ڕێککەوتنەکەی ئۆپیک پڵەس داهاتی نەوتی عێراقی زیاد کردووە

عیراق

07/05/2021‌ 643 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە کە ڕێککەوتنی ڕێکخراوی "ئۆپیک پڵەس" بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە جیهاندا، داهاتی مانگانەی فرۆشتنی نەوتی عێراقی چەندقاتکردووە .

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی عێراقی "واع" عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە کە بریاری وڵاتانی هەناردەکاری نەوت کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و راگرتنی هاوسەنگی نرخەکان بوو لەبازارە جیهانییەکان، باسی لەوەشکردووە کە ئامانجی عێراق زیادبوونی داهاتەکان بوو نەوەک بڕی هەناردەکردنی نەوتەکەی.

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرایکردووە کە داهاتی پێشووتری فرۆشتنی نەوتی عێراق مانگانە لە ملیارێک دۆلار کەمتر بوو، بەڵام ئێستا بە هەناردەکردنی بڕێکی کەمتر مانگانە نزیکەی ٦ ملیار دۆلار داهاتی هەیە.

سەبارەت بەو برە نەوتەی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی یاسای بودجە رادەستی بەغدای دەکات، جیهاد ئاماژەی بۆئەوەکردووە کە هێشتا کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی بەندەکانی بودجەدا هیچ برە نەوتێکی لەهەرێمی کوردستانەوە بەدەست نەگەیشتووە.

لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و هەرەسهێنانی نرخەکانی نەوت لەجیهاندا، لە ١٥ی نیساندا وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی ئۆپیک و ١٠  وڵاتی دیکەی دەرەوەی ڕێکخراوەکە، کە بە ئۆپیک پڵەس ناسران، ڕێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت.

ئۆپیک پڵەس لە ئەندامانی ڕێکخراوی ئۆپیک و چەند وڵاتێکی دیکەی دەرەوەی ڕێکخراوی ئۆپیک پێکهاتووە، لەوانە ڕوسیا و مەکسیک و بەحرێن و سودان و ئازەربایجان و مالیزیا و عەممان، ئەندامانی سەرەکیی ئۆپیکیش بریتیین لە عێراق، ئێران، سعودییە،کوەیت، ڤانزیۆلا،قەتەر،لیبیا.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی