دەرمانی چارەسەری قەڵەوی لەئەمەریکا رەزامەندی وەرگرت

تەندروستی

06/06/2021‌ 588 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئیدارەی دەرمان و خۆراکیی ئەمەریکی رەزامەندی لەسەر بەکارهێنانی دەرمانێکی نوێ بۆچارەسەرکردنی قەڵەویدا کە لەماوەی تاقیکردنەوە کلینیکییەکاندا کاریگەرییەکەی لەچارەسەرکردنی ئەو کەسانەدا بەدیار کەوتووە کە پێیان دراوە.

دەرمانەکە کە ناوی "ویگۆفی"یە و لەلایەن کۆمپانیای " Novo Nordisk" ەوە پەرەی پێدراوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەسانە بەکاردەهێنرێت کە بەدەست قەڵەوییەوە دەناڵێنن، کەبەقسەی دەزگاکانی راگەیاندن، دەرمانەکە یەکەم دەرمانی لەو جۆرەیە کە بۆچارەسەری ئەو جۆرە حاڵەتانە بەکاردەهێنرێت.

باس لەوەکراوە لە دەرمانەکە یارمەتی کۆنترۆڵکردنی زێدە کێش لای ئەو کەسە پێگەیشتووانە دەدات کە بەدەست قەڵەوییەوە دەناڵێنن، یان ئەوانەی بەدەست کێشی زیادەوە دەناڵێنن و هاوکات دۆخی تەندوروستیی لەشێوەی نەخۆشیی شەکرەیان لەگەڵدایە.

دەرمانەکە لەکاتی پەیرەوکردنی سیستەمێکی خۆراکیی کە ڕێژەیەکی کەمی کالۆریی و سیستەمێکی وەرزشی کارای تێدابێت، کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت، دەرمانەکەش هەفتانە یەک جار بەشێوەیەکی دەرزی ژێر پێست لەکەسەکە دەدرێت.

بەگوێرەی ئیدارەی دەرمان و خۆراکیی ئەمەریکی، دەرمانەکە پشت بە ماددەی " سیماگلۆتاید" دەبەستێت کە ئەو دەرمانانەیان لێدرووست دەکرێت کە بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەم بەکاردەهێنرێت.

ماددەکە کار لەسەر رێکخستنی هەستکردن بە برسێتی و پرۆسەی میتاپۆلیسم (زیندەپاڵ) دەکات، جگە لەوەی ماددەکە کار لەسەر بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی ئەنسۆلین لای تووشبووانی نەخۆشیی شەکرە دەدات، ئەمەش یارمەتیان دەدات کۆنترۆڵی ئاستی شەکری ناو خوێنیان بکەن.

قەڵەویی و کێشی زیادە یەکێکە لە کێشە تەندرووستییە مەترسیدارەکانی ئەم سەردەمە و هۆکارە بۆ درووستبوونی چەندین نەخۆشیی تر، لەوانە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن، سەکتەی مێشک و نەخۆشیی شەکرە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی