تا چوار ساڵی دیکە بەهای دینار لەو نرخەی ئێستادا دەمێنێێتەوە

ئابوری

16/05/2021‌ 1025 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکردووە کە بابەتی نرخی گۆڕینەوەی دینار بەرانبەر بە دۆلار بەشێوەیەکی کۆتایی یەکلایی بۆتەوە و هیچ نیازێک نییە تا چوار ساڵی تر دەستکاری نرخی دینار بکرێت.

سەلیم هەمزە شووشکەیی ئەندامی لیژنەی یاسایی بە پێگەی "مەعلوومە"ی راگەیاندووە کە بەهای دینار بەرانبەر بە دۆلار بەشێوەیەکی کۆتایی یەکلایی بۆتەوە و هیچ نیازێک نییە بەمزووانە بۆ نرخە کۆنەکە بگێردرێتەوە، جەختیشی کردۆتەوە کە ئەو نرخەی ئێستای دینار بەتەواوەتیی چەسپێنراوە و لەداهاتووشدا هەر کار بەو نرخە دەکرێت.

بەوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی پەڕلەمانی عێراق، لەبابەتی دەستکاریکردنی نرخی دینار دەبێت چاوەڕێی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٥ بکرێت و لەدوای ئەو چوار ساڵە رەنگە بتوانرێت جارێکی تر دەستکاری نرخەکان بکرێتەوە.

لەماوەی رابردوودا چەندین پەڕلەمانتار و کوتلەی پەڕلەمانیی هەرەشەی ئەوەیان دەکرد کە ئەگەر بێت و جارێکی تر دەستکاری بەهای دینار بەرانبەر بە دۆلار نەکرێتەوە ئەوە لەڕێگای پەرلەمانەوە کار لەسەر دوورخستنەوەی وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی دەکەن، بەڵام لەدوای جێگیرکردنی نرخی ئێستای دینار لەناو یاسای بودجە، کۆتایی بەو لێدوانانە هات.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی