هەڵسەنگاندنێکی زانستییانە بۆ فکر و فەلسەفەی کارل مارکس

مەلەفی تایبەت

28/05/2021‌ 1654 جار خوێندراوه‌ته‌وه

پرۆفیسۆر. د. ئارمین پفاڵ ترواگبێر*
لە ئەڵمانییەوە: ئەردەڵان عەبدوڵڵا


کارل مارکس یەکێکە لەو فەیلەسوفانەی ماوەی سەدە و نیوێک دەبێت جیهانی بەخۆیەوە خەریک کردووە، تارمایی ئەم فەیلەسوفە گەیشتۆتە کوردستانیش. بەداخەوە لای خۆمان دوو بۆچوون لەبارەی مارکسەوە هەیە، یەکێکیان وەکو شێخێکی تەریقەت سەیری مارکس دەکات و دەروێش ئاسا دوای کەوتووە. رەوتێکی تریش بەبێ ئەوەی یەک وشەی مارکسی خوێندبێتەوە، دژایەتی دەکات و بە شەیتان و کافر و مولحیدی دادەنێت.  هەربۆیە پێم باشبوو وتاری ئەم پرۆفیسۆرە ئەڵمانییە بکەم بە کوردی، کە هەڵسەنگاندنێکی زانستیی و بێلایەنانەی بۆ فکر و فەلسەفەی مارکس کردووە. بەو هیوایەی خوێنەری کورد دیدگایەکی نوێی لەبارەی ئەم فەیلەسوفە ناسراوەی جیهانەوە هەبێت.


مارکسیزم لە نێوان ئایدیۆلۆژیا و زانستدا
لە راپرسییەکی کەناڵی BBC بەریتانیدا کە لە ساڵی 2005 دا کرا، لەبارەی گەورەترین فەیلەسوفی جیهان  لە مێژوودا، کارل مارکس پلەی یەکەمی هێنابوو لە لیستی 100 فەیلەسوفی جیهان و رێژەی ٪28 ی دەنگی دەنگدەرانی ئەو راپرسییەی بردبۆوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە دنیابینی و تێڕوانین و بنەمای سەرەکی بیرکردنەوەی مارکس، چ لە رووی  فۆرم و چ لە رووی ناوەڕۆکەوە، گوزارشت لە سیستمێکی دیکتاتۆرییانە دەکات. 
لە راپرسییەکی کەناڵی BBC بەریتانیادا کە لەسەر سایتەکەی خۆیان لە بینەرانی پرسیبوو، لەبارەی ئەوەی کە گەورەترین فەیلەسوفی جیهان  لە مێژوودا کێیە؟ بۆ ئەم مەبەستەش  لیستێکی 100 کەسییان ئامادەکردبوو.
کارل مارکس رێژەی ٪28ی دەنگەکانی بینەرانی کەناڵەکەی بەدەستهێنابوو، بەم شێوەیش پلەی یەکەمی لیستەکەی بەرکەوتبوو. ئەم راپرسییە لە ساڵی 2005 دا سازکرابوو.
هەر لەهەمان ساڵدا گۆڤاری Der Spiegel دێرشپیگلی ئەڵمانیاش لە ژمارەیەکی تایبەتیدا لەژێر ناونیشانی «دێوەزمەکە دەگەڕێتەوە، دەسەڵاتی نوێی چەپەکان» راپۆرتێکی بڵاوکردەوە، ئەو راپۆرتە لەو ساڵەدا  زۆرترین فرۆشی هەبوو. بەواتایەکی تر مارکس جارێکی تر دێتەوە مەیدان، ئەمەش بەهەرحاڵ تەنها لە رێگەی رەوتە سیاسییە چەپەکانەوە دەبێت.  ئەمەش دوو وێنەی دژبەیەکمان لەیەک کاتدا پێ پیشان دەدات:
لەلایەکەوە فەلەسەفەی مارکسیزم وەکو زانستێکی کۆمەڵناسی کلاسیک دەردەکەوێت، کە بنەما سەرەکییەکان و تێڕوانییەنەکانی  خۆی بە شیکردنەوە‌ و پێشکەوتنی مێژوو، هەروەها بنەما سەرەکییەکانی  سیستمی کەپیتاڵیزم خەریک دەکات.
لە لایەکی ترەوە  مارکسیزم وەکو بەرهەمێک دەردەکەوێت کە بریتییە لە ئایدیۆلۆژیایەکی بەرز، ئەم ئایدیۆلۆژییەی دەبێتە بەرنامەییەکی رۆحی بۆ بزووتنەوە چەپە رادیکاڵەکان و سیستمە کۆمۆنیستییە دیکتاتۆرییەکان.
ئەم وتارەی بەردەستان، هەوڵ دەدات شیکردنەوەیییەکی ورد بۆ بنەما سەرەکییەکانی ئەم فکرە بکات، لە هەمانکاتیشدا ئەو رەخنانە بخاتەڕوو کە لە  توانا رادیکاڵییە سیاسییەکانی ئەم فکرە دەگیرێت.


کێشە میتۆدییەکانی تێڕوانین  و شیکردنەوەکانی مارکس
لێرەدا لە رووی میتۆدەوە، رووبەڕووی چەند کێشەیەک دەبینەوە، کە ئەمەش وامان لێدەکات دوو کارەکتەری دژ بەیەک و جیاواز لە کارو بەرهەمەکانی کارل مارکس  و فریدریک ئەنگڵس ببینین و هەستی پێ بکەین.
لەو چل بەرگەی کە بە ناوی «کۆبەرهەمی مارکس و ئەنگڵس» هەن، لەو دەستنووسانەدا بەهیچ شێوەیەک یەک رێچکەی پێشکەوتن و تیۆرییەکی سیاسی تۆکمە و بەرنامە بۆ داڕێژراو نابینین.  هەروەها لەو بەرهەمانەدا هیچ رێگەیەکی رێک و دروست دیار نییە، کە مرۆڤایەتی بەرەو سیستمی سۆشیالیستی بەرێت یان بەرەو کۆمەڵگەیەکی بێ چینی کۆمەڵایەتیی و یەکسانمان بەرێت.  بگرە ئەوان ئەمەیان بە شێوەیەکی لابەلاو لە چوارچێوەیەکی گشتیدا باسی ئەو بابەتانەیان کردووە. هەرئەمەش ئەو راستییەمان بۆ دەردەخات، کە بۆچی بۆچوونە سیاسییەکانی مارکس و ئەنگڵس دوو وێنەی دژبەیەکی تێدا بەدیدەکرێت.
هەربۆیە دەبینین فەیلەسوفێکی  هومانیستی وەکو ئەریک فرۆم پشت بە دەستنووسەکانی ئەوان دەبەستێت، لەهەمان کاتیشدا دیکتاتۆرێکی وەکو جۆزێف ستالین-یش، بەهەمان شێوە پشت بە دەستنووسەکانی مارکس و ئەنگڵس دەبەستێت.  هەروەها لەیەک کاتدا رەوتە سۆسیال دیموکراتخوازەکان و کۆمۆنیستە شۆڕشگێڕەکانیش، پشت بە دەستنووسەکانی ئەو دووانە دەبەستن.

رەخنە لە فەلسەفەی ئایدیالیزم و پیشاندانی  وەکو دنیابینییەکی ناواقعی
خاڵی بنەڕەتی بۆ گۆڕانکاری فکری بۆ سۆشیالیزم لەلای ئەنگڵس دەگەڕێتەوە بۆ خراپی ژیانی چینی کرێکاران لە بەریتانیا، ئەگەرچی بۆ مارکس دەگەڕێتەوە بۆ رەخنەگرتن لە دنیابینی و فەلسەفەی ئایدیالیزمی ئەوکاتە، کە لەلایەن فەیلەسوفی ئەڵمانیا «جۆرج ڤیلیەم هیگڵ،  داڕێژرابوو.
ئەمان پێیان وابوو کە گەشەسەندن و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی‌ و مێژووی مرۆڤایەتی، بەم فکرەیەوە بەستراوەتەوە.
لەمبارەیەوە مارکس و ئەنگڵس دەڵێن:
«رێک بە پێچەوانەی فەلسەفەی ئەڵمانییەوە، کە لە ئاسمانەوە بۆسەر زەوی دەکەوێتە خوارەوە، ئەوا لێرە بەپێچەوانەوە لە سەر زەوییەوە بۆ ئاسمان بەرز دەبێتەوە. ئیتر چیتر خۆمان بەوەوە خەریک ناکەین، کە خەڵکی دەبێت چی بڵێن، یان چۆن خەیاڵ بکەن، یان لەبارەی جۆری قسەکردن و خەیاڵکردن و تێفکرین و خۆنیشاندانی خەڵكییەوە قسە ناکەین، بەڵکو هەوڵ دەدەین بەرەو مرۆڤێکی راستەقینە و کامڵ بڕۆیین، لێرە بەدواوە لەبارەی توانا و چالاکییە راستەقینەکانی مرۆڤ  دەدوێین و هەروەها لەبارەی پرۆسەی ژیانی راستەقینە و گەشەسەندنی ئایدیۆلۆژیا و کاردانەوەی ئەم پرۆسەی ژیانە راستەقینەیە، قسە دەکەین.(MEW Bd. 3, S. 26f.).

فکری  دیالەکتیک وەکو پڕەنسیپ و میتۆدێکی فەلسەفی
خاڵێکی رۆحی تر کە لە میتۆدی فەلسەفەی هیگڵی لەلایەن مارکس و ئەنگڵسەوە بۆ تیۆرییەکانیان بەکارهێنرا، پڕەنسیپی دیالەکتیکییە. لێ ئەمیش وەکو زۆرێک لە تێڕوانییەکانی تریان،  تەفسیری جیاواز لە خۆدەگرێت.
بە پێچەوانەی تەواوی  ئەو هزرانەی کە بەربڵاون، جیهان لای ئەوان لە کۆمەڵێک شتی تەواوکراو و ئامادەکراو دروست نەبووە، هەروەها قۆناغەکانی گەشەسەندنی مێژوو، یەک لایەن و هێڵێکی راست و تەریب نییە، بگرە جیهان زیاتر  لە پرۆسەیەکی ورد و ئاڵۆز و تێکەڵاو دروست بووە.
دیالەکتیک لەم تێڕوانییە تایبەتییەوە» مەبەستی تێڕوانی مارکسییە.و.ک»  دەبێتە  زانستێکی گشتی  بۆ شیکردنەوەی جووڵە، هەروەها دەشبێتە یاسایەکی بنەڕەتی  بۆ  گەشەسەندنی سروشت  و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی و فکر. لێرە بەدواوە  دژەکان بە بەردەوامی بەریەک دەکەون، کە دەبێت لە کۆتاییدا لەیەک ئاوێتەی بەرزدا تێکەڵ ببنەوە.
بەپێی تێڕوانینی هیگڵ بێت، هەر تێزێک بەدوای خۆیدا ئەنتی ـ تێزیک دەهێنێت، ئاوێتەبوونی ئەم دووانەش سەنتێزێک پێکدێنێت، هەربۆیە سەرلەنوێ تێزێک و ئەنتی تێزێک ئەنجامەکەی دیسانەوە سەنتێزێکی نوێیە، ئەمەش پرۆسەیەکی(پێشڤەچوون) و خۆنوێکردنەوەی بەردەوامە.

ناونانی ماتریالیزم وەکو فەلسەفەیەکی ئەڵتەرناتیڤ
رەخنەکانی مارکس و ئەنگڵس لە ئایدیالیزم، ماتریالیزمیش دەگرێتەوە، چونکە ئەوان پێیان وایە، هزرەکان «تێفکرین» دیاردەیەکی سەربەخۆ نین لە عەقڵ «ئاوەز»، بگرە  گوزارشت لە رەنگدانەوەی هەلومەرجە مادییەکانی دەووروبەری مرۆڤ دەکات.
بەلای ئەوانەوە ئایدیاڵ هیچ نییە جگە لەو شتانەی کە پێشتر لە مێشکی مرۆڤ دانراون، لە هەمانکاتیشدا بریتییە لە وەرگێڕانی هەلومەرجە مادییەکانی دەوروپشتی مرۆڤ»

پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان
لەلایەکی ترەوە مارکس و ئەنگڵس پێیان وایە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان چ لە مێژوودا و چ لە ئێستا و داهاتووشدا، بە پلەی یەکەم گوزارشت لە گەشەسەندنی ئابووریی و تەکنۆلۆژی  دەکەن، بەم شێوەیەش هێزە بەرهەمهێنەرەکان «لێرەدا مەبەستیان چینی کرێکارە.و.ک» و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە بواری بەرهەمهێناندا، بە «پەیوەندییەکی بەرهەمهێنانی نوێ»  دەبەسترێنەوە. 

خودی مرۆڤ
دواتر خاڵێکی گرنگی تر کە دەبێتە بنەمای سەرەکی بیرکردنەوە و دونیابینی هەردووکیان بریتییە لەمەی خوارەوە :
ئەوە هۆشیاری  مرۆڤەکان نییە، کە بوونیان دیاری دەکات، بگرە ئەوە بوونە کۆمەڵایەتییەکەیانە، کە هۆشیارییان دیاری دەکات. پاشتر ئەمەش کاریگەریی گەورەی دەبێت بۆ شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤەکان، شوێن و پێگەی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان دیاری دەکات، لە کۆتایشدا رۆڵی سەرەکی دەبێت بۆ دیاریکردنی ئینتمای مرۆڤەکان کە سەر بە کام چینی کۆمەڵایەتیین.
جەنگی چینایەتی وەکو خاڵێکی رۆحی و دونیابینی ماتریالیزمی مێژوویی
بەم شێوەیەی سەرەوە مارکس و ئەنگڵس شیکردنەوەی خۆیان بۆ جووڵەی ئابووریی  و سیاسیی لە مێژوودا دەکەن، کە لە دەرئەنجامی کۆتاییدا هەمووی لەسەر جەنگی  نێوان چینەکان پێکدێت بۆ دیارییکردنی شوێنی خۆیان لە پرۆسەی بەرهەمهێنان.
مارکس و ئەنگڵس دەڵێن:
مێژووی هەموو کۆمەڵگەکانی  مرۆڤایەتی، بریتییە لە مێژووی جەنگی چینایەتی، ئەو جەنگەی  کە لە نێوان چینە جیاوازەکان دروستبووە، لەنێوان ئازاد و کۆیلە، دەرەبەگ و جووتیار، ئەرستۆکرات و خەڵكی ئاسایی، چەوساوە و چەوسێنەر، ئەمانە هەموو کاتێک لەدژی یەکتری وەستاونەتەوە و جەنگێکی بەردەوامییان هەبووە، هەموو کاتێکیش بە شۆڕشێک کۆتایی هاتووە، کە تەواوی کۆمەڵگەکەی گۆڕیووە و لە قۆناغێکەوە بردووێتی بۆ قۆناغێکی نوێ تر.
 MEW, Bd. 4, S. 46.

پەیوەندیی نێوان ژێرخان و سەرخانی ئابووری لە کۆمەڵگەدا
لای مارکس و ئەنگڵس کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەو شێوەیەیە، کە «ژێرخانی ئابووری» واتە پەیوەندییە ئابوورییەکان و ستراکچەرەکانی ئابووریی، دەبنە هۆی دروستبوونی «سەرخانێکی ئابووری»، کە ئەوەش بریتییە لە « کەلتور، مۆڕاڵ، سیاسەت  و ئایین».
جیهان لای ئەوان بەمشێوەیە ئاسان دەکرێتەوە و پێیان وایە، کە مرۆڤ لەپێش هەموو شتێکدا دەبێت بیر لە خواردن و خواردنەوە و خانو و  جلوبەرگ بکاتەوە، ئینجا دواتر بیر لە سیاسەت و هونەر و ئایین بکەنەوە.
بەمشێوەیە مارکس و ئەنگڵس پێیانوایە کە «بەرهەمهێنان» ماتریاڵییەکی سەرەکیی و  کرۆکییە بۆ ژیانی مرۆڤەکان، هەر لە رێگەی ئەمیشەوە قۆناغی گەشەسەندنی کۆمەڵگەیەک دیاری دەکات، کە ئەمیش شێوازو جۆری دەسەڵاتی سیاسی  و یاسایی و هونەر و ئایینی کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتی دیاری دەکات  یان دروست دەکات. ئەمەش تێزی « ژێرخانی ئابووری، سەرخانی ئابووری» دیاری دەکات». ئەمەش دەمانگەیەنێتە ئەو قەناعەتەی، کە هەر گۆڕانکارییەکی ئابووری، گۆڕانکارییەکی سیاسی دەخوڵقێنێت.
بە واتایەکی تر : هەر گۆڕانکارییەک کە لە بنەما سەرەکییەکانی» ستراکچەر» ئابووری دروست ببێت،ئەوا بەتەواوەتی  سەرخانی ئابووریی کۆمەڵگەیەکی مرۆڤایەتیش دەگۆڕێت و هەلومەرجێکی نوێ دەهێنێتە ئاراوە.


چینی کەپیتالیزم و پرۆلیتاریا لە دیدی مارکس و ئەنگلسەوە
هەربەمشێوەیە مارکس و ئەنگلس پێیان وایە کە سیستمی سەرمایەداری لەسەر ئەو بنەمایە دروستبووە، کە چینی کەپیتالیزم « یان زۆرجار بە بۆرجوازی ناویان دەبرێت»  کە ئەمانە خۆیان بە خاوەنی هۆکانی بەرهەمهێنان دەزانن، لەبەرامبەردا چینی کرێکاران» زۆرجار بە پرۆلیتاریا ناویان دەبرێت» کە ئەمانەش وەکو چینێکی سەربەخۆ لە دژی ئەوان  دەوەستنەوە. بۆ مارکس و  ئەنگلس، ئەم دوو چینە هەریەکەیان خاوەنی بەرژەوەندیی کۆمەڵایەتیی جیاوازن. چینی بۆرجوازی هەمووکارو چالاکییەکانی بۆ ئەوەیە کە زۆرترین سوودی لەسەر حسابی کرێکاران دەستبکەوێت، ئەوی تریشیان « واتە چینی کرێکاران» دەیەوێت کرێی کارەکەی زیاتر بکات لەسەر حسابی خاوەن کارەکان.


چاوەڕوانکردنی لەناوچوونی سیستمی کەپیتالیزمی وەکو زەروورەتێکی مێژوویی
بۆ مارکس و ئەنگلس بەهای شمەکێک بەوە دەپێورێت، کە ئایا تاچەندە هێزی کاری مرۆیی تێدا بەکارهاتووە» ئەمەش پێی دەڵێن یاسای دیاریکردنی بەهای شـمەک، و.ک». هەرئەمەش وادەکات کە لە سیستمی سەرمایەدارییدا، زیاد لەپێداویستی مرۆڤەکان، شمەک  بەرهەم بهێنرێت. ئەمەش پێی دەڵێن « زێدەبایی». لێرەشەوە کاپیتالیستەکان دەیانەوێت بەرهەم زیاد بکەن، ئەوەش لەسەر حسابی هێزی کاری کرێکاران. بۆ مارکس و ئەنگلسیش « زێدەبایی» دەبێتە خاڵی جەوهەری سیستمی سەرمایەداری، هەرئەمەش رێگەخۆش دەکات، بۆئەوەی سەرمایەدارەکان، قازانجی زیاتر کۆبکەنەوە.
بەڵام چەندە شمەکی بەرهەمهێنراو زیاتریش بێت، دەبێتە هۆی دروستبوونی بازنەیەکی کێشەدار» گرفتدار» بۆ ئەم سیستمە، چونکە ئەم شمەکە زۆرانە دەمێننەوە کڕیاریان» موشتەریان» نییە، هەرئەمەش وادەکات کە لەناو هەناوی سیستمی کەپیتالیزمیدا، تووشی تەنگژەی ئابووری بێتەوە. لەئەنجامی ئەم تەنگژە ئابووریەشەوە، بەشێکی زۆری کۆمپانیا بچووک و ناوەنجییەکان، رووبەڕووی مایەپووچی و  نەمان دەبنەوە، دواتر کۆمپانیا گەورەکان قووتیان دەدەن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی کۆمپانیای زەبەلاح و سەنتڕاڵبوونی کەپیتاڵ «سەرمایە»ی لێ دروست دەبێت.


تەنگەژەکانی سیستمی کەپیتالیزمی و هەنگاونان بەرەو سیستمی سۆشیالیستی
بە بڕوای مارکس و ئەنگلس ئەم تەنگەژە ئابوورییەی کە دروست دەبێت، دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەشێکی زۆری کۆمەڵگە ببێتە چینی کرێکار، کە ئەوان دەستەواژەی»پرۆلیتاریالیزەکردنی کۆمەڵگەی بۆ دادەنێن» هەرئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئاستی هەژاری لە ناو کۆمەڵگەدا زۆرتر بێت، چینی کرێکاریش هەژارتر و چەوساوەتر بێت،  بەڵام لە لایەکی ترەوە بەهای مەعنەوی ئەم چینە کۆمەڵایەتییە لەناو کۆمەڵگەدا زیاتر دەبێت.
لەمبارەیەوە مارکس دەڵێت:
«بەردەوامبوونی ئەم رەوشە وا دەکات، کە رێژەی هەژاری لەناو کۆمەڵگەدا زۆرتر بێت، هەژاریی و برسێتیی و چەوسانەوەو کۆیلایەتیش زۆرتر بێت، لەهەمانکاتیشدا فشارەکان زۆرتر دەبن، هەروەها بەهۆی میکانیزمی پرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییەوە، بەشێوەیەکی خۆرسکی، چینی کرێکاران خۆیان رێکدەخەن  و یەکدەگرن. لەلایەکی تریشەوە مۆنۆپۆڵکردنی سەرمایە. دەبێتە مۆدێلیک و شێوازێکی پرۆسەی بەرهەمهێنان و گەشەسەندنی سەرمایداری. سەنتراڵییکردنی هۆکانی بەرهەمهێنان و بەکۆمەڵایەتییکردنی چینی کرێکاران،بەرەو خاڵێک دەڕۆن، کە چیتر بازنەی سەرمایەداری بەرگەی ناگرێت و ئیتر لێرەوە رەوشەکە دەتەقێتەوە. بەمشێوەیەش کاتژمێرەکانی تەمەنی کەپیتالیزم و بۆرجوازییە کەمدەبێتەوەو لەناودەچێت. پاشانیش بە لەناوچوونی سیستمی کەپیتالیزم، کۆمەڵگە بەرەو قۆناغێکی نوێ هەنگاو دەنێت، کە ئەویش سۆشیالیزمە.»  (MEW, Bd. 23, S. 790f.).

رێگەی  شۆڕش لە سۆشیالیزمەوە بۆ کۆمۆنیزم
مارکس و ئەنگلس پێیان وایە گەشەسەندنی ئابووری کەپیتالیزمی کە لەسەر  ژیان و  چەوسانەوە چینی پرۆلیتالیا دروست دەبێت و دواجاریش دروستبوونی تەنگژەی گەورەی ئابووری لێدەکەوێتەوە، کە ئەویش کەپیتالیزم دەخاتە بازنەیەکی داخراو جەهەنەمییەوە کە «بەدەستی خۆی، گۆڕ بۆ خۆی هەڵدەکەنێت»
لەپاش گەشەسەندنی کێشە ئابووریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان  و گەیشتنیان بە لوتکە، تەقینەوە روودەدارو  شۆڕش دروست دەبێت، ئەم شۆڕشەش لەلایەن چینی کرێکارانەوە دەبێت و کۆتایی بە سیستمی بۆرجوازی دەهێنێت  و دەسەڵات دەگرێتە دەست. ئەم شۆڕشەش زەروورەتی دروستبونی» دیکتاتۆری پرۆلیتاریا» دەهێنێتە کایەوە. ئەم دیکتاتۆرییەش کار دەکات بۆئەوەی هەمووجۆرە  چینایەتییەک نەهێڵێت و کۆمەڵگەیەکی یەکسان و بێ چینی کۆمەڵایەتی دروست بکات.
لەپاش گەشەسەندنی ئەم قۆناغە، مارکس و ئەنگلس پێیان  وایە، لەپاش نەمانی سیستمی کەپیتالیزمەوە، هەنگاو دەنرێت بۆئەوەی کۆمەڵگە بەرەو  قۆناغی سۆشیالیزم ببرێت و لە کۆتایشدا سیستمی کۆمۆنیستی دروست بکرێت کە دوایین قۆناغی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی پێکدەهێنێت. 

دواتریش دەڵێن:
لەکاتی گەشەسەندنی ئەم جووڵە مێژووییەدا، دەبێت « دەوڵەت» بکرێتە ئامڕازێک بۆ جێبەجێکردنی سیستمی سۆشیالیزم و دەبێت دەوڵەت بمێنێت، بەڵام کاتێک کۆمەڵگە دەگاتە قۆناغی کۆمۆنیزم، ئیتر ئەوکاتە چیتر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی پێویستی بە بوونی دەوڵەت نامێنێت و لەناودەچێت. « (MEW, Bd. 28, S. 508).

وێنەی کۆمەڵگەی بێ چینایەتی بە بێ نامۆ بوونی مرۆڤ
لە کۆتاییدا و کاتێک گەیشتن بە دوایین قۆناغ و ئامانج و تەواوبوونی ئەم پرۆسەی گەشەسەندنە مێژووییە، خۆی لە کۆمەڵگەی بێ چینایەتی دەبینێتەوە، مارکس و ئەنگلس هیچ وێنەیەکی روونیان لەمبارەیەوە پێشکەش نەکردووە. بەشێوەیەکی گشتی لای ئەوان ئەوەی گرنگە، نەمانی جیاوازی چینایەتی و چیتر هۆکانی بەرهەمهێنانیش لەژێر دەستی چینێک نەبێت و نەکرێتە موڵکی شەخسی هیچ کەسێک. بەشێوەیەکی روون لەمبارەیەوە باس لەبوونی جۆرێک لە بەگشتییکردنی کارگە و کۆمپانیاکان دەکرێت، لەمبارەیەوە باس لە چەمکی «  دروستکردنی کۆمەڵگەیەک دەکەن  کە هۆکانی بەرهەمهێنان بکرێتە موڵکی دەستەجەمعی یان گشتی «
لێرەشەوە جۆرە « ئەنجومەنێکی ئازادی بەرهەمهێنان» دروست دەبێت، کەهەموو تاکەکانی کۆمەڵگە پێکەوە کاردەکەن لەژێرناونیشانی « هەرکەسێک بەپێی توانای خۆی، هەرکەسێک بەپێی پێداویستی خۆی کار بکات.»  ئەمەش دەبێتە یاسایەکی بنەڕەتی کارکردن لەناو کۆمەڵگەدا.
لەم نێوەندەشدا ئیتر کۆتایی بە نەخۆشی «بێگانەبوونی خود یان نامۆبوون» لای مرۆڤەکان  نامێنێت، ئەمەش بەتایبەتی لەپاش نەمانی سیستمی دابەشكردنی کار  و نەمانی سیستمی موڵکداری کەپیتالیزمییەوە. ئیتر لێرەوە مرۆڤەکان جارێکی تر دەتوانن بوون و خودی خۆیان بۆ بگەرێنرێتەوە، هەروەک مارکس و ئەنگلس دەڵێن.

رەخنە لە توانا توندڕەوییەکانی بیری مارکسیزم
لەپاش ئەوەی لەسەرەوە بەشێوەیەکی گشتی دونیابینی و هزرەکانی مارکسیزممان خستە روو، ئێستا  دەبێت چەند رەخنەیەکیش فۆرموولە بکەین و بخەینە روو. دیارە لێرەدا ئێمە دونیابینی و تیۆرییەکانی  مارکس لەرووی زانستی بوون و راستی بوونەوە ناخەیەنە پرسیارەوە، بگرە باس لەو توانا توندڕەوییانە دەکەین، کەئەم تیۆرییە سیاسییە لەگەڵ خۆیدا هەڵیگرتووە.
هەروەها لەلایەکی ترەوە رەخنەشمان هەیە لەو پرۆگنۆسانەی کە مارکس لەبارەی گەشەسەندنی کەپیتالیزمەوە کردوویەتی، کەتاڕادەیەکی تەواو راست دەرنەچووە،  کەئەمەش توانا و تێڕامانەکانی مارکس وەکو پسپۆرێکی ئابووری دەخاتە جێگەی پرسیارەوە، بەڵام لەهەمووشی گرنگتر ئەوەیە، هەموو تیۆری و دونیابینییەکانی مارکس بۆ کۆمەڵگە، دوورن لە هەموو یاساو رێساکانی سیستمی دیموکراسی و کۆمەڵگەیەکی کراوەو پلورالیزمەوە، بگرە بەپێچەوانەوە تەواوی ئەسپێکت و دونیابینینەکانی مارکس، بەرەو دروسبوونی سیسیتمێکی دیکتاتۆریی و توندڕەوانە هەنگاو دەنێن.
هەرچەندە ئێمە پەیوەندییمان بە کەسایەتی شەخسی مارکسەوە نییە، بەڵام ئەوەی ئاشکرایە، کە مارکس خاوەنی کەسایەتییەکی لووتبەرز و زۆر باوەڕی بەخۆی بووەو هیچ کەسێکی تۆلێرانس نەبووەو باوەڕی بە رەخنەگرتن لە تیۆرییەکانی نەبووە. هەروەها  لە ناو بازنەیەکی سیاسیی داخراودا بووەو کەسایەتییەکی « ئۆتۆریتێتی، ملهوڕ» ی هەبووە. بەڵام ئەمانە سیمای کەسایەتیی مارکس بووە، لەو باوەڕەدام هیچ پەیوەندییەکی بە دونیابینی و تیۆرییەکانیەوە نییە و شتێکی زەرووریش نییە.

بەکارهێنانی تیۆری دیالەکتیکی بۆ بڕیاردانی نابەجێ و توندڕەوانە
مارکسیزم تێروانینێکی دیالەکتیکانەی داهێناوەو پێی وایە، کە گەشەسەندن و جووڵەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، لەئەنجامی   جەنگ و ململانێی  بەدرەوامی لایەنە ناکۆکەکانی ناو کۆمەڵگە دروست دەبێت.
گەر کەسێک بیەوێت سوود لەم مەعریفەیە وەربگرێت و شرۆڤە و ئەنالیستی جیاوازی دەستبکەوێت، ئەوا دەبێت ناوەڕۆکی تێزی دیالەکەتیک باشتر تێبگات و گەشەی زیاتر بەو تێزە بدات. بەپێچەوانەی ئەمەوە، ئەوا کار دەکات بۆئەوەی شەرعیەت بدات بە تێڕوانینی نابەجێ و دژبەیەکەکان. ئەمەش بەئاشکرا مارکس لەنامەیەکیدا بۆ ئەنگلس دەیخاتە روو،  کاتێک دەڵێت:
پێدەچێت هەندێكجار من هەست بە ئیحراج بوون بکەم، چونکە زۆرجار هانا بۆ دیالەکتیک دەبەم، بەڵام ئاساییە من تێڕوانینەکانی خۆم وادادەڕێژم، کە زۆرجاریش پێدەچێت لە حاڵەتی دژبەیەکیشدا بن، بەڵام  هەرخۆم لەسەر هەق دەزانم. (MEW, Bd. 29, S. 160f.).
لێرەدا مەسەلەکە پەیوەندی بەهەڵسەنگاندنی راست و دروستەوە نییە بۆ جووڵە و گەشەسەندنی کۆمەڵگەکان، بگرە زیاتر پەیوەندی  بە پاساو هێناوەوە هەیە بۆ تێڕوانین و پێشهاتی ناڕاست و ناتەندروست. هەرئەمەش وایکرد، کە دیکتاتۆرییە کۆمۆنیستەکان کەپاشتر دورست بوون، تیۆری دیالەکتیک بکەنە ئامڕازێک بۆ شەرعیەت دان بە دەسەڵاتی خۆیان.

بەکارهێنانی مەعریفەی « سروشتی راستەقینەی» مرۆڤ
هەمیشە مارکس چ لە سەرەتای توێژینەوە فکرییەکانی یان دواتر کاتێک کە خۆی بەلێکۆڵینەوەی وردی سیستمی ئابووری خەریک کردبوو، هەمیشە باسی لە ئازادبوونی مرۆڤ دەکرد و هەمیشە داوای دەکرد، پێویستە مرۆڤ بگەڕێتەوە بۆ « سروشتی راستەقینەی خۆی». هەروەها هەرخۆشی بوو کە چەمکی « نامۆبوونی مرۆڤ» ی بەکارهێناو داتاشی، بەپێچەوانەشەوە، مارکس هیچ مەعریفەیەکی راستەقینەی لەبارەی دەسەتەواژەی « جەوهەری مرۆڤ» ەوە نەوتووە، بەتایبەتی لەو  کارە زۆرانەی  پاشتریدا، مارکس هیچ زانیارییەکی ووردی لەبارەی ئەم دەستەواژەی « سروشتی هەقیقی» مرۆڤەوە نەخستۆتە روو.
ئەو خۆی بە خاوەنی ئەم مەعریفەیە دەزانێت و بۆ خۆی مۆنۆپۆڵیکردووە، لەکاتێکدا هیچ تێڕوانینێکی وردو هەڵسەنگاندنێکی هەمەلایەن و دروستی بۆ ئەم دەستەواژەیە نەکردووە. لێرەشەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامە کۆتاییەی، کە تەنها چەند ئامانج و تێڕوانینیکی سیاسییانە، گوزارشت لە چەمکی « سروشتی راستەقینەی مرۆڤ» دەکەن. نەبوونی زانیاری تەواو دروست لەبارەی ئەم چەمکە  مەعریفیەوە، وا دەکات کە نەیارانی مارکسیزم، وەکو هەڵگری ئایدۆلۆژیی لاواز  سەیربکرێن و راوبنرێن و بچەوسێنرێنەوە.

دانانی دەسەڵاتێکی تاکڕەو دیکتاتۆر بۆ گواستنەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی ئازاد
ماوەی چەندین ساڵ بوو مارکس و ئەنگلس ئیداعای ئەوەیان دەکرد، کە ئەوان هەڵگری نەمانی دەسەڵاتی دەوڵەتیین، ئەویش لەرێگەی  پرۆسەی گواستنەوەی  کۆمەڵگەکان لە قۆناغی سۆشیالیزمەوە بۆ کۆمۆنیست. کەچی لەهەمانکاتدا، پێویستە بۆ دەستپێکی ئەم قۆناغە، دەوڵەتێکی تاکڕەو ئۆتۆریتێت  و دیکتاتۆر دروست بکرێت، بۆئەوەی کۆتایی بە چینی بۆرجوازی  و کۆمەڵگەی کەپیتالیزمی بهێنێت. لەم قۆناغەشدا دەوڵەت دەبێتە، دەوڵەتێکی ئۆتۆریتێت و توندڕەو تۆقێنەر و سیستم و  دەسەڵاتێکی ناوەندی توند پێڕەو دەکات.
ئەم رەخنەیەش هەرزوو لەلایەن ئەنارشیستە هاوڕێکانی، لە مارکس گیرا بەتایبەتی لە یەکێکی وەکو " میشێل باکۆنین" چونکە ئەوان پێیان وابوو، کە مارکس کەسێکی تاکڕەو کۆمۆنیستێکی سەنتڕاڵیستە، واتە هەموو دەسەڵاتێک لە ناوەندێکدا کۆ دەکاتەوە کە خۆی بەسەریدا زاڵە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی حوکمێکی دیکتاتۆری و ستەمکار، کە دەیەوێت کۆمەڵگەیەکی یەکسان دروست بکات. هەربۆیە پاشتر مارکس رێکخراوی " ئەنتەرناسیۆنالی کرێکارانی" کردە دەوڵەتێکی دیسیپلینی توند  و تەواوی دەسەڵاتەکانی بۆ خۆی قۆرخ کرد. هەربۆیە زۆرێک لە دەوڵەتە کۆمۆنیستەکان کە پاشتر لەسەدەی بیستەمدا دروست بوون،  ئەم رەخنەیەی ئانارشیستەکانی سەلماند، چونکە ئەوان" واتە دەوڵەتە کۆمۆنیستەکان"  مارکسیان وەکو پێخەمبەرێک سەیر دەکرد.

زانیاری تەواو لەبارەی چۆنێتی دروستکردنی دەوڵەتێکی دیکتاتۆریی و تۆقێنەر
لەناو کارەکانی مارکس و ئەنگلسدا لە زۆر شوێندا بەئاشكرا و بەعەلەنی  داوای دروستبوونی دەوڵەتێکی دیکتاتۆری و ستەمکارو تۆقێنەر دەکەن. بۆ نموونە  لە شوێنێکدا دەڵێن:
  پێویستە کرێکار، لەتەواوی کۆماری ئەڵمانیادا، داوای تەواوی دەسەڵاتەکان بکەن و  دەسەڵاتێکی ناوەندی تۆکمە دروست بکەن. چیتریش نابێت خۆیان بەو قسەو دروشـانەوە بخەڵەتێنن کەباس  لە دیموکراسی و  کۆمەڵگەی ئازاد و  خۆبەرێوەبردن و ئەمجۆرە شتانە دەکات. (MEW, Bd. 7, S. 252).
یان لە شوێنێکی  تردا دەڵێن:
دەوڵەت  تەنها دەزگایەکی کاتییە، کە مرۆڤ بەکاریدەهێنێت بۆ خەبات و خزمەتی شۆڕش دەکات، بۆئەوەی بەوپەڕی بێرەحمییەوە، نەیارانی شۆڕش لەناوبەرێت. لەبەرئەوە ئەمە قسەی قۆرە ئەوانەی کە باس لە دەوڵەتێکی ئازاد دەکەن. پرۆلیتاریا دەوڵەتی  پێویستی نییە بۆ  بەرژەوەندیی و ئامانجی ئازادی، بەڵکە بۆ لەناوبردنی نەیارانی.) (MEW, Bd. 34, S. 129
بەکورتی: لەکاتێکدا کە ئەوان باسیان لەوە دەکرد کە مەزهەبی ئەوان، مەزهەبێکی تاکو تەنیا و  هەقیقییە، ئەوا دەبێت مرۆڤ چاوەڕوانی ئەم جۆرە  دەرئەنجامە خراپانەشیان لێبکات و شتێکی ئاسایی بێت بەلامانەوە.

جەختکردنەوە لەسەر ئابووریی و فەرامۆشکردنی پلورالیزم
مارکس لە قۆناغی ناوەڕاستی تەمەنیدا، کاری جددی دەکرد بۆ توێژینەوەو لێکۆڵینەوە لەبارەی یاسا بنەڕەتییەکانی سیستمی سەرمایەداری. لەوکاتەوە جەختی تەواوەتی لەسەر ئابووری کردەوەو هەر لەو کاتەشەوە گەیشتە ئەوەی کە گرنگی مرۆڤ بە شوێنی لە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوە بەستراوەتەوە، ئەمەش زیاتر بەپشت بەستن بە مۆدێل و تیۆری " ژێرخان و سەرخانی " ئابوورییەوە هەیە.
تەواوی بیرکردنەوەی بەپلەی یەکەم جەختی لە هەلوومەرجە ماتریالەکانی دەوروبەری مرۆڤ دەکردەوە. دیارە هەرلەوکاتەوە تێڕوانین و پێشبینییەکانی مارکس هەڵە دەرچوون، چونکە گەر بەو بۆچوونانەی مارکس بوایە، دەبوایە کرێکاران بەرێژەیەکی زۆر و هەموومیان ببنە کۆمۆنیست و هەڵگری بیری کۆمۆنیستی بونایە و خۆیان لە رێکخراوە کۆمۆنیستەکاندا ئۆرگانیزە بکردایە، بەڵام ئەمە وا دەرنەچوو.
مارکس هەڵگری ئەم تێڕوانینە بوو " واتە کە کرێکاران دەبنە کۆمۆنیست.و.ک" چ  پێش  و چ لەکاتی شۆڕشدا. لەم دیدگایەوە، پرۆلیتاریا کە زۆرینەی کۆمەڵگە پێکدەهێنێت، تەنها هەڵگری ناسنامەی کۆمەڵایەتیەتی، بەڵام لەراستیدا ئەوان " واتە پرۆلیتاریا" تەنها هەڵگری ئەم ناسنامە و ئینتامایە نین، بگرە ئەوان ئینتمای ئێتنی و کەلتوریی و  سیاسی تایبەت بەخۆشیان هەیە.  ئەم دیدگایەش رووبەروی هەڵەیەکی گەورە بۆوە، چونکە مرۆڤ تەنها ئینتمایەکی ئابووریی نییە. هەروەها ئەم دیدگایە هەموو تێڕوانین و دیدگایەکی جیاواز بەخۆی رەت دەکاتەوەو دژی کۆمەڵگەیەکی پلورالیزمە. 

کەسایەتی تاک  و ئینتمای کۆمەڵایەتی 
ئەم دیدگا فکرییە پەیوەندییەکی توند و تۆکمەی بەوەوە هەیە، کە بۆچوونی پیشوەختی لەبارەی  ئینتمای کۆمەڵایەتییەوە هەیە، کە جۆرە تەجانوسێکی بە هەژموونی سیاسی مرۆڤەکان و  ناسنامەی  سەرانی سیاسی وڵاتەوە هەیە. لەلایەکی ترەوە گەر باوەڕ بەو لۆژیک و ئەرگومێنتە رەهایە بکەین، کە دەبێت هەموو مرۆڤەکان لەرووی کۆمەڵایەتییەوە یەکسان ببن، ئەوا هیچ هۆیەک نامێنێتەوە بۆ بوونی جیاواز.

مارکس و ئەنگلس پێیان وایە، گەر هۆیەکانی بەرهەمهێنان سۆشیالیزە بکرێن، ئەوە نەک تەنها  مەرجێکی گرنگە، بەڵکە تەنها ئەوە بەسە بۆئەوەی بتوانین کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستی دروست بکەین.  لێ ئەوان نەیانزانی کە جیاوازی لە نێوان مرۆڤەکان تەنها لەسەر هۆکاری ئابووریی دروست نابێت، بگرە هۆکاری تریش هەیە، بۆ نموونە جیاوازی ئێتنی، هەوڵدان بۆ گەیشتن بەدەسەڵات، تێڕوانین و  جیاوازی کەلتوری.
لەبەرئەوە لە دەوڵەتە سۆشیالیستەکاندا کاتێک هەر کێشەیەک پەیوەندی بە سەرخانی ئابووریەوە هەبووایە" بوونی کێشەی ئێتنیی و  نەتەوەیی و ئایینی و کەلتوریی و فەرهەنگی جیاواز.وک" ئەوا یەکسەر وەڵام و رێوشوێنی توندیان هەبوو بۆ ئەم کێشانە. هەربۆیە هەر لادانێک لەسیستمی سۆشیالیستیدا، مانای خیانەت  بوو لە ئیرادەی گەل و نیشتمان و ئەو کەسە بە خائین و خۆفرۆش وەسف دەکرا.

باوەڕبوونی بە تێزی حەتمیەتی مێژوویی بۆ سۆشیالیزم
یەکێک لەسەنتەرەکانی بیرکردنەوەی هزری مارکسیزم باوەڕبوونە بە ماتڕیالیزمی مێژوویی، کە ئەویش پێی وایە، کە گەشەسەندنی کۆمەڵگەکان بەچەند قۆناغێکدا تێپەڕییوە، سەرەتا قۆناغی کۆیلایەتی، پاشان قۆناغی فیۆدالیزم، ئینجا کەپیتالیزم و دواتر سۆشیالیزم و دوایین قۆناغیش کۆمۆنیستە.
مارکس و ئەنگلس پێیان وایە، ئەو جیاوازییە ریشەییە کە لە نێوان تواناکانی بەرهەمهێنان" کە سەرمایە‌ی ئابووریی و تەکەنەلۆژییەکان" لە خۆدەگرێت، لەگەڵ هەلومەرجەکانی بەرهەمهێنان" مەبەست لێی پەیوەندی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکانە بە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوە.و.ک" ئەمانە بەشێوەیەکی دینامیکی، کۆمەڵگەکان لەپاش رێگایەکی دوور و مێژوویی، دەگەنە دوایین قۆناغی کۆمەڵایەتی کە ئەویش قۆناغی دورستکردنی کۆمەڵگەیە لەسەر سیستمی  کۆمۆنیزم، ئەمەش  هەقیقیەتێک و زەرورەتێکی مێژووییە.
بەمشێوەیە ئەوان گەیشتنە دەرئەنجامێکی وا، کە دەتوانین ناوی بنێین " یاسای مێژوو" یان " هەستی مێژوویی" ئەوجۆرە تێگەیشتنەش وا لە مرۆڤەکان دەکات، کە کارو چالاکییەکانی، پێش وەخت دیاری بکات و   بیزانێت.
کێشەکەش لێرەدا تەنها پەیوەندی بە میتۆدی هەڵەوە نییە، بگرە زیاتر کێشەکە لەوەدایە، کە تەنها  باوەڕت بە بۆچوونی خۆت هەبێت و پێتوابێت لەبارەی پرۆسێسی مێژووەوە،هەقیقیەت لای تۆیە. 

پیشاندانی مارکسیزم وەکو مەزهەبێکی رزگارکەری مرۆڤایەتی
زۆر نین ئەوانەی کە رەخنەی ئەوە لە مارکسیزم دەگرن و پێیان وایە، کە مارکسیزم سیمایەکی ئایینی لە خۆگرتووە، بەڵام لە رووی فۆرم و  ناوەڕۆکەوە لە ئایین جیاوازە، چونکە دونیابینی و تێڕوانینەکانی مارکس و ئەنگلس، تیۆرییەکی عیلمانی بووە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە هەندێک شوێندا، چەند سیمایەکی ئاینیانەی پێوە دیارە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە پێشبینییەکانەوە هەیە، لەوانە باوەڕبوون بە نەمانی موڵکداری شەخسی  هۆکانی بەرهەمهێنان و پاشتریش دروستکردنی کۆمەڵگەی سۆشیالیزم، ئەم دووانە وەکو رێگەی " رزگاربوون، خەلاص"  پیشانی مرۆڤایەتی دەدرێت.
هەروەها دەستنووسەکانی مارکس، وەکو هیوا و فەرموودەی پێخەمبەرانە سەیر دەکران، نەک تەنها بۆ ئەنالیزەکردن و توێژینەوە لەسەر سیستمی کەپیتالیزمی، بەڵكە وەکو رێگاپیشاندەرێکی باش و نەگۆڕیش بۆ سەرهەڵدانی شۆڕش و  گەیشتن بە کۆمۆنیزم.

لەلایەکی ترەوە هەمیشە و بە بەردەوامی، لەبیرکردنەوەو تێڕوانینەکانیدا، لایەنی ئایدۆلۆژی زاڵبوو بەسەر لایەنی زانستیدا. لەهەمانکاتدا مارکس بەناوی زانستی بوونی میتۆدەکەیەوە، پێی وابوو کە ئەمە راسترین جۆری بیرکردنەوەیە بۆ ئەنالیزەکردن و توێژینەوە لەسەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، هەروەها ئەوانەشی کە دژی ئەو بیریان دەکردەوە، تۆمەتی نازانستی و نالۆژیکی بوونی بیرکردنەوەکانی دەخستنە پاڵ.

دوایین قسە و دەرئەنجامی کۆتایی 
بەدڵنیاییەوە نابێت هزری مارکسیزم تەنها لە توانا سیاسییە رادیکاڵەکانی کورت بکەیەنەوە، هەروەها کاتێک سەیری ئەو ململانێ و شۆڕشە کۆمەڵایەتییانە بکەین کە لە مێژوودا روویانداوە، شرۆڤە سیاسییەکانی  گرنگی خۆیان هەیە.
لەلایەکی تریشەوە هەرچەندە   توێژینەوەکانی مارکس بۆ سیستمی کەپیتالیزم، چەند هەڵەیەکی تێدایە، بەڵام مارکسیزم باسی کاریگەرییە خراپەکانی سیستمی کەپیتالیزمی کردووە کە لە  ئێستادا لە شێوەی  گلۆبالیزمدا خۆی دەبینێتەوە، کە بۆتە هۆی دروستبوونی تەنگەژەی ئابووری گەورە، کە مرۆڤایەتی بەرەو هەژاریی و بەدبەختی دەکات. هەربۆیە ناتوانین بەشێوەیەکی گشتگیرانە، تەواوی تێزەکانی مارکس و ئەنگلس رەتبکەینەوە.
خاڵێکی گرنگی تر ئەوەیە، مارکسیزم لەیەک کاتدا راستە سۆنگەیەکی ئایدۆلۆژی هەیە، بەڵام سیمایەکی زانستشیانەشی هەیە. بەڵام زۆرجار کۆمۆنیستەکان رەگەزی بابەتی بوونیان بەکاردەهێنا، تاوەکو شەرعیەت بددەنە بۆچوونە سیاسییەکانیان بەتایبەتی لەبارەی چالاکی  و رەوایی سیستمەکەیانەوە.
لەلایەکی ترەوە دونیابینی و تێزەکانی مارکسیزم، دەبێتە رەگەزێکی بنەڕەتی  بۆ بزووتنەوە توندڕەوەکان و سیستمە دیکتاتۆرییەکان، بەشێوەیەک چ لە رووی فۆرم یان ناوەڕۆکەوە، دەبنە تەواوکەری یەکتری.


*Prof. Dr. Armin Pfahl-Traughber،  پرۆڤیسۆر.دکتۆر. ئارمین پفاڵ ترواگبێر. کۆمەڵناس و پسپۆرێکی سیاسییە، وەکو مامۆستا لەزانکۆکانی کۆڵن و بۆن،وانە دەڵێتەوە. 

سەرچاوە:
Der Marxismus zwischen Ideologie und Wissenschaft.www.bpb.de. Prof. Dr. Armin Pfahl-Traughber 



بەپەلە