بۆ پێشگرتن لەتوشبون بەنەخۆشییە مەترسیدارەکان دەبێت ڕۆژانە چەند هەنگاو بەپێ بڕۆین؟

تەندروستی

18/05/2021‌ 783 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی ڕۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی، ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی نوێی زانستی ئەوەی سەلماندووە کە ڕۆژانە 4400 هەنگاو بەپێ ڕۆیشتن بەسە بۆئەوەی مرۆڤ لەتووشبوون بەنەخۆشییە درێژخایەنەکان پارێزراوبێت.

لێکۆڵینەوەکە کە لەلایەن زاناکانی زانکۆی هێرتفۆردشایەری بەریتانییەوە کراوە دەڵێت، ئەو بۆچوونە کۆنەی کە دەیوت لەپێناو پێشگریکردن لەتووشبوون بەنەخۆشییە مەترسیدارەکان دەبێت ڕۆژانە لانیکەم 10 هەزار هەنگاو بەپێ بڕۆین زیادەڕەوی تێداکراوە.

زاناکان دەڵێن، چالاکییە جەستەییەکان مەترسییەکانی تووشبوون بەنەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک خەڵەفان‌و چەند جۆرێکی شێرپەنجە دەپارێزێت، ئەوە جگەلەوەی دەبێتە هۆی باشکردنی دۆخی تووشبووانی نەخۆشانی شەکرەی جۆری دووەم.

باس لەوەکراوە، کە ئەگەر کەسێکی ئاسایی دوو کاتژمێر بڕوات ئینجا دەتوانێت 10 هەزار هەنگاو بەپێ بڕوات، بەڵام بۆ بڕینی 4400 هەنگاو تەنها پێویستی بە 53 خولەک هەیە.

ئامادەکارانی لێکۆڵینەوەکە دەڵێن، تاوەکو مرۆڤ ڕۆژانە زیاتر بەپێ بڕوات، مەترسیی مردنی کەمتر دەبێتەوەو لەتووشبوون بەنەخۆشییەکان پارێزراوتر دەبێت، بەڵام ئەو ڕۆیشتنە واباشترە لەدەوروبەری 7500 هەنگاوی ڕۆژانە سەقامگیربێت، بەوپێیەی تێبینی دەستنکەوتنی هیچ سودێکی زیادە لەدوای 10 هەزار هەنگاو ڕۆیشتنی ڕۆژانەوە نەکراوە.

و: ئاکۆ ئاڵی