بەرپرسێکى کورد کاتى رەوانەکردنى بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە ئاشکرا دەکات

کوردستان

09/05/2021‌ 1495 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فازڵ نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی عێراق بڕیاری داوە ئەم مانگە پشكی هەرێم رەوانە بكات، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەكی پێكهێناوە.

فازڵ نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بە ماڵپەڕی  فەرمی پارتی وتووە،  "ئەوەی جێگەی تێبینییە، ئەوان لیژنەیەكیان لە مەكتەبی سەرۆك وەزیران پێكهێناوە، ئەگەر نوێنەری هەرێمی كوردستانی لەگەڵدا نەبێت، هەندێك زەحمەتە، چونكە ئەگەر نوێنەری هەرێم یاخود لیژنەیەكی هاوبەشی هەرێم و بەغدا هەبێت، ئەوكات كارەكان ئاسانتر دەبن‌و پشكی هەرێمی كوردستان زوترو ئاسانترو وەكو خۆی رەوانە دەكرێت".

دەشڵێت "گرنگە ئەو لیژنەیەی پێك هێندراوە، هاوبەش بێت، پێویستە لیژنەكەی ئێمە سێ نوێنەری تێدا بێت، ئەوانیش نوێنەری سامانە سروشتییەكان‌و وەزارەتی دارایی‌و دیوانی چاودێریی دارایی، بۆ ئەوەی بتوانن هەماهەنگی بكەن‌و بە ئاسانی چارەسەری كێشەكان بكەن، بەڵام ئەگەر لیژنەی ئێمەی تێدا نەبێت، رەنگە دەستاودەستی پێ بكرێت".

بەوتەی فازڵ نەبی، دوو كێشە هەیە چارەسەر بكرێن، ئەوانیش داهاتی هەرێم كە نیوەی رادەست دەكرێت، لەگەڵ نەوت حیساب دەكرێت كە 250 هەزار بەرمیلە، ئەگەر كەسانی تایبەتمەند دیاری بكەن، زۆر بە ئاسانی پشكی هەرێم دیار دەبێت‌و مانگانە بێ كێشە رەوانە دەكرێت.