ئێران: دانوستانەکانی ڤییەننا بەبنبەست گەیشتوون

مەلەفی تایبەت

12/05/2021‌ 945 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئه‌مریكا له‌باره‌ى دانوستانەکانی ڤییەنناوه‌ په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌و وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئه‌و وڵاته‌ش ته‌ئكیدده‌كاته‌وه‌، جیاوازییه‌كانى ئه‌مریكاو ئێران گەورەو فراوانە، به‌ڵام ئێران له‌ڕێگه‌ى وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى وتویه‌تى:"دانوستانەکان بەبنبەست گەیشتوون".


نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هێشتا جیاوازیی نێوان واشنتۆن‌و تاران لەدانوستانەکانی ڤییەننا سەبارەت بەبەگەڕخستنەوەی ڕیککەوتننامەی ناوەکیی گەورەو فراوانە.

پرایس هەروەک ڕەتیکردۆتەوە، ئەوە دیاری بکات کە ئایا لەدانوستانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هیچ بەرەوپێشچوونێک لەبارەی دۆسییە هەڵپەسێردراوەکاندا بەدیهاتووە یان نا.

هاوكات دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێرانیش باسیان لەوەکردووە، دانوستانەکانی ڤییەننا گەیشتوونەتە ڕێگایەکی داخراوو بەبنبەستگەیشتوون، بەتایبەت دوای ئەوەی واشنتۆن ئامادەنەبوو سزاکانی سەر 500 قەوارەو کەسایەتیی ئێرانی هەڵبگرێت.

له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ کەناڵی پرێس تیڤی ئێرانی باسی لەوەکردووە، مانەوەی ئەو سزایانە واتای ئەوەیە کە تاران ناتوانێت سوودی تەواو لەگەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنەکە ببینێت‌و ناشتوانێت پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی جیهان ئاسایی بکاتەوە.

لەوچوارچێوەیەشدا سەعید خەتیبزادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتویەتی ئەوان بۆسەرکەوتنی دانوستانەکان زۆر پەلەیان نییە، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ دروستکردنی گوشار تاوەکو سەرجەم سزاکانیان هەڵبگیرێت.

ئەوروپاییەکان کە سەرپەرشتی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران‌و ئەمریکا دەکەن، ئومێدەوارن پێش تەواوبوونی ماوەی پرۆسەکانی پشکنینی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کە لە 20ی حوزەیران کۆتاییان دێت، بتوانن ڕێککەوتننامەی ناوەکی ساڵی 2015ی نێوان ئێران‌و وڵاتانی زلهێز زیندوو بکەنەوە.

نیوەندگیرە ئەوروپاییەکان بەدرێژایی ڕۆژی سێشەممە لەڤییەننا دیداری ماراسۆنییان لەنێوان ئێرانیی‌و ئەمریکییەکان دروستكرد، بەوئومێدەی بتوانن لەدانوستانەکانی چەند ڕۆژی داهاتوودا پێشکەوتن لەگفتوگۆکاندا بەدیبهێنن‌و ڕێککەوتننامەی ناوەکیی بەگەڕبخرێتەوە کە بەلای ئەوانەوە تاکە ڕێگایە بۆئەوەی ئێران دەستی بەچەکی ناوەکیی ڕانەگات.

و: ئاکۆ ئاڵی