شارپرێس:
نزیك كاتژمێر 1ى به‌یانى ئه‌مڕۆ تیرۆریستانى داعش له‌میحوه‌رى پردێ په‌لامارى دوو له‌سەنگەرەکانی لیواى 10ى پێشمه‌رگه‌یانداو ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ش شه‌هیدو برینداربون، سوپاسالارى پێشمه‌رگه ڕه‌خنه له‌سوپاى عێراق ده‌گرێت‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "تائێستا سوپاى عێراق نه‌یانتوانیوه بۆشایی ئه‌منیی پڕبكاته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌كات، مه‌ترسیه‌كانیش زیاترده‌بن"، فه‌رمانده‌ى میحوه‌ره‌كه‌ش ده‌ڵێت:"به‌رپرسیارێتى ئه‌و په‌لاماره له‌ئه‌ستۆى حكومه‌تى عێراقه"، له‌باره‌ى به‌دیلگرتنى ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه له‌لایه‌ن داعشه‌وه په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه.
وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه: تێكمان شكاندون
دواى په‌لاماره‌كه‌ى به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ى داعش بۆسه‌ر هێزه‌كانى پێشمه‌رگه، وەزارەتی پێشمەرگە بەڕاگەیەندراوێک له‌سه‌ر ئه‌و په‌لاماره هاته‌ده‌نگ‌و ڕایگه‌یاندوه، "هێزی پێشمەرگە بەتوندی بەرپەچی په‌لاماره‌كه‌ى داعشی داوەتەوەو تێکیشکاندوون".
له‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌دا ئه‌وه‌ش هاتوه، "لەکاتی ڕاوەدونانیان ژمارەیەکی زۆر له‌داعشه‌كان کوژراون‌و لاشەکانیان جێماون، بەداخەوە شەهیدو بریندار لەڕیزی هێزی پێشمەرگەدا هەن".
دژه تیرۆر چى وت؟
له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه دژە تیرۆری کوردستان ڕاگەیەندراوێکی سه‌باره‌ت به‌په‌لاماره‌كه‌ى داعش بڵاوکردۆته‌وه‌و وتویه‌تى:"بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە چەکدارانی گرووپی تیرۆریستیی داعش لەبەرزاییەکانی نزیک گوندی پڕکان لەسنووری میحوەری پێنجی هێزەکانی پێشمەرگە هێرشیانکردەسەر سەنگەرەکانی لیوای 10ی هێزی پێشمەرگە".
جه‌ختیكردۆته‌وه، "هێزەکانی پێشمەرگە لێیان هاتنەدەست‌و توانییان هێرشی تیرۆریستان تێکبشکێنن‌و ئێستاش بارودۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەدایە".
نورى حه‌مه‌عه‌لى: بەرپرسیارێتی لەئەستۆی حكومه‌تى عێراقه
له‌دواى په‌لاماره‌كه، نوری حەمەعەلی فه‌رمانده‌ى میحوەری (كەركوك ـ پردێ) له‌پرێس كۆنفرانسێكدا ڕایگه‌یاند، "تیرۆریستانى داعش سودیان لەو بۆشاییه ئەمنیه وه‌رگرتوه كه له‌نێوان ئێمه وه‌ك پێشمه‌رگه‌و سوپاى عێراق هه‌یه‌و درێژیه‌كه‌شى پێنج كیلۆمه‌تره".
ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ى پێشمه‌رگه حكومه‌تى عێراقى به‌به‌رپرسیار زانى له‌و په‌لاماره‌و ئاشكرایكرد، "له‌و پێنج كیلۆمه‌تره‌ش كه بۆشایی ئه‌منى هه‌یه، ئێمه وه‌ك پێشمه‌رگه سەنگەرمان هەیە، بەڵام حکومەتی عێراق ڕێگه‌ی نەداوە لەو شوێنانە پێشمەرگە جێگیربن، بۆیە به‌ڕاستى بەرپرسیارێتی لەئەستۆی ئەوانە، له‌ئێستاشدا سێ هه‌زار پێشمه‌رگه له‌میحوه‌رى پردێ خراونه حاڵه‌تى ئاماده‌باشیه‌وه".
زیانه‌كانى پێشمه‌رگه له‌زارى نورى حه‌مه عه‌لیه‌وه
نوری حەمەعەلی فه‌رمانده‌ى میحوەری (كەركوك ـ پردێ) ئەوەشیخستەڕوو، لەپه‌لاماره‌كه‌ى داعشدا، سێ پێشمەرگە شەهیدبوون‌و دوانی دیکەش بریندارن.
شارپرێس زانیویه‌تى ته‌ندروستى هه‌ردوو پێشمه‌رگه برینداره‌كه‌ش جێگیره‌و یه‌كێكیان دوو فیشه‌ك به‌هه‌ردوو قاچى كه‌وتوه‌و ئه‌وى دیكه‌ش سێ فیشه‌كى به‌ركه‌وتوه‌و نه‌شته‌رگه‌ریان بۆ ئه‌نجامدراوه.
ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى نێوان پێشمه‌رگه‌و تیرۆریستانى داعش چه‌ندى خایاند؟
به‌وته‌ى فه‌رمانده‌یه‌كى پێشمه‌رگه له‌سنورى پردێ كه بۆ شارپرێس قسه‌یكرد، ماوه‌ى 50 خوله‌ك شه‌ڕو پێكدادانى سه‌خت له‌نێوان هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌و تیرۆریستانى داعش به‌رده‌وامبوه.
به‌وته‌ى فه‌رمانده‌كه، "سه‌ربارى بۆشایی ئه‌منى، به‌ڵام تیرۆریستانى داعش سودیان له‌كاتى پارشێوكردنى هێزى پێشمه‌رگه‌ش بینیوه‌و په‌لاماره‌كه‌ى ئه‌نجامداوه، به‌ڵام پێشمه‌رگه زۆر ئازایانه توانیویانه تێکیان بشکێنن‌و بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر دواى تیرۆریستان بكه‌ون".
گروپێكى ڕاهێندراو بون
ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ى پێشمه‌رگه ئه‌وه‌شى بۆ شارپرێس ڕونكرده‌وه، ئه‌و گروپه‌ى داعش كه په‌لاماره‌كه‌ى ئه‌نجامدا، گروپێكى زۆر ڕاهێنرابونه، "پێمانوایه چه‌كدارى بیانیشیان تێدابوه، چونكه له‌ڕوى ته‌كنیكى په‌لامارو شه‌ڕكردنه‌وه زۆر ڕاهێنراوانه په‌لاماره‌كه‌یان ئه‌نجامداوه، به‌ڵام سوپاس بۆ خوا پێشمه‌رگه زۆر ئازایانه توانیی تێكى بشكێنێ".
سودیان له‌ماتۆڕسكیل بینیوه
فه‌رمانده‌كه‌ى پێشمه‌رگه باسى له‌وه‌شكرد، پێمانوایه، تیرۆریستانى داعش سودیان له‌ماتۆڕسكیل بینیوه له‌په‌لاماره‌كه‌یاندا، چونكه به‌ماوه‌یه‌كى زۆر كه‌م له‌هه‌ڵاتیان دیارنه‌ماون.
ئه‌و ده‌ڵێت:"پێمانوایه كاتێك تیرۆریستان هاتون، سه‌ره‌تا به‌ماتۆڕسكیل هاتونه‌ته نزیك سه‌نگه‌ره‌كانى پێشمه‌رگه‌و دواى ئه‌نجامدانى په‌لاماره‌كه‌شیان، سودیان له‌هه‌مان ئه‌و ماتۆڕسكیلانه بینیوه‌ته‌وه بۆ هه‌ڵاتیان".
"هیچ سه‌نگه‌رێك نه‌سوتێندراوه"
ئه‌وه‌شى وت:"به‌داخه‌وه زۆر ده‌نگۆ بڵاوبۆته‌وه گوایه دوو له‌سه‌نگه‌ره‌كانى پێشمه‌رگه دواى ئه‌وه‌ى داعش چۆته ناویان، هه‌ردوو سه‌نگه‌ره‌كه‌شى سوتاندوه، به‌ڵام ئه‌مه ڕاست نییه، به‌ڵكو ڕاستیه‌كه ئه‌وه‌یه په‌لامارى دوو سه‌نگه‌رى داوه، له‌یه‌كێكیان زۆر نزیكبۆته‌وه‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه شه‌ڕى ده‌سته‌ویه‌خه ڕویداوه‌و له‌سه‌نگه‌ره‌كه‌ى دیكه‌ش به‌هه‌مانشێوه تێكشكێندراوه".
سوپاسالارى پێشمه‌رگه زانیاریه‌ك ئاشكراده‌كات
جه‌مال ئیمینیكى سوپاسالارى هێزى پێشمه‌رگه ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، "له‌گه‌ڵ سوپاى عێراق له‌سه‌ر دوو ناوه‌ندى هه‌ماهه‌نگى ڕێكه‌وتون، به‌ڵام تائێستا له‌سه‌ر پڕكردنه‌وه‌ى بۆشایی ئه‌منى له‌گه‌ڵ عێراق نه‌گه‌یشتوینه‌ته هیچ ڕێكه‌وتنێك‌و ئه‌وانیش نه‌یانتوانیوه بۆشایی ئه‌منیی پڕبكه‌نه‌وه، ئه‌گه‌ریش بۆشایی ئه‌منى پڕنه‌كرێته‌وه مه‌ترسیه‌كان زیاترده‌بن".
ش.هـ