لایەنە کوردییەکانی سوریا لەسەر کاتی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان ڕێکناکەون

کوردستان

09/05/2021‌ 642 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکانی رۆژئاوای کوردستان، لایەنە کوردییەکانی سوریا لەمیانی کۆبوونەوەیەکیاندا لەگەڵ مەزڵووم کۆبانی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات و دیڤید بڕاونشتاین جێگری نێردەی ئەمەریکی بۆ کاروباری سوریا ، لەسەر کاتی دەستپێکردنەوەی گەڕێکی نوێی دانوستانەکانی نێوانیان ڕێکنەکەوتوون.

ئەو سەرچاوانە باسیان لەوەکردووە کە کۆبوونەوەکە رۆژی هەینی لە شاری حەسەکە بەڕێوەچووە، کە تێیدا شاندێک لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کوردی (ئەنەکەسە) و شاندێکی پارتەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردیی (پەیەنەکە) بەشدار بوون.

ئەوەش ئاشکراکراوە کە لایەنە بەشدارەکان لەسەر هیچ کاتێک بۆ دەستپێکردنەوەی گەڕێکی نوێی دانوستانەکان ڕێکنەکەوتوون.

پێشتر بەرپرسێکی دیاری ئەنەکەسە باسی لەوەکردبوو کە کۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ مەزڵووم کۆبانێ کارێکی باشە، لەبەرئەوەی سەبارەت بە دانوستانەکان کەسێکی جیدییە،بەڵام پێدەچێت لەڕووی گوشارخستنەسەر سەر لایەنی بەرانبەر تواناکانی لەئاستی پێویستدا نەبێت.

هەردوو لایەنی سەرەکیی دانوستانەکان یەکتر بە هۆکاری پەکخستنی دانوستانەکان تۆمەتبار  دەکەن کە لە نیسانی ساڵی ٢٠٢٠ وە دەستیان پێکردووە و بەمەبەستی درووستکردنی لێڤەگەڕێکی سیاسییە و ئیداریی بۆ ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی