لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە هیندستان پێش چین دەکەوێتەوە

جیهان

16/05/2021‌ 1111 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەفتەی رابردوو حکوومەتی چین رایگەیاند لە لەساڵی ٢٠٢٠ وە بۆچوارەم ساڵی لەسەریەک تێکرای لەدایکبوونی منداڵان  لەو وڵاتە کەمیکردووە و گەشەکردنی دانیشتووانیش لەسفر نزیکبۆتەوە، بەوەش تێکڕای ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە گەیشتۆتە ملیارێک و ٤١٠ ملیۆن کەس، کە لەسەدا ٢٠ یان تەمەنیان لەسەروو شەست ساڵییەوەیە.

هەروەک بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریکی لەساڵی ٢٠٢٠ تێکرای لەدایکبوونی منداڵان لەسەدا ١٨ کەمیکردووە، لەوڕوەشەوە وانگ فینگی مامۆستای کۆمەڵناسی لە زانکۆی کالیفۆڕنیا پێیوایە لەماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا ژمارەی دانیشتووانی چین کەمدەکات.

پسپۆران دەڵێن کەمکردنی گەشەی دانیشتووانی چین کاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر ئامادەکردنی هێزی دەستی کار کە سەرچاوەی گەشەی ئابوورییە کە ئەوانیش گەنجانن، بەشێوەیەک هەڵکشانی ژمارەی کەسانی بەساڵاچوو بارێکی قورس دەخاتە سەر سەرچاوە داراییەکانی ئەو وڵاتە.

لەماوەی چەندین سەدەی رابردوودا چین وەک گەورەترین دەوڵەت لەرووی ژمارەی دانیشتووانەوە شانازی بەخۆیەوە کردووە، بەڵام نوێترین داتاکان ئاماژە بۆئەوە دەکەن کە لەماوەی چەند ساڵی کەمی داهاتوودا چین ئەو تایبەتمەندییە لەبەرژەوەندی هیندستان لەدەستدەدات، کە ئێستا ژمارەی دانیشتووانەکەی لەسەروو ملیارێک و ٣٠٠ ملیۆن کەسەوەیە.

لەوبارەیەوە نینگ جیزە گەورە ئامارناسی حکوومیی چین دەڵێت تاماوەیەکی تریش چین خاوەنی ملیارێک و ٤٠٠ ملیۆن کەس دەبێت، کە ئەوەش وادەکات ئەو وڵاتە بۆماوەیەکی دوورودرێژ وەک بازاڕێکی گەورەی ناوخۆیی بمێنێتەوە.

هەروەک، کای یۆنگ زانای کۆمەڵناس لە زانکۆی نۆرس کارۆلینا وتویەتی: هەستناکەم چینییەکان لەو دۆخە بترسن، بەتایبەت کە داتاکان زۆر خراپ نین و ژمارەی دانیشتووان هێشتا کەمی نەکردووە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی