عێراق تا ساڵی 2048 توانای دانەوەی قەرزەکانی نابێت

ئابوری

09/05/2021‌ 438 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێکی لیژنەی ئابووریی و وەبەرهێنانی پەڕلەمانی عێراق رایگەیاند، کە هێشتا ژمارەیەکی ورد لەسەر قەبارەی قەرزەکانی عێراق لەبەردەستدا نییە، ئاشکراشی کردووە کە تاوەکو ساڵی ٢٠٤٨ عێراق توانای دانەوەی هەموو قەرزەکانی نابێت.

مازن فەیلی ئەندامی لیژنەکە لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندوە، هێشتا بەوردی قەبارەی قەرزەکانی سەر عێراق دیارینەکراون، بەڵام بەگوێرەی داتاکانی حکومەت بەشێک لە قەرزەکان ناوخۆیی و بەشێکیشیان قەرزی دەرەکین و هەندێک لە قەرزەکانیش ساڵی ٢٠٤٨ کۆتایی بە دانەوەیان دێت.

فەیلی ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە پێویستە پلانی بەهێزکردنی سەرچاوەکانی داهات لەپێناو دانەوەی قەرزەکان دابنرێت، نەوەک هەر تەنیا بیر لە وەرگرتنی قەرزبکرێتەوە، وتوشیەتی هێشتا حکوومەت هیچ پلانێکی کارداری نییە بۆئەوەی کەرتەکانی پیشەسازی و کشتووکاڵی و گەشتوگوزاری بەهێز بکرێن و لەو ڕێگایەوە داهاتەکان زیاتر بکرێن.

لەماوەی رابردووشدا، مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دارایی رایگەیاندبوو کە قەرزە ناوخۆیی ‌و دەرەكییەكانی عێراق گەیشتوەتە ٧٣ ملیار دۆلار ‌، ئەمە لەپاڵ ٤٠ ملیار دۆلاری تردا كە قەرزی هەڵپەسێردراوی هەشت وڵاتە.

ساڵح باسی لەوەکردبوو کە  گەورەترین قەبارەی قەرزی عێراق بۆ پێش ساڵی ١٩٩٠ دەگەڕێتەوە كە قەرزەكانی زیاتر لە (١٢٨ ملیار) دۆلار بووە، بەڵام بەگوێرەی رێككەوتنی یانەی پاریس لە ساڵی ٢٠٠٤دا، رێككەوتن كرا لەسەر ئەوەی هەموو ئەو وڵاتانەی كە قەرزیان لای عێراقە، رێژەی ٨٠% یاخود زیاتری قەرزەكانیان بسڕنەوە لەبەرامبەر ئەوەی عێراق رێككەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتانە ئیمزا بكات.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێك وڵات هەن كە دەستیان لە قەرزەكانی خۆیان لای عێراق بەرێژەی ١٠٠% هەڵگرتووە، بەشێكی تر لەرێژەی ٩٠%ی قەرزەكانیان خۆش بوون، لەم قەرزانە ئێستا تەنیا (٣ ملیار) دۆلار ماوەتەوە‌و ئەم قەرزەش گەڕێندراوەتەوە‌و لەسەروبەندی تەواوبوندایە.
ئامادەکردن : ئاکۆ ئاڵی