هەناردەی تورکیا بۆ سعودیە لەسفر نزیکدەبێتەوە

مەلەفی تایبەت

10/05/2021‌ 1222 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی پێگەی PA Intelligence  کە پشتی بەداتاکانی کۆمەڵەی هەناردەکارانی تورک (TIM) بەستووە، لەدوای ئەو بایکۆتە نافەرمیەی لەسعودییە بەسەر کاڵای تورکیدا سەپێنراوە، هەناردەی تورکیا بۆ شانشینی سعوودییە لە سفر نزیکبۆتەوە.


لەبەشێکی ڕاپۆرتی پێگەکەدا هاتووە کە لەمانگی نیساندا تەنها بەبەهای 11.25 ملیۆن دۆلار کاڵاو شمەک لەتورکیاوە هەناردەی سعوودیە کراوە کە بەراورد بەهەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بەڕێژەی لە94.4 کەمیکردووە، هەروەک لەماوەی چوار مانگی ڕابردوودا بەتێکڕایی هەناردەی تورکیا بۆ ئەو وڵاتە لە93.3 کەمیکردووەو گەیشتۆتە 67.4 ملیۆن دۆلار.

هەرچەندە لەساڵی 2015وه‌ لەسەر ئاستێکی نزم بایکۆتکردنی کاڵای تورکی لەسعودیە دەستیپێکردووە، بەڵام لەدوای کوژرانی ڕۆژنامەنووس جەمال خاشقچی‌و بڵاکردنەوەی نەخشەیەک لەسەر یەکێک لەکەناڵە فەرمییەکانی تورکیا کە نەخشەی جێ هەژموونی تورکیای لەساڵی 2050 بڵاوکردەوە کەبەپێی ئەوە سعودیە دەبێتە بەشێک لەناوچەی هەژموونی تورکیا، هەڵمەتێکی نیشتیمانیی بۆ بایکۆتکردنی کاڵاو شمەکی تورکی دەستیپێکردووە.

لەئۆکتۆبەری 2020 عەجلان ئەلعەجلان سەرۆکی ئەنجوومەنی ژورە بازرگانییەکانی سعودییە لەتویتێکدا داوای لەهەموو هاوڵاتیانی سعوودییە کرد بایکۆتی کاڵا تورکییەکان بکەن، بەگوێرەی ڕۆژنامەی "عوکاز"ی سعودیش، بانگەوازەکە پێشوازییەکی گەورەی لێکراوە.

هەروەک سەرپەرشتیارانی هەڵمەتی نیشتیمانیی بایکۆتکردنی کاڵای تورکی لەماوەی ڕابردوودا بەیاننامەیەکیان لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەردا بڵاوکردەوەو تێیدا وتبوویان کە هەڵمەتەکەیان گەیشتۆتە قۆناغێکی گرنگ، بەهیچ جۆرێک جێگای قبووڵکردن نییە فرۆشگاکان لەژێر هیچ پاساوێکدا کاڵای تورکی بفرۆشن.

و: ئاکۆ ئاڵی