خێزانێکی هەژار لە رێی شارپرێسەوە داواى هاوکاری و بە هاناوەچوون دەکات

کوردستان

28/04/2021‌ 736 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەمجارە شارپرێس ماڵە هەژارێکى دیکە بەسەر دەکاتەوەو لە قەزاى دوکانەوە بەرنامەى "میوانى تۆین" بە ئامادەبوونى قایمقامى قەزاکە لە خەم و ئازارەکانى خێزانێک دەکۆڵێتەوە.

لە ماڵێکی گڵ و سەقفێکی داردا و لە ژێر ڕەحمەتی بارانی زستاندا چاوەرێی ئاوڕدانەوەی خێرخوازانن، ماڵێک کە هیچ کات هی ژیان نییەو تەنها ئەمان دەتوانن ژیانی تێدا بکەن...
وەک خاوەن ماڵەکە باس لەوە دەکات کە مار و دووپشک لە نێو ماڵەکەیەو ئەمانیش هیچ دەرویەک شک نابەن، بۆیە داواى هاوکارى لە خێرخوازان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن ئاوڕێکیان لێ بدەنەوە.

قایمقامی دوکان کە بەشدارە لە بەرنامەکە لەڕێگەی شارپرێسەوە دەڵێت" ئێمە هاتووین لەو بەرنامەیە بەشدار بین و لەو ماڵەدا ئامادە بین بۆ ئەوەى گوێ لەخەم و ئازارەکانیان بگرین، ئامڕازێک بین بۆ ئەوەى دەنگیان بە کەسانێک بگەینین، ئێمەش دەستێکى ئەمین بین بۆ گەیاندنى هاوکارییەکان".

قایمقامى دوکان دەڵێت، پێویستە وەزارەتى کاروبارى کۆمەڵایەتى بیمەیەکى کۆمەڵایەتى بۆ ئەو خانەوادەیە دابین بکات بەتایبەت بۆ ئەو خێزان و کەسانەى کە خاوەن پێداویستى تایبەتن، داواش لە حکومەت دەکەم پلانێک دابنێت بۆ هاوکاریکردنى ئەم جۆرە خێزانانە.

هەروەها قایمقامى دوکان داواش لە خێرخوازان و سەرمایەداران و رێکخراوەکان دەکات هاوکارى ئەم خێزانە کەمدەرامەتە بکەن، جەختیش دەکاتەوە وەک ئیدارەى دوکان ئامادەى هەموو هاوکارییەکن کە خەم و ئازارى ئەو خێزانە کەم بکەنەوە.

س.هـ