کازمی لەبەردەم چارەنوسێکی نادیاردا
ئەو سەرۆک وەزیرانەى قوربانى ململانێیە ناوخۆیی و دەرەکییەکانە

عیراق

30/05/2021‌ 1391 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کە دوای شکستهێنانی دوو کاندید بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، ساڵیک بەر لە ئێستا بووە سێیەم کاندید و کۆدەنگی زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی لەسەر بوو، لە وێنە سەرەتاییەکەیدا وادەرکەوت دەیەوێت وڵات لە لێواری ئەو خەرەندە دوربخاتەوە، کە وەختبوو عێراقی تێدەکەوت.

کازمی پێش وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی بوو، نهێنیی و ئاڵنگارییەکانی عێراقی بە وردی دەزانی، جیاواز لەسەرۆک وەزیرەکانی پێشووش، کازمی لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا مەکینەیەکی گەورەی ڕاگەیاندن وێنەی ئەویان وەک فریادڕەسەکەی عێراق نیشاندەدا، بەڵام ڕووداوەکانی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوو نیشانیدا کازمی هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ سەرۆک وەزیرەکانی پێش خۆیدا نییە، ئەگەر خراپتریش نەبوبێت.

کۆتایی هەفتەی ڕابردو بەغدا چەند ڕۆژێکی نائاسایی بەڕێکرد، هەمووان بینەری ئەو دیمەنانە بووین کە حەشدی شەعبی بە هێزێکی زۆرەوە چوونە ناوچەی سەوزی شاری بەغدا و گەمارۆی ماڵی مستەفا کازمیان دا، تەنانەت هەڕەشەی کوشتنیان لێکرد، هۆکارەکەشی ئەوەبوو "قاسم موسڵیح" فەرماندەی حەشدی شەعبی بە تۆمەتی کوشتنی ئەیهاب وەزنی، چالاکوانی دیاری عێراق دەستگیرکرابوو..

ڕووداوەکانی بەغدا بەشێوەیەک هەڵکشان سوپای عێراق تانک و زرێپۆشی لەشارەکە بڵاوەپێکرد، سەرکردە عێراقیەکانیش وەک هادی عامری و فالح فەیاز گەیشتنە لای کازمی بۆئەوەی بەپەلە قاسم موسڵیح ئازاد بکات و دۆخەکە لەدەست دەرنەچێت.

گرێی کازمی لەگەڵ حەشدی شەعبی، گرێیەکە لە سەرەتای کابینەکەیەوە بەردەوامە، بەو ڕووداوەی موسڵیحەوە ئەوە سێیەمینجارە حەشدی شەعبی شکۆی کازمی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەشکێنن و دەچنە ناوچەی سەوز و لەشاری بەغدا نمایشی سەربازیی دەکەن.

تەنیا دوو مانگ لەدوای دەستبەکاربوونی کازمی لە پۆستی سەرۆک وەزیران، کاتێک بڕیاریدا هێزێکی ڕاهێندراو بنێرێتە ئەو ناوچانەی گومانی هاویشتنی موشەکیان لێوەدەکرێت بۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا و ناوچەی سەوز، هەر ئەو کاتە کەتائیبی حزبووڵای عێراقی بەهێزێکی زۆرەوە نمایشێکی سەربازییان لەشەقامەکانی بەغدا دژی کازمی کرد و بۆ یەکەم جار بە کازمییان وت کەی وسیتمان لەسەر کارێک بێت گوێ نادەینە پێگەو پلەو پۆستەکەت و دژت دەوەستینەوە.

جارێکی تر و دوای شەش مانگ لە دەستبەکاربوونی کازمی و چوار مانگ لە ڕووداوی یەکەم دوای دەستگیرکردنی ئەندامێکی عەسائیبی ئەهلی حەق دیسانەوە حەشدی شەعبی هێزی بە ناوشاردا بڵاوکردوەو هەڕەشەی توندیان لە کازمی کرد و ناچاریان کرد پەشیمان بێتەوە لە بڕیارەکەی.

ئەگەر چی ئەمریکا وتی بە هێزپشتیوانی کازمی دەکەین بەڵام هەڕەشەو نمایشەکانی حەشدی شەعبی بەردەوام بوون.

ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، ڕاگەیاندنکاری دیاری عێراق و وتەبێژی پێشووی کازمی کە هاوڕێی ١٥ ساڵەی کارکردنیەتی.. لە نوێترین پەیامیدا بۆ کازمی دەڵێت "هیچ جیاوازییەکت لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی نییە، هەردووکتان هیچتان پێناکرێت و لەدەرەوەی ئێوە کەسانێکی تر عێراق بەڕێوەدەبەن".. تەڵاڵ بە کازمی دەڵێت "بڕۆ..... سەروەرییەک بۆ خۆت تۆمارکە و وازبهێنە. لەوانەیە ئەمە باشترین ئامۆژگاری هاورێیەک بێت بۆ هاورێیەکی کە لە نزیکەوە لە بارودۆخی تێدەگات و دەزانێت ڕوداوەکان چۆن ئاراستە دەکرێن.

کازمی لە چەند ڕۆژی رابردودا هەڕەشەی ئەوەی کردوە کە ئەگەر فشارەکان بەردەوام بن لەسەری ئەوا لە شاشەی میدیاکانەوە هەموو شتێک ئاشکرا دەکات و دەستلەکاردەکێشێتەوە، ڕەنگە ئەمە جگە لە هەڕەشەی کەسێکی بێدەسەڵات هیچی تر نەبێت بۆ خۆ دەربازکردن.

نزیکەی چوار مانگی دیکە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بەڕێوەدەچێت، کازمی لەلایەن هێزە سیاسییەکانەوە بەتایبەت ڕەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر، ناچارکراوە لیست دروستنەکات و بەشداریی لەو هەڵبژاردنەدا نەکات، ئەوەش گورزێکی دیکەیە لە کازمی و هێشتا دیارنییە ویلایەتی دووەمی وەردەگرێتەوە یاخود نا..

لەپاش رووداوەکەی ڕۆژی چوارشەممە کازمی پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هەوڵێک هەیە بۆ شکاندنی شکۆی دەوڵەت، بەڵام هەرزوو هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح وەڵامیدایەوە و ڕایگەیاند "ئەوە تۆیت دەتەوێت شکۆی دەوڵەت بشکێنی ئەگەر نا دەوڵەت بۆ خۆی خاوەنی شکۆی خۆیەتی."

تیرۆرکردنی چالاکوانان و کەسایەتییە دیارەکانی عێراق لەماوەی دەسەڵاتی کازمیدا بەرۆکی ناوبراوی گرتووە، دیارترین ڕووداویش تیرۆرکردنی هیشام هاشمی شارەزای گروپە توندڕەوەکان بوو، کە هاوڕێی خودی کازمی بوو، هەرچەندە لیژنەی لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە گەیشتە ئاستی زانینی بکەرانی پشت ئەو ڕووداوە، بەڵام کازمی نەیتوانی ناوی تێوەگلاوان ئاشکرابکات.

لەگەڵ دەستبەکاربوونی کازمی بازنەی هێرشەکانی حەشدی شەعبی بۆسەر ئەمریکا سنووری بەغدای بڕی و ئەمجارە موشەکبارانەکان هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، کازمیش جگە لە درەوستکردنی لیژنە هیچی تری لە دەستنەهاتوە."...

چاودێرانی سیاسی پێیانوایە ئەگەر حەشدی شەعبی و گەندەڵییە فراوانەکەی عێراق سەری کازمی نەخۆن، ئەوا تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانی عێراق و کوشتنی خۆپیشاندەران، بەمزووانە ئەو تاڵاوە بە کازمی دەچێژێت، کە پێش ئەو عەبدولمەهدی چەشتی و ئێستا لە هێچ شوێنێک ناوی نەماوە.