قائیمقامی شارەزور لەڕێگەی شارپرێسەوە كێشەی نیشتەجێبونی خێزانێك چارەسەردەكات

کوردستان

09/05/2021‌ 991 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:


به‌رنامه‌ى(میوانى تۆین) له‌ شارپرێسه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌و له‌به‌رنامه‌ى ئه‌مجاره‌دا خێزانێكى هه‌ژارى به‌سه‌ركرده‌وه‌ كه‌ پێكهاتون له‌ خوشك و برایەك، ئەو خێزانە دوچاری نەخۆشی بوون وتوانای دابینكردنی بژێویان نیە و لەگەڵ ئەوەشدا ئەو خانوەی تێیدا دەژین شیاوی نیشتەجێبون نیە، ‌قایمقامی شارەزوور كە میوانی بەرنامەكە بوو بەڵێنی دا كێشەی خانووی ئەو خێزانە چارەسەر بكات.


رزگار غەفور، قایمقامی شارەزوور لە دەستپێكی بەرنامەكەدا وتی، بەپێی ئەو ئامارانەی كردوومانە زیاتر لە سێ هەزار خێزانی هەژار و كەمدەرامەت لە سنوری قەزاكەیاندا هەیە، ئەوەیشی وایكردووە رێژەكە بەو شیوەیە بێت نەبونی شوێنی بازرگانی و گەشتیارییە لە سنورەكەدا.

دواتر مام حسەین ئەو پیاوەی لە گەڵ خوشكەكەیدا پێكەوە دەژین و باسی لە خراپی دۆخی ژیانی خۆیان كردوو ئاماژەی بەوەكرد، لەوتەی هەم خەریكی جوتیاری و كاركردنم و ئێستا توانای ئیشكردنم نییە و جەڵتە داویەتی لە مێشكم و باڵێكم، كێشەی تەندروستی بۆ دروستكردووم و توانای لێبڕیوم.

مام حسەین وەك خۆی دەڵێت، تەمەن 70 ساڵە و تائێستا ژیانی هاوسەرگیری ئەنجام نەداوە و لەگەڵ خوشكێكیدا ژیان بەسەر دەبات.

ئەو هاوڵاتییە لەبارەی سەرچاوەی دارایی ژیانیانەوە وتی، ئەوەی هەیە خەڵك هاوكاریمان دەكات و خێر و خێراتمان پێدەدەن، بە تایبەت لە مانگی رەمەزاندا و ئەوەش كەمە و بەشی دابینكردنی پێداوستییەكانمان ناكات.

ئەو خانوەی ئەو براو خوشكەی تێدا دەژین گڵە و لە كاتی باراندا دلۆپە دەكات و جرجی تێدایە و ژیانی لێ تاڵكردوون، بۆیە داوایان كرد كێشەی خانووەكەیان بۆ چارەسەر بكەن.

"ئاواتم ئەوەیە بتوانم خۆم بە دەستی خۆم كەسابەت بكەم و بتوانم بژێویو مەعیشەتی خۆم دابین بكەم" مام حسەینی تەمەن 70 ساڵ وای وت.

شارپرێس داواكاری ئەو خێزانە هەژارەی روبەڕوی قایمقامی شارەزوور كردەوەو ئەویش بەڵێنی دا وەك چۆن لە رابردوودا ئەوەی پێیان كرابێت كارئاسانیان كردووە لەگەڵ كەرتی تایبەت و دەوڵەمەندان كە یارمەتی خەڵكی هەژاربدرێت و هەر لەو رێگەیەوە هەوڵدەدەن چارەسەری كێشەی خانووی ئەم خێزانە بكەن.

بەوتەی قایمقامی هەڵەبجە لە سنورەكەدا دەستی كار نییە و تەنها جوتیاری هەیە، داوای لە حكومەتی هەرێم كرد ئاوڕ لە كەرتی كشتوكاڵی ناوچەكە بدرێتەوە و كارگەی تێدا بكرێتەوە، بۆیەی دەستەبەری كار و كۆمەڵایەتی بۆ خەڵكی ناوچەكە بكرێت.

به‌رنامه‌ى (میوانى تۆین) به‌رنامه‌یه‌كى تایبه‌تى شارپرێسه‌و له‌مانگى ڕه‌مه‌زان  په‌رجه‌م قه‌ره‌داغى پێشكه‌شى ده‌كات، وه‌به‌رهێنه‌رى نیشتیمانى مه‌ریوانى حاجى جه‌مال سپۆنسه‌رى به‌رنامه‌كه‌ ده‌كات.