لایەنە سیاسیەکان رێگایان بۆ خۆش دەکەن
نەوەی چوارەمی بارزانییەکان دێنە سەرشانۆی سیاسی هەرێم

ڕاپۆرت

23/05/2021‌ 3751 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تا پێکهێنانی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوسەنگی بۆ دەرکەوتنی نەوەیەکی نوێی بارزانییەکان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی و حوکمڕانی لاسەنگ بوو، بەشێوەیەک لەوکاتەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیران بوو، تەنیا ئیدریس بارزانی کوڕی وەک نەوەیەکی نوێی بارزانییەکان لە بۆنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دەردەکەوت.

بەڵام لەگەڵ پێکهێنانی کابینەی نۆدا و بۆ هاوسەنگکردنی ئەو بارە، ئارین بارزانی، کوڕەگەورەی  مەسرور بارزانی هاتە سەر شانۆی ڕووداوناو بەناو دەردەکەوێت.

نەوەی یەکەمی بارزانییەکان بە مستەفا بارزانی دەستیپێکرد و نەوەی دووەم بە مەسعود بارزانی و ئیدریس بارزانی کوڕی، هەرچی نەوەی سێیەمە خۆی دەبینییەوە لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، نەوەی چوارەمیش کە لە سەرەتای دەرکەوتنیدایە، بە ئیدریس نێچیرڤان بارزانی و ئارین بارزانی دەستیپێکردووە و چاودێران پێیان وایە لە ئێستاوە ئامادەکاریی دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو نەوەیەش ببنە فەرمانرەوای داهاتووی هەرێم هاوشێوەی شازادەکانی سیستەمی پاشایەتی.

ئەو دوو گەنجەی نێو بارزانییەکان بەبێ ئەوەی هیچ پۆستێکی فەرمیی حکومی و حزبییان هەبێت، لە زۆر بۆنەی گەورەدا دەبیندرێن کە تەنانەت هەندێک سەرکردەی نێو پارتی و دەرەوەی پارتیش توانای دەرکەوتنیان نییە لەو بۆنانەدا، ئەگەر هەشبن زۆربەی کات لە ڕیزی دوای ئەم دوو گەنجەوە دەبینرێن.

ئەم دوو گەنجە زۆر کات لە بۆنەکاندا لە بری باوکیان پێشوازیی لە میوانان دەکەن و ڕۆلی خاوەن و بەڕێوەبردنی مەراسیم و بۆنەو کۆبونەوەکان دەگێرن ئەگەر لە پشت پەردەو بە ناراستەوخۆش بوبێت.

لەیەکێک لە سەردانەکانی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم بۆ فەرەنسا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ماکرۆن، ئیدریسی کوڕی یاوەریدەکرد، ئەوەش دووبارەکردنەوەی هەمان ئەو دیمەنە بوو کاتێک مەسعود بارزانی، وەک سەرۆکی هەرێم چووە کۆشکی سپی و لەگەڵ باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا کۆبوەوە و لەو سەردانەدا چوار کوڕی خۆی یاوەرییان دەکرد و زیاتر وەک سەردانێکی خیزانی دەبینرا نەک سەردانێکی فەرمی سەرۆکی هەرێم بۆ لای سەرۆکی ئەمریکا.

هەرچی ئارین بارزانییە لەوکاتەوەی باوکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمە، شان بەشانی وەزیرەکانی کابینەی نۆ ڕۆژێک لە کردنەوەی وێستگەی کارەبا، ڕۆژێک لە کردنەوەی شەقامێکی ستراتیژیی، رۆژێکی تر لە مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەیەک و جارێکیش لە مەراسیمی پێشوازیی لە تەرمی سەرکردەیەکی کوردستان، ڕۆژێکیش لە کردنەوەی پرۆژەیەکی تەلەفریک دەبیندرێت، خۆ ڕەنگە ڕۆژێک لە نێو کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیران ببیندرێت، بۆ نا!!! کاتێک شێخ باز بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی دەکرد و سەرئەنجام نەشبووە وەزیری سامانە سروشتییەکان چی رویدا؟ هەر بۆیە چاوەڕوانکراوە ڕۆژێک بە تەنیشت وەزیری ناوخۆ یان پەروەردە یان پێشمەرگەوەو لە نێو کۆبونەوەی ئەنجقامەنی وەزیران ئەم گەنجەش ببینرێت.

ئارین بارزانی و ئیدریس بارزانی ئامۆزا و خاڵۆزاو پورزای یەکتر، هەر یەکەیان خاوەنی چەند میدیایەکی گەورەو ڕێکخراوی زەبەلاح تا دەگاتە زانکۆی گەورەی ئاست باڵای جیهانیین، جیاواز لەوەی خۆیان خاوەنی میدیان، لێشاوێک لە ڕاوێژکار و ستافی کار و دەرباریان بۆ دابینکراوە بۆ ڕێکخستنی کارەکان و چۆنێتی هاتنە پێشەوەیان بۆ نێو گۆرەپانەکەو سەلماندنی خۆیان وەک گەنجێکی سەرکردە.

ئەوەتا ئارین بارزانی لەنێو سروشتی کوردستان و بەدەم پیاسەکردنەوە دیدارێکی میدیایی بۆ رێکدەخرێت، لە وەڵامی چەند پرسیارێکدا خاوەندارێتی خۆی بۆ دۆسیەکانی تابەت بە حکومەت دەردەخات و لە وەلامـی پرسیارێکدا ئەوە دەدرکێنێت کە هاوکارێکی باشی باوکیەتی بۆ کارو بارەکانی و بەڕێوەبردنی حکومەتی هەرێم، ئەویش دوەای ئەوەی کە ئەرکەکانی خوێندنی تەواو دەکات، چونکە ئەو کورە گەنجە لە سەرەتای تەمەنیدایەو ئێستا خوێندکاری زانکۆیە.

پرسیارێک لێرەدا ڕەنگە بە خەیاڵی بینەردا گوزەربکات، ئەویش ئەوەیە: ئەی کوڕی سەرکردەی لایەنەکانی دیکە چۆنن و چی دەکەن بۆ اسی ئەوان ناکرێت؟

وەڵامی ئەو پرسیارە هێندە زەحمەت نییە، تەماشاکردنی شێوازی حوکمڕانی لە کوردستان هەم لە حکومەت و هەم لە حزب بە شێوەیەکە، کوڕ و کوڕەزا و نەوەکان پۆستەکانی حکومەت و حزبیان بۆخۆیان قۆرخکردوە، خۆ ئەگەر کوڕ یان نەوەی بەرپرسێک پۆستی حزبی یان حکومی نەبێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە سەرقاڵی بازرگانیکردنە و بە بەکارهێنانی پێگەی باوکی یان نەخۆشخانەی ئەهلی یان کۆمپانیانی سیکویریتی یان کۆمپانیای دەرمان یاخود بازرگانییەکی تری بۆخۆی بنیاد ناوەو مانگانە چەند ملیۆن دۆلارێک دەخاتە سەر سەروەتەکەی خۆی و باوکی.

هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن کە داهاوتوی گۆرەپانی سیاسی هەرێم ئەگەر لەوەی ئێشتا هەیە خراپترو بنەمالەیی تر نەبێت هیچ جیاوازەییەکی ئەوتۆی نییەو سەرکردەو کەسایەتیە سیاسیەکانی هێزەکانی تریش ناچارن مامەڵە لەگەڵ ناوەی چوارەمی بنەمالەکان بکەن هەر وەک چۆن مامەڵەیان لەگەڵ هەرسێ نەوەکەی پێشتر کردوە.