەردەمی ئیدارەی ترەمپدا بەسەر تاراندا سەپێنراون، تاوەکو ئەو وڵاتە بۆ پابەندییەکانی بەگوێرەی ڕێککەوتننامەی ناوەکیی جێبەجێبکات.

ئەو گۆڕانکارییە لەهەڵوێستی ئێران بەدڵنیایی بەدەستکەوت بۆ شاندی دانوستانکاریی ئەمریکی هەژماردەکرێت، بەڵام ئەمە لەناو ئێراندا نەیاری هەیە، بەشێوەیەک باڵای توندڕەوی ئێران سوورن لەسەرئەوەی دەبێت سەرەتا واشنتۆن سەرجەم سزاکان لەسەر تاران هەڵبگرێت، ئەمەش نیگەرانی لای دیبلۆماتکارە ڕۆژئاواییەکانی بەشدار لەدانوستانەکان درووستکردووە.

لەوچوارچێوەیەدا، نیکیتا سماگین پسپۆڕ لەئەنجوومەنی کاروباری نێودەوڵەتیی ڕوسی کە ئێستا نیشتەجێی ئێرانە دەڵێت، "بازرگانیی‌و کاری وەبەرهێنانی وڵاتانی رۆژئاوایی لەئێران زیانی زۆری بەرکەوت کاتێک ناچاربون بەهۆی پاشەکشەی ئەمریکا لەڕێککەوتننامەی ناوەکی، پارەو وەبەرهێنانەکانیان لەئێران بکێشنەوە".

لەبەشێکی تری بابەتەکەی نیزاڤیزیمایا گازێتادا هاتووە، ئێرانییەکان بەچاوێکی ترەوە سەیری وەبەرهێنانی ڕۆژئاواییەکان لەوڵاتەکەیاندا دەکەن، بەجۆرێک بەشێکی زۆر لەدامەزراوە گەورەکانی دەوڵەت بەرامبەر بەوڵاتانی ئەوروپا نائومێدبوون، هەرچەندە لەڕووی شکڵییەوە لەوەتێدەگەن کە ترەمپ کۆمپانیا گەورەکانی ناچار کرد لەئێران بکشینەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا متمانەی ئەوەیان لەدەستداوە کە پرۆژەی بازرگانیی درێژمەودا لەگەڵ رۆژئاواییەکان دروستبکەن.

لەپاڵ ئەوەدا، بەگوێرەی سماگین، لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، دەوڵەتی ئێران زیاتر دەستی بەسەر کەرتی ئابووریدا گرتووە، ئەمەش مانای بیرۆکراتییەتی زیاترو جێبەجێکردنی زیاتری پرەنسیپەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەگەیەنێت، ئەو فاکتەرانە بەگشتیی ڕێگرنین لەوەی وەبەرهێنەران روو لەئێران بکەن‌و گرێبەستی ئابووری‌و بازرگانیی واژۆبکەن، بەڵام هاتنیان خاوتر دەکاتەوە.

و: ئاکۆ ئاڵی