شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د: ناكرێت ده‌ستور له‌ ژوره‌ تاریكه‌كاندا بڕیارى له‌باره‌وه‌ بدرێت

کوردستان

18/05/2021‌ 1047 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئه‌ندامێكى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت ده‌ستور پێویسته‌ پرۆسه‌یه‌كى سه‌رتاسه‌رى جه‌ماوه‌رى بێت نه‌ك كارى دامه‌زراوه‌ى په‌رله‌مانى كه‌ ئه‌ركى ده‌رچواندنى یاسایه‌ نه‌ك ده‌ستور.


شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌ وتارێكدا له‌ باره‌ى ده‌ستورى هه‌رێمه‌وه‌ نوسیویه‌تى: دەستور بە ئەنجوومەنی دامەزرێنەر دادەنرێت نەك لەڕێگەی پەرلەمانەوە ، پرسی دەستور یەكێكە لەو پرسانەی زۆرینەی لایەنە سیاسیەكان بۆچوون و دیدی خۆیانیان لە سەری هەبووە و هەیە، بەڵام ئەوەی هەمووان لەسەری كۆك بوونە بریتی بووە لە كۆدەنگی، واتە كۆدەنگی لە پەرلەمان، ئەو پەرلەمانەشی کە هەمووان دەزانین بەشێک لە دەنگەکانی هی ئەوانە بووە کە لە ژیاندا نەمابوون.

ئه‌ندامه‌كه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێـى ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، دەستور پێویستە پرۆسەیەكی سەرتاسەری و جەماوەری بێت نەك كاری دامەزراوەی پەرلەمان كە ئەركی دەرچواندنی یاسایە نەك دەستور،ناكرێت، نابێت و ناشێت دەستورێك كە ئایندەی نەوەكانی ئێستا و داهاتووی پێوە پەیوەست بێت لە ژوورە تاریكەكاندا بڕیاری لەبارەوە بدرێت، چونكە دەستور ڕێكەوتنێكی سیاسی چەند لایەنێك نیە کە بڕازێنرێتەوە بە میوەجات و لوقمەقازی و دەستەواژەی باق و بریقی سیاسی، بەڵكو دەبێت گەل و میللەت خاوەنی (سەرەتا و كۆتا)  گوتە و گفت بن تێیدا. 


له‌باره‌ى كارى په‌رله‌مانه‌وه‌ شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ده‌لێت: ئاشكرایە کە كاری پەرلەمان و دەنگدان بۆ پەرلەمان بۆ كاری حكومی و سیاسی و كابینەی وەزارییە نەك بۆ نوسینەوەی دەستوور چونكە دەستوور هەر سێ‌ دەسەڵاتی ئەم میللەتە ڕێك دەخات نەک بە پێچەوانەوە، بۆیە ناکرێت پەرلەمان خۆی دەستوور دانێ‌ و خۆشی لەسایەی ئەو دەستورەدا جارێكی تر لە دایك ببێتەوە و شەرعیەت بۆ خۆی بەرهەم بهێنێت.

له‌كۆتایدا ئه‌ندامه‌كه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى ئه‌ركى حزبه‌كه‌یی و كۆمه‌ڵێك ڕێگه‌ چاره‌ بۆ ده‌ستورى هه‌رێم به‌م شێوه‌یه‌ده‌خاته‌ڕوو ده‌ڵێت: هەرگیز خەباتی سیاسی یەكێتی بۆ ئەوە نەبووە کە دەستور بە ڕێگایەكی نادیموكراتی بەسەر گەلدا بسەپێنرێت، بۆیە هیوادارم کە یەکێتی نەبێتە کارکتەرێکی ئەو سیناریۆیە، بۆ بوون بە خاوەن دەستورێکی بە تەواوی مانا دەستور پێویستە ئەم هەنگاوانە بنرێن .. یەکەم، پێکهێنانی ئەنجومەنێکی هەڵبژێردراو کە وەک ئەنجومەنی  دامەزرێنەر یان بنیات نەر دەسەڵاتی نوسینەوە و دارشتنەوەی دەستوری پێ بسپێردرێت.. دووم ئەو ئەنجومەنە دوای راوێژكردن بە سەرجەم چین و توێژی ئەم نیشتمانە رەشنووسی دەستور ئامادە بکات، سێهەم، ئەو ڕەشنوسە بخاتە روو بۆ هەمووان و لە کۆتاییشدا ریفراندۆم یان راپرسی لەسەر ئەنجام بدرێت. ئەوەی پێویستە هەموومان دژی بین ئەویە کە نابێت دەستوور وەک سەفقەیەکی سیاسی یان بازرگانی لە حوجرەی حزبەکاندا دابرێژرێت و بە ئیتیفاقی نێوان زۆرینە و كەمینە یان دەسەڵات و ئۆپۆزیسۆن مۆری لێبدرێت.

پرۆژه‌ى ده‌ستورى هه‌رێم سێ خۆلى په‌رله‌مان هه‌وڵى ئه‌وه‌یانداوه‌ كۆده‌نگى نیشتیمانى له‌سه‌ر دروست بكه‌ن و بخرێته‌ به‌رده‌م هاوڵاتیان بۆ په‌سه‌ندكردن تا ئێستا ئه‌م كاره‌ نه‌كراوه‌.

ئ.ق

بەپەلە