ئایا سوپای ئه‌مریكا دەتوانێت لەیەککاتدا شەڕی چین‌و ڕوسیا بکات؟

مەلەفی تایبەت

27/04/2021‌ 1332 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پسپۆڕانی ستراتیژیی‌و شرۆڤەکارە سەربازییەکان ڕووبەڕووی پرسیارێک دەبنەوە کە ئەویش ئەوەیە ئایا سوپای ئه‌مریكا توانای ئەوەی هەیە لەیەک کاتدا ڕووبەڕووی سوپای هەردوو وڵاتی چین‌و ڕووسیا ببێتەوە.


بەگوێرەی گۆڤاری "ناشیۆناڵ ئینترێست" سوپای ئه‌مریكا توانای ئەوەی هەیە لەیەککاتدا دوو جەنگی گەورە ئەنجامبدات‌و تێیاندا سەربکەوێت، یان لەسەرکەوتنی یەکێکیان نزیکببێتەوە.

ڕوونیشیکردۆتەوە، سوپای ئه‌مریكا خۆی بۆ ئەوە ئامادەدەکات تاوه‌كو لەیەک کاتدا شەڕ لەگەڵ ئێران‌و کۆریای باکوریش بکات.

گۆڤارەکە نوسیویه‌تى:"بەڵام ئێستا دۆخەکە جیاوازەو ڕەنگە ئه‌مریكا ناچاربێت لەیەک كاتدا بەرەوە جەنگی کراوە بڕوات، بەڵام لەگەڵ کۆریای باکوور یان ئێران نا، بەڵکو لەگەڵ دوو دەوڵەت کە خاوەنی دووەم‌و سێیەم بەهێزترین سوپای جیهانن‌و توانای پێویستیان هەیە بۆئەوەی لەجەنگێکی کراوەدا لەئەوروپا یان لەزەریای هێمن دژ بەسوپای ئه‌مریكا هەماهەنگی بکەن، کە ئەوانیش سوپای چین‌و سوپای ڕووسیایە".

گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەکردووە، بەپێی پۆڵێنی "گلۆباڵ فایەر پاوە"، لەناو 140 سوپای وڵاتانی جیهاندا سوپای ئه‌مریكا پلەی یەکەمی هەیە، بەشێوەیەک خاوەنی زیاتر لە 13 هەزار فڕۆکەو شه‌ش هەزار تانک‌و 39 هەزار زرێپۆش‌و هه‌زارو 400 تۆپی ئۆتۆماتیکیی‌و دوو هه‌زارو 700 تۆپی گۆڕەپان‌و هه‌زارو 300 ڕاجیمەیە.

هەروەک سوپای ئه‌مریكا خاوەنی کەشتیگەلێکی گەورەی دەریاییە کە لە 490 پارچەی دەریایی پێکدێت، لەناویاندا 10 کەشتی فڕۆکەهەڵگر.

هەرچی سوپاکانی ڕووسیاو چینە لەپلەکانی دووەم‌و سێیه‌مى بەهێزترین سوپاکانی جیهانن کە بەهەردووکیان خاوەنی حه‌وت هه‌زارو 400 فڕۆکەی جەنگی‌و 16 هەزار تانک‌و 60 هەزار زرێپۆشن، ئەوە جگە لەبوونی 10 هەزار تۆپی ئۆتۆماتیکی‌و زیاتر لەهه‌شت هەزار تۆپی مەیدانی.

لەڕووی هێزی دەریاییەوە هەردوو سوپای چین‌و ڕووسیا خاوەنی کەشتیگەلێکی سەربازین کە لەهه‌زارو 380 پارچەی دەریایی پێکهاتووە.

و: ئاکۆ ئاڵی