زانا ئەڵمانیەکان: ڕەنگە سێیەم کوتانیش دژ بەکۆرۆنا پێویست بکات

جیهان

18/05/2021‌ 657 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەسەڵاتدارانی تەندروستیی ئەڵمانیا ڕایانگەیاند، ئەگەری هەیە ساڵی داهاتوو پێویست بەسێیەم کوتان دژ بەکۆرۆنا بکات، پێشتریش هەندێک لەکۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی ئەو جۆرە ڤاکسینە ئاماژەیان بەو ئەگەرە کردبوو.


تۆماس میرتینز سەرۆکی لیژنەی هەمیشەیی ڤاکسینەکان لەئەڵمانیا "شتیکۆ" ئاشکرایکردووە، ئەو ڤاکیسنانەی ئێستا بەکاردەهێنرێن دواین ڤاکسین نابن، بەڵکو لەڕووی پرەنسیپییەوە دەبێت خۆمان بۆ ئەوە ئامادەبکەین ساڵی داهاتوو لەڕێگای ژەمێکی تری ڤاکسینی کۆرۆناوە سیستەمی بەرگریمان بەهێز بکەینەوە.

هێشتا ئەڵمانیا لەبارەی ژەمی سێیەمی ڤاکسینی کۆرۆناوە بڕیاری نەداوە، بەڵکو چاوەڕێی ئەو لێکۆڵینەوانە دەکات کە لەسەر ئەو کەسانە ئەنجامدەدرێت کە ڤاکسینەکەیان لێدراوە، هەرچەندە بەگشتیی بەرپرسانی تەندروستیی حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانیاو حکومەتە خۆجێیەکان پابەندی ڕێنماییەکانی"شتیکۆ" دەبن.

میرتینز ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەرهات‌و شێوەی نوێی ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەربکەوێت، ئەوە خۆی لەخۆیدا ژەمی زیادەی دژ بەکۆرۆنا پێویسته‌، لەبەرئەوەی بەشێک لەڤاکسینەکان ناتوانن مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن.

و: ئاکۆ ئاڵی